جینالۆجیای ناسنامە پارتی وەک پارێزەری ڕەسەنایەتی و شوناسی کورد

لوقمان عوسمان گه ڵاڵی

​جینالۆجیا ، گەڕان بەدوای ڕەگدا :
​کاتێک باس لە (جینالۆجیا) دەکەین، مەبەستمان تەنها گەڕان نییە بەدوای ڕەچەڵەکێکی سادەدا، بەڵکو مەبەست لێی هەڵکۆڵینە لە مێژووی سەرهەڵدانی چەمکەکان و دۆزینەوەی ئەو ڕەگ و ڕیشە شاراوانەیە کە ناسنامەی نەتەوەیەک پێکدەهێنن. جینالۆجیا فێرمان دەکات چۆن ڕابردوو ببەستینەوە بە ئێستاوە بۆ ئەوەی لە ئایندەدا ون نەبین.
​لە نێو جەرگەی ئەم ململانێ فیکری و سیاسییەی ناوچەکەدا، پرسیارێکی جەوهەری خۆی دەسەپێنێت:
​کام هێزی سیاسی لە کوردستاندا توانیویەتی جینالۆجیای ناسنامەی کورد لە شێواندن بپارێزێت و کلتور بکاتە قەڵایەکی نەبڕاوە؟
​پارتی ، پارێزەری ڕەسەنایەتی :
​ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە کە دەبێت بوێرانە ئاماژەی پێ بدەین ، تاکە حزبێک کە بە کردەیی و بە ستراتیژێکی قووڵ کار بۆ پاراستنی فەرهەنگ، شوناس و کلتوری کورد دەکات، تەنها و تەنها پارتی دیموکراتی کوردستانە. ئەمە تەنها دروشم نییە، بەڵکو مێژوویەکی دوورودرێژ و ئێستایەکی پڕ لە بەرهەمە. پارتی لەو ڕاستییە تێگەیشتووە کە نەتەوەی بێ کلتور، نەتەوەیەکی بێ ئایندەیە، بۆیە هەمیشە سەنگەری ڕۆشنبیری لای ئەو کەمتر نەبووە لە سەنگەری بەرگریی نیشتمانی.
​بازنەی گفتوگۆ ٫ کاتێک مەعریفە دەبێتە هێزی نەرم :
​لە نوێترین هەنگاوی مەعریفیدا، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی، شەشەمین کتێبی(بازنەی گفتوگۆ)ی بە ناونیشانی (جینالۆجیای ناسنامە لەناو هێزە نەرمەکانی نەتەوەدا) بڵاوکردەوە. ئەمە وەڵامێکی زانستییە بۆ هەموو ئەو ئاڵنگارییانەی کە دەیانەوێت ناسنامەی کورد کاڵ بکەنەوە.
​وەک ڕێزدار (د. سالار عوسمان) ئاماژەی پێدا، ئەم پڕۆژەیە بەرهەمی سێ ساڵ کارکردنی بەردەوام و کۆکردنەوەی هەموو ئەو دیدگا جیاوازانەیە کە لەسەر شوناس و کلتور هەبوون. پارتی لێرەدا وەک (چەترێکی کۆکەرەوە) دەردەکەوێت؛ حزبێک کە نەک تەنها ئەندامانی خۆی، بەڵکو بژاردەی بیرکەرەوەکانی کوردستان لە دەوری یەک کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی پێکەوە ڕەگەکانی ناسنامەمان بپارێزین.
​مۆدێرنیتەی کوردی و دیالۆگی نەتەوەیی :
​لە نێو ئەم کەشە مەعریفییەدا، بوونی کەسایەتییەکی وەک (د. کاوە مەحموود) و گفتوگۆکردنی لەسەر (مۆدێرنیتەی کوردستانی) و (پێناسەکردنەوەی چەمکی نەتەوە) سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە پارتی دەرگای بۆ هەموو فیکرێکی ڕەسەن کردووەتەوە.
​ئەمە ئەو (هێزە نەرمەیە) کە نەتەوە دەپارێزێت. کاتێک سیاسی و ئەکادیمیست و ڕۆشنبیر لەژێر سایەی ڕێبازی بارزانیدا کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر جینالۆجیای شوناس، مانای وایە ئەم نەتەوەیە خاوەنی هێزێکی سیاسییە کە قووڵایی مێژوو و گرنگیی کلتور تێدەگات..
پاراستنی شوناس پێویستی بە دامەزراوەیەک هەیە کە بڕوای بە بەردەوامی هەبێت. پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ڕێنماییەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی، سەلماندوویەتی کە تەنها ئەو دەتوانێت بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە سەختە وەئەستۆ بگرێت. کتێبی (جینالۆجیای ناسنامە) تەنها لاپەڕەی نووسراو نین، بەڵکو بەڵگەنامەی مانەوەی ئێمەن وەک نەتەوەیەکی خاوەن شکۆ لەناو جیهانی مۆدێرندا.