لە کوردستان، مرۆڤ بووەتە هەرزانترین ژمارە…
لە کوردستان، مرۆڤ بووەتە هەرزانترین ژمارە. گەیشتووینەتە قۆناغێک کە تێیدا ژیان و مردنمان بەندە بەوەی “کێمان لە پشتە؟”. ئەگەر حزبی نەبیت، ئەگەر سەر بە دەستە و تاقمە سیاسییەکان نەبیت، تەنانەت لەناو جەرگەی ماڵەکەشتدا پارێزراو نیت. ئەم واقیعە تاڵە زێدەڕۆیی نییە، بەڵکو چیرۆکی ئەو خێزانانەیە کە بە ڕۆژی ڕووناک دەگیرێن، لێیان دەدرێت و لەسەر کارەکانیان فەسڵ دەکرێن، بێ ئەوەی کەس بپرسێت “بۆچی و لەسەر چ هەقێک؟”.
ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین، کە تیایدا “ماڵت لە کوێیە؟” تەنها بۆ ئەوانەیە کە پۆستاڵ و تفەنگی حزبییان لەپشتە. بۆ خەڵکە ئاساییەکە، تەنها سۆشیال میدیا دەمێنێتەوە، کە ئەویش خوێنی مەزڵووم و زوڵملێکراو تەنها دەکاتە کەرەستەی “لایک و ڤیو”؛ی پەیجە زۆر و زەوەندەکانی حزب و سێبەرەکانیان، ئیدی دوای دوو ڕۆژ کە ترێندەکە نەما، ناوت دەچێتە زبڵدانی لەبیرچوونەوە و کەس ئاوڕ لە برینەکانت ناداتەوە.
ئەم بێئومێدییە گەیشتووەتە پیرۆزترین شوێن کە نەخۆشخانەیە. کاتێک دەبینین بریندار لەبەر دەرگا وەرناگیرێت، یان پزیشکێک لەبری ئەوەی فریادڕەس بێت، بە بێڕێزی و بێباکی بەرامبەر ئازاری خەڵک دەوەستێتەوە، وەک ئەوەی لە ڕەفتاری (دکتۆرە عەتیە) و هاوشێوەکانیدا دەبینرێت، ئیتر تێدەگەین کە سیستەمی ئەخلاقیی ئەم کۆمەڵگەیە چۆن هەرەسی هێناوە. لێرە ڕۆژنامەنووس دەفڕێندرێت، باوک لەبەرچاوی منداڵەکانیدا لە ناو سەیارەکەی دەسووتێنرێت، و پزیشک و کارمەند لەسەر ئەرکەکانیان تیرۆر دەکرێن، کەچی بکوژ و تاوانبارەکان پارێزراون.
خۆشویستنی کوردستان لای ئێمە بووەتە ئازارێکی بێکۆتایی؛ نیشتمانێکمان خۆش دەوێت، کە تێیدا شکۆی مرۆڤ بووەتە قوربانیی بەرژەوەندیی حزبی و نمایشە بێماناکانی فەیسبووک و سۆشیال میدیا، بۆیە کاتێک مرۆڤایەتی لە دەست دەدەین، ئیدی خاک و نیشتمان چ مانایەکی دەمێنێت؟ بۆ سەلماندنی هەموو ئەم ڕاستییە تاڵانەش، پێویست بە گەڕان ناکات؛ نموونەی زیندوو خۆمانین!
ئیڤان مامەند…









