بەهێزترین شەپۆڵی بارانبارینی وەرزی بەهارە بەڕێوەیە

پێشبینی دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بەهێزترین شەپۆڵی بارانبارینی وەرزی بەهارە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە، بارانبارینەكە ئەوەندە زۆر و بەهێز دەبێت رەنگە لە هەندێك شوێن ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو.

هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی رایدەگەیەنێت: هەرێمی کوردستان و عێراق لە چاوەڕوانی بەهێزترین شەپۆڵی بارانبارینی وەرزی بەهاردایە، هۆشداری دەدەین كە لە ئێستاوە ئامادەکاری بکرێت بۆ هەر ڕووداوێکی نەخوازراو و پێویسته شارەوانییەكان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خۆیان بۆ شەپۆڵەكە ئامادە بکەن.

هەروەها رایدەگەیەنێت: شەپۆڵەكە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە ئێوارەی ڕۆژی هەینییەوە دەست پێ دەكات، شەپۆڵێکی زۆر بەهێزی بارانبارین و تەرزە ڕوو لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەكات.

راشیگەیاند: سەرەتا و دەستپێکی شەپۆڵەکە رۆژی هەینی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق دەبێت، دواتر لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە کاریگەرییەكەی دەگاته هەرێمی کوردستان.

شارەزاكەی كەشناسی گوتیشی: چەقی شەپۆڵەكە لە ڕۆژی شەممەدا دەبێت و هەوری زەبەلاحی باراناوی و تاوەبارانی بەلێزمەی لەناکاو و هەورە بروسکەی بەهێز و ته رزەی بەهێزی لەگەڵدا دەبێت.

لە كۆتاییدا هۆشداری دا كە مەترسی دروستبوونی لافاو و كۆبوونەوەی ئاویش هەیه له بەشێك لە ناوچە نزمەکانی هەرێمی كوردستان.