باوەشێک لە پۆڵا و سۆز؛ مەسرور بارزانی و وەڵامی ئیرادە بۆ درۆنەکان

ئەمیرە

لەو شوێنەی داگیرکەران ویستیان بە ئاگر و ئاسن ژیان بوەستێنن، دیمەنێک لەدایکبوو کە هەموو هاوکێشەکانی تێپەڕاند. باوەشی پڕ لە میهرەبانیی مەسرور بارزانی بۆ پەری و دلین، تەنیا وێنەیەکی سۆزداری نییە، بەڵکو مانیفێستێکی سیاسی و پەیامێکی پۆڵاینە: “ئەگەرچی باوەشی (دایک و باوکتان)تان لەم دوو فریشتەیە سەندەوە، بەڵام نیشتمان بە هەموو شکۆیەوە دەبێتە قەڵا و پەناگەیان.”
ئەم باوەشە ڕاکێشانی هێڵێکی سوورە لەبەردەم ئەو تاوانکارییەی کە لە شیرینی خەودا خێزانێکی کوردی کردە ئامانج.
کاتێک سەرۆکی حکومەت بەم گەرمییە برینەکانی پەری و دلین دەپۆشێت، دەسەلمێنێت کە ئیرادەی کورد بۆ مانەوە لە هەموو مووشەک و درۆنەکان بەهێزترە. ئەمڕۆ نیشتمان پەیمانی بەو دوو کچە دا کە خوێنی دایک و باوکیان نابێتە تەنیا ژمارەیەکی ناو هەواڵەکان، بەڵکو دەبێتە هەوێنی خۆڕاگرییەک کە هیچ هێزێک ناتوانێت بیڕووخێنێت.