کارنامەی عەلی زەیدی بۆ کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بڵاوکرایەوە

کارنامەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق بڵاوکرایەوە کە ئەمڕۆ رادەستی سەرۆکی پەرلەمان کرا. 

دەقی کارنامەکە

تەوەرەی یەکەم: بەهێزکردنی سەروەری دەوڵەت و ئاسایشی نیشتمانی

کورتکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت و چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا.

بەهێزکردنی تواناکانی دەزگا ئەمنییەکان، هەواڵگری و سەربازییەکان، و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی پڕچەککردن.

پەرەپێدانی تواناکانی ئەندامانی حەشدی شەعبی بە جۆرێک کە توانای شەڕکردنیان بەهێز بکات و دیاریکردنی بەرپرسیارێتی و ئەرکەکانیان لەناو سیستمی ئەمنیدا بەپێی یاسا.

یەکخستنی بڕیاری ئەمنی و بەستنەوەی هەموو سەرچاوە و تواناکان بە سیستمی فەرمی دەوڵەتەوە.

بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تاوانی ڕێکخراو و وشککردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی داراییان.

بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان و پەرەپێدانی سیستمی چاودێری بەپێی تەکنەلۆژیای سەردەم.

چەسپاندنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و دادپەروەری سزایی و پشتگیریکردنی ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندنی ئازاد.

تەوەری دووەم: سیاسەتی دەرەوە

دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوخۆیی و ڕاکێشانی وەبەرهێنان.

بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی کاریگەر و دروستکردنی پەیوەندی تایبەت لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و وڵاتانی دراوسێ، هەروەها کارکردن لەسەر پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان”.

ڕێگەنەدان بەوەی عێراق ببێتە شوێنێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی تر و ڕێگەنەدان بە دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆدا.

کاراکردنی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بەرزکردنەوەی بەهای پاسپۆرتی عێراقی.

بەهێزکردنی پێگەی عێراق لە ناوەندە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکاندا.

کورتکردنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تەنها لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییە دیپلۆماسییەکانەوە.

تەوەری سێیەم: چاکسازی ئابووری و دارایی

بونیادنانی ئابوورییەکی نیشتمانی هەمەجۆر کە کەمتر پشت بە نەوت ببەستێت.

پەیڕەوکردنی پرۆگرامی دیسپلینی دارایی و ڕێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکان و دیجیتاڵکردنی کۆکردنەوەی باج.

خێراکردنی پرۆسەی چاکسازی لە کەرتی بانکیدا بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە.

بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و ڕێگریکردن لە قۆرخکاری.

چاکسازی لە کۆمپانیا حکومییەکان لە ڕێگەی شەراکەت لەگەڵ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە.

کاراکردنی “پەنجەرەی یەکگرتوو” بۆ ئاسانکاری وەبەرهێنان.

دابینکردنی پاراستنی ئەمنی بۆ کۆمپانیا بیانییە وەبەرهێنەرەکان، بەتایبەتی کۆمپانیا گەورەکانی نەوت.

دامەزراندنی “ئەنجومەنی باڵای سەقامگیری دارایی و نەختینەیی”.

دامەزراندنی “ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان”.

دامەزراندنی “سندوقی نەوەکان” بۆ پاراستنی مافی نەوەکانی داهاتوو لە سامانی سروشتیدا.

تەوەری چوارەم: وزە (کارەبا و نەوت و گاز)

یەکەم: کارەبا: چاکسازی گشتی لە کەرتەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت لە دابەشکردنی کارەبا، و وەرچەرخان بەرەو وزەی نوێبووەوە و تۆرە زیرەکەکان.

دووەم: نەوت و گاز: تەواوکردنی پڕۆژەکانی گازی هاوەڵ بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردن، کارکردن بۆ پەسەندکردنی “یاسای نەوت و گاز”، و زیادکردنی توانای پاڵاوگەکان بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی لە سووتەمەنیدا.

