ئاساییكردنەوە وەک دادپەروەرییەکی بوونگەرایی و سەرلەنوێ بنیادنانەوەی ماف لە ناوچە جێناکۆکەکاندا

صلاح بكر

​یەکەم: لە هەڵوەشاندنی وشە و چەمکدا (گەڕانەوە بۆ دۆخی سروشتی)
​لە پێکهاتەی زمانەوانیدا، وشەی “ئاساییکردنەوە” (التطبيع) لە بنەڕەتی “سروشت و رەسەنێتی” (الطَّبْع)ـەوە هاتووە، کە بریتییە لە خەسڵەتی سروشتی، ناخ و ئەو ڕەسەنێتییەی لە هەر شتێکدا هەیە پێش ئەوەی تووشی دەستکاری و شێواندن بێت. کاتێک دۆخێک “ئاسایی” دەکەیتەوە، لە ڕووی زمانەوانییەوە واتە: دەیگەڕێنیتەوە بۆ سەرڕێڕەوە سروشتی و سەرەتاییەکەی خۆی ، ڕێک وەک ڕووبارێک کە بە زۆر ڕێڕەوەکانی شێوێنرابێت و دیسانەوە بگەڕێتەوە بۆ سەر جێگە و رێگا ڕەسەنەکەی خۆی و تێیدا بڕژێتەوە.

​بەڵام لە فەلسەفەی سیاسی و بوونگەراییدا، ئاساییکردنەوە هەرگیز بە مانای “شەرعیەتدان بە ئەمری واقیع” نایەت، بەڵکو تەواو پێچەوانەکەیەتی ئەو فۆرمێکە لە فێڵی “هەڵوەشاندنەوەی شێوێندارەوە مێژووییەکان”. دۆخی شێواو و نائاسایی (کە بە هێز و بە زۆرەملێ سەپێنراوە) بە تێپەڕبوونی کات وەهمی هەمیشەییبوون بەدەستدەهێنێت، بە جۆرێک ڕێبواران وا دەزانن ئەوە ڕاستییەکەیە. لێرەشەوەیە ئاساییکردنەوە وەک ئامرازێکی ڕووخێنەری ئێپیستمۆلۆژی (مەعریفی) خۆی نیشان دەدات، کە چینە دیمۆگرافی و کارگێڕییە دەستکردەکان دادەماڵێت بۆ ئەوەی بەدوای “بنچینەیی یەکەمین”ـی مرۆڤ و شوێندا بگەڕێت.

​دووەم: وەهمی ویست و دەروونناسیی دواخستن لای حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان
​هەر کەسێک بە قووڵی تێڕامان لە ڕەوتی سیاسیی عێراقی هاوچەرخدا بکات، بە ڕوونی درک بەوە دەکات کە قەیرانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ هیچ کاتێک قەیرانی دەقێکی یاسایی نەبووە، بەڵکو قەیرانی “ویستێکی بوونگەرایی” بووە کە لای حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان ئامادەیی نەبووە. دەسەڵاتدارە یەک لەدوای یەکەکان جۆرێک لە “ڕاکردنی ئۆنتۆلۆژی” (الهروب الأنطولوجي)یان پەیڕەو کردووە، بەو پێیەی سەیری برینی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانیان کردووە وەک فەزایەک بۆ مانۆڕی ڕووکەشانە و کاتکوشتن، نەک وەک دۆسیەیەکی دادپەروەریی بنیادی کە پێویستی بە چارەسەر بێت.
​ئەم خەمساردییە بەمەبەستە، “ئاساییکردنەوەی دەستووری” لە پابەندییەکی ئەخلاقی و یاساییەوە گۆڕی بۆ ئامرازێکی هاوسەنگیی لەرزۆک. ئەم حکومەتانە پێیان باشتر بوو دۆخە شێواوەکە بە هەڵواسراویی لە “ناوچەیەکی بەرزەخیدا” (منطقة برزخية – دۆخی نادیار) بهێڵنەوە بۆ ئەوەی لە باجی سیاسی ڕابکەن، لە کاتێکدا چاویان لە ئاست بەردەوامیی مەزڵومییەتی مێژوویی و قووڵبوونەوەی درزی نامۆبوون لای خاوەن مافە ڕەسەنەکان نوقاندبوو.

