خوێنێکی عەرەبی و ڕۆحێکی کوردی، لە پەرلەمانی ئەوروپا ویژدانی جیهان دەهەژێنرێت
لوقمان گەڵاڵی:
عەبیر سەهلانی ئەو خانمە پەرلەمانتارە عەرەبەی کە بە پۆشینی جلی کوردییەوە وەک وەفایەک بۆ کچانی کۆبانێ و قوربانییانی ڕێگەی ئازادی لە ناو جەرگەی ئەوروپاوە دەنگی کورد بە جیهان دەگەیەنێت
لە ناو هۆڵی پەرلەمانی ئەوروپا دیمەنێکی جیاواز و پڕ لە مانای مرۆیی سەرنجی میدیاکانی جیهانی ڕاکێشا کاتێک خانمە سیاسییەکی بەڕەچەڵەک عەرەب بە پۆشاکی ڕەسەنی کوردییەوە وەستا و بە دەنگێکی بەرز بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد کرد ئەم خانمە کە عەبیر سەهلانییە و خەڵکی باشووری عێراقە تەنها نوێنەرێکی ئاسایی نییە بەڵکو خاوەن مێژوویەکی تێکەڵ بە خەبات و قوربانییە
چیرۆکی ئەم خانمە پەیوەستە بە ڕەگێکی قووڵی تێکۆشانەوە چونکە مامی عەبیر پێشمەرگەیەکی دێرینی حزبی شیوعی بووە و لە شاخەکانی کوردستان گیانی بەخشیوە هەر ئەم پەیوەندییە خویناوییەش وای کردووە کە عەبیر کێشەی کورد بە کێشەی خۆی بزانێت و لە وتارەکانیدا هەمیشە جەخت لەوە بکاتەوە کە کاتی ئەوە هاتووە جیهان وەفادار بێت بۆ ئەو کچە کوردانەی لە کۆبانێ و سەنگەرەکانی تردا بوونە قەڵغان بۆ پاراستنی مرۆییەت و ئاسایشی پایتەختەکانی ئەوروپا
عەبیر سەهلانی کە ئێستا وەک نوێنەری سوید لە پەرلەمانی ئەوروپا کار دەکات بە هەڵوێستە بوێرەکانی دەناسرێتەوە بەتایبەت کاتێک بە دوو زمانی کوردی و ئینگلیزی دروشمی ژن ژیان ئازادی دەڵێتەوە ئەو بەم کارەی سەلماندی کە دۆزی کورد سنوورە نەتەوەییەکانی تێپەڕاندووە و بووەتە هێمایەک بۆ ئازادیخوازانی جیهان و وەفایەک بۆ ئەو مێژووەی کە خێزانەکەی لە پێناویدا باجی گەورەیان داوە .