تەوەری پێنجەم: پیشەسازی

چاکسازی لە یاساکانی پیشەسازیدا بۆ زیادکردنی بەشداری ئەم کەرتە لە داهاتی نیشتمانی.

پشتگیریکردنی پیشەسازییە ستراتیژییەکان (خۆراک، دەرمان، کەرەستەی بونیادنان).

کاراکردنی سندوقی پاڵپشتی هەناردەکردن و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی.

تەوەری شەشەم: کشتوکاڵ و ئاو

بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم لە ئاودێری و کشتوکاڵدا.

بەستنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەی ئاو بۆ دابینکردنی مافی ئاوی عێراق.

پەرەپێدانی سامانی ئاژەڵ و هاندانی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا.

تەوەری حەوتەم: حوکمڕانی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی

بونیادنانی بەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ چاکسازی دامەزراوەیی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی.

گۆڕینی دامودەزگاکان بۆ سیستمی دیجیتاڵی بۆ کەمکردنەوەی بیرۆکراسی.

بەهێزکردنی نامەرکەزییەتی کارگێڕی و دارایی بۆ پارێزگاکان.

تەوەری هەشتەم: پەروەردە و خوێندن

بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندنی حکومی و ئەهلی.

بەردەوامبوون لە دروستکردنی قوتابخانەکان (لە ڕێگەی سندوقی عێراق-چین).

ناردنی قوتابیان بۆ دەرەوەی وڵات لە پسپۆڕییە پێویستەکاندا و پشتیوانیکردنی توێژینەوەی زانستی.

تەوەری نۆیەم: تەندروستی

باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و گەیاندنیان بە ناوچە دوورەدەستەکان.

فراوانکردنی سیستمی دڵنیایی تەندروستی (التأمين الصحي).

تەواوکردنی پڕۆژەی نەخۆشخانە پەککەوتووەکان و پەرەپێدانی پیشەسازی دەرمانی ناوخۆیی.

تەوەری دەیەم: پاراستنی کۆمەڵایەتی و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری

چاکسازی لە یاسای کار و بەرزکردنەوەی کارایی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی.

گۆڕینی سوودمەندان لە وەرگری هاوکارییەوە بۆ خاوەنکار لە ڕێگەی پشتگیریکردنی پڕۆژە بچووکەکان.

تەوەری یازدەیەم: پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیا

دەسپێکردنی ستراتیژی نیشتمانی بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵی.

دەسپێکردنی پڕۆژەی مۆڵەتی نیشتمانی بۆ مۆبایل (الرخصة الوطنية للهاتف النقال).

بەهێزکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی (Cybersecurity).

تەوەری دوازدەیەم: مافی مرۆڤ و ئافرەت و منداڵ

پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و نەهێشتنی جیاکاری.

دەرکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و بەهێزکردنی ڕۆڵی ئافرەت لە ناوەندەکانی بڕیاردا.

تەوەری سێزدەیەم: گەنجان و وەرزش

پشتگیریکردنی هەڵبژاردە نیشتمانییەکان و دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان.

کاراکردنی سەنتەرەکانی گەنجان بۆ پەرەپێدانی بەهرەکانیان.

تەوەری چواردەیەم: ڕۆشنبیری و گەشتیاری و شوێنەوار

پاراستنی ناسنامەی شارستانی عێراق و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی شوێنەوارە دزراوەکان.

پەرەپێدانی گەشتیاری وەک سەرچاوەیەکی داهات بۆ بودجە.

بنەماکانی جێبەجێکردن:

ئەم کارنامەیە وەک بەڵێنێکی نیشتمانییە لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەران.

حکومەت بەرنامەیەکی ورد بۆ هەموو وەزارەتەکان و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان دادەڕێژێت.

جێبەجێکردنی ئەم تەوەرانە بەستراوەتەوە بە دابینکردنی بودجەی پێویست لە یاسای بودجەی گشتیدا.