​سێیەم: ئاساییکردنەوە وەک ئامرازێک بۆ گەڕاندنەوەی مافی دەستووری و حەتمییەتی هەنگاوی جیددی حکومەتەکەی زەیدی
​کاتێک دەستووری عێراق لە ماددەی ١٤٠دا دەقی لەسەر “ئاساییکردنەوەی دۆخەکە” گرتووە، مەبەستی هێنانەکایەی هاوکێشەیەکی ماتماتیکی سارد و سڕ نەبوو لە نێوان هاوردەیەک و ئاوارەیەکدا، بەڵکو دامەزراندنی چەمکی “دادپەروەریی گواستنەوەیی قووڵ” (مأسسة العدالة الانتقالية العميقة) بوو. سوودوەرگرتنی فەلسەفی لەم چەمکەش لە سێ ڕەهەندی بوونگەراییدا کورت دەبێتەوە:
۱. ​داماڵینی سیفەتی “سروشتیبوون” لە تاوانە مێژووییەکە: سیاسەتەکانی ڕیشەکێشکردنی مرۆڤ لەسەر خاکەکەی و جێگیرکردنی یەکێکی تر لە شوێنیدا، هیچ کاتێک جووڵەیەکی کۆمەڵایەتیی سروشتی نەبووە، بەڵکو “ئەندازەیەکی زۆرەملێ” بووە. ئاساییکردنەوەش لە داماڵینی شەرعیەتی ئەخلاقی لەم ئەندازەیە دەستپێدەکات.
۲. ​لەپێشینەیی مافی بوونگەرایی بەسەر ئەمری واقیعدا: ئاساییکردنەوە بەهای ڕاستەقینە بۆ “سەنەدی خاوەندارێتی بوونگەرایی” دەگەڕێنێتەوە؛ واتە ئەو پەیوەندییە ڕۆحی و مێژووییەی نێوان خاوەن خاکە ڕەسەنەکە و خاکەکەی (کورد و تورکمان وەک نموونەیەک لە جوگرافیای ئازار و ڕاگواستندا). ئەم چەمکە پێی وایە ماف بە تێپەڕبوونی کات بەسەرناچێت، و هاوسەنگیی دادپەروەرانەش سەرەتا بە لابردنی شێواندنەکە دەستپێدەکات بۆ ئەوەی لە قۆناغی دووەمدا هاوسەنگی جێگیر ببێت.
۳. ​تەحەدای دۆخی ئێستا و ناچاریی یەکلاکردنەوە: لێرەوە، ساتەوەختی ئێستا گرنگی و شایستەیی خۆی دەسەپێنێت؛ بەو پێیەی پێویستە لەسەر حکومەتەکەی زەیدی ئەمرۆ، بازدان بەسەر میراتی خۆدزینەوە مێژووییەدا بکات و بەربەستی ڕاڕایی ببڕێت. دەبێت هەنگاوی جیددی و بوێرانە بنێت کە ئەم بنبەستە درێژخایەنە هەڵبوەشێنێتەوە، دەستپێشخەرییەکە بگرێتە دەست بۆ وەرگێڕانی ویستە سیاسییەکان بۆ کرداری دادوەری و کارگێڕیی کۆنکرێتی، بە شێوەیەک کە گواستنەوەی ناوچەکە لە دۆخی ململانێی بەردەوامەوە بۆ پەناگەی دادپەروەریی ڕاستەقینە مسۆگەر بکات.

لە ئەزەلییەتی ماف و کاڵبوونەوەی داگیرکاریدا
​شوێنەکان لە جەوهەری بوونگەرایی خۆیاندا، خاوەنی یادەوەرییەکن کە قابیلی ساختەکردن نییە؛ خاک بە زمانی داگیرکەر نادوێت ئەگەرچی نیشتەجێبوونی لەسەر گرد و تەپۆڵکەکانی درێژەش بکێشێت، و ئەو گرێبەستانەش قبوڵ ناکات کە بە مەرەکەبی زۆرەملێ نووسراونەتەوە. کەرکوک و ئەو ناوچانەی بە ململانێ غەمبار کراون، تەنها ڕووبەری جوگرافی نین کە وەک دەستکەوت لە بازاڕی هاوسەنگییە سیاسییەکاندا دابەش بکرێن، بەڵکو برینن لە جەستەی دادپەروەریی گەردوونیدا و چاوەڕوانی چاکبوونەوە دەکەن.

​کاتێک فەلسەفە بە دەنگی بەرز هاوار بۆ پێویستیی ئاساییکردنەوە دەکات، باش دەزانێت کە کات هەرچەندە چینەکانی باڵادەستیی با تێیدا کەڵەکە ببن، لە ناخیدا تەنها یەک ڕاستی حەشار دەدات: گەڕانەوە بۆ بنەڕەت، تەنها “یاسای باڵا و تاقانەیە” (الناموس الأوحد) کە مێژوو لە کۆتایی ڕێگاکەدا سەری بۆ شۆڕ دەکات. چەسپاندنی ماف لەم خاکەدا، خێر و منەت نییە کە لە ڕێگەی نزیکبوونەوە شەرمنانە لێکراوەکانەوە دابڕێژرێت، بەڵکو ڕاپەڕین و سەرلەنوێ زیندووبوونەوەی بوونە لە خۆڵەمێشی سڕینەوە، و دانپێدانانێکی توند و کتوپڕە بەوەی کە ئاشتی لەسەر بنەمای زوڵم و ستەم ڕاست نابێتەوە، و گەڕانەوەی هۆشیاری بۆ جوگرافیای نیشتمان لەو چرکەساتەوە دەستپێدەکات کە سێبەرەکانی ساختەکاری پاشەکشە دەکەن، تا ماف بە تاجی هەمیشەیی شایستەیی و دادپەروەرییەکی سەرکەشەوە بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانی بگەڕێتەوە.