رۆڵی سەرکردایەتی هەرێمی كوردستان لە دیپلۆماسی جیهانی
توانا تەھا
بانگێشتكردنی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بۆ شاری میونشن لە ئەڵمانیا بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە هەنگاوێکی ستراتیژی و گرنك دادەنرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ناساندن و نێودەوڵەتیکردنی پرسی کورد لە رۆژئاڤای کوردستان.
ئەم بانگێشتنامەیە دەریدەخات پرسی کورد لە رۆژئاڤا چیتر بەتەنیا بابەتێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو دەچێتە ناو گفتوگۆی سیاسەت و ئاسایشی جیهانی و دەبێتە بەشێك لە هاوکێشە ستراتیژییە گەورەکان.
سوپاس و پێزانینی بەرز بۆ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی سەرۆك بارزانی، کە بە بینینێکی ستراتیژی و سیاسەتێکی هاوسەنگ، رۆڵێکی کاریگەر و بەرچاو لە پاراستن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکاندا دەگێڕێت، ئەمەش وایكردووە کورد لە باشووری کوردستان لە شانۆی سیاسەتی جیهاندا ئامادەییەكی کاریگەری هەبێت و لە ناوەندە سیاسی و بڕیاربەدەستە گەورەکاندا گوێیی لێبگیرێت.
هەروەها، رۆڵی سەرۆکی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لە بەهێزکردنی پەیوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا وەك دیپلۆماتێکی هەڵکەوتوو و هاوسەنگ زۆر گرنگ بووە، بە تایبەتی لە درووستکردنی پلەی متمانە لەنێوان هەرێمی كوردستان و وڵات و دامەزراوە جیهانییەکان.
لە هەمان کاتدا، حکومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بە هەوڵی چالاك و سیاسەتێکی رێکخراو، کاریکردووە بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی حكومرانی، ئابووری و ئاسایش، کە ئەمانە هەموویان بناغەی هێزی دیپلۆماسی و پێگەی سیاسی هەرێمی كوردستان لە ئاستی جیهانیدا پێکدێنن.
ئەم هەماهەنگییەی نێوان سەرکردایەتی سیاسی و دامەزراوە فەرمییەکان وایکردووە هەر سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی لەم پارچەیەدا کاریگەرییەکی راستەوخۆ لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستان، بەتایبەتی رۆژئاڤا، هەبێت، چونکە هەر پێشکەوتنێك لە یەك بەشدا دەبێتە هێزێکی پشتگیری بۆ بەشەکانی دیكە و بەرزکردنەوەی ئاستی ناساندنی پرسی کورد لە مەیدانی نێودەوڵەتی.
وێنەكە كۆتایی ساڵی رابردووە لە كۆڕبەندی مێپس لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان – دھۆک









