شارەزایەكی كەشناسی: شەپۆلێکی نوێی تەرزە و بارانبارین و هەورەبرووسكە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

شارەزایەكی كەشناسی ئاماژە بەوە دەدات، دۆخێکی ناجێگیری کەشوهەوا لەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دروست دەبێت، تەرزە و باران دەبارن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/2/2026، ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی، لەبارەی كەشوهەوای ڕۆژانی داهاتوو، ڕایگەیاند: “لە ئەنجامی کاریگەریی بەردەوامی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و ناوەڕاست لەسەر ناوچەکە، سبەی هەینی، 6/2/2026، لە کاتەکانی شەودا جارێکی دیکە دۆخێکی ناجێگیری کەشوهەوا لەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دروست دەبێتەوە، هەورەبرووسکە و تاوەباران و تەرزە دەست پێدەکاتەوە، سەرەتاش لە ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیانەوە و پاشان سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە کەرکووک دەگرێتەوە.”

ئەوەش خستووەتە ڕوو: “بۆ رۆژی شەممە 7/2/2026، ناوچەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، دهۆک، ئیدارەی راپەرین و سۆران دەگرێتەوە، تا رۆژی سێشەممە 10/2/2026، ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکانمان بە شێوەی بارانی مامناوەند و پچڕپچڕ بەردەوام دەبێت، لە هەندێک کات و شوێنیش هەورەبرووسکە و لێزمەباران و تەرزە چالاک دەبێت، پلەی گەرماش لە ماوەی ئاماژەپێکراودا زیاتر بەجێگیری دەمێنێتەوە، بەفریش لەسەر لوتکەی شاخە بەرزەکانی ناوچە سنوورییەکان دەبارێت، خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت 10-25کم/ک و ئاراستەکەی بەرەو باشوور و باشووری ڕۆژهەڵات دەبێت.”