خۆسەپاندن و بەربەستەکانی یەکتر ناسین


ستار ئەحمەد

مرۆڤایەتی لە بنەڕەتدا یەک خێزانی گەورەیە، کەچی بە سەر زەویدا دابەش بووە بۆ کۆمەڵ و گەل و نەتەوەی جیاواز. ئەم فرەیی و جیاوازییە، بەپێی یاسای سروشت، بۆ ئەوە نییە بەربەست لە نێوان مرۆڤەکاندا دروست ببێت، بەڵکو بۆ ئەوەیە پردی ناسیاوی و لێکگەیشتن لە نێوانیاندا بونیاد بنرێت. زمان هەمیشە وەک ئامرازی یەکەمی ئەم لێکگەیشتنە سەیر کراوە، بەڵام کاتێک زمان دەبێتە ئامرازێک بۆ خۆسەپاندن و نەتەوەیەک زمانی خۆی دەکاتە پێوەر بۆ باڵادەستی بەسەر نەتەوەکانی تردا، پرۆسەی ئاشنابوون تووشی بەرهەڵستیەکی سەخت دەبێت. کاتێک بەرامبەر ئامادە نییە بە زمانی تۆ بدوێت یان دان بە بوونی زمانەکەتدا بنێت و دەیەوێت ناسنامەی خۆی بەسەر تۆدا بسەپێنێت، پرسیارە بنەڕەتیەکە لێرەدا سەر هەڵدەدات: چۆن دەکرێت بەبێ زمانی قسەکردن، یان لە دەرەوەی بازنەی ئەو زمانەی کە کراوەتە هۆکاری باڵادەستی، ئاشنای یەکتر ببین و یەکتر ناسین لە نێوان گەلاندا بەدی بهێنین..؟
​راستییەکە ئەوەیە کە زمانی ئاخاوتن تاکە رێگەی گەیاندن نییە، بەڵکو تەنیا شێوازێکە لە شێوازەکانی دەربڕین. کاتێک لایەنی بەرامبەر دەرگای زمان دادەخات یان دەیکاتە هۆکاری نادادی، مرۆڤ دەتوانێت پەنا بباتە بەر زمانە جیهانییە هاوبەشەکان کە پێویستییان بە وشە نییە و ​لە سەرووی سنووری ڕەگەز و نەتەوەوەن. فەرهەنگ و کولتوور، بە هەموو ڕەهەندە مادی و مەعنەوییەکانییەوە ، گەورەترین کایەیە بۆ ناسینی میللەتان. هونەر، مۆسیقا، شێوەکاری، و تەنانەت شێوازی ژیانی رۆژانە، زمانگەلێکی بێدەنگن بەڵام زۆر لە وشە کاریگەرترن. مۆسیقای نەتەوەیەک دەتوانێت ناخی ئەو نەتەوەیە، ئازارەکان، خۆشییەکان و مێژووەکەی بگوازێتەوە بۆ نەتەوەیەکی تر بەبێ ئەوەی پێویستی بە وەرگێڕانی تێکست هەبێت. تابلۆیەکی شێوەکاری یان پەیکەرێک، چیرۆکی مرۆڤبوونی کۆمەڵگەیەک دەگێڕێتەوە کە لە هەر شوێنێکی جیهاندا بیت دەتوانیت لێی تێبگەیت. لە ڕێگەی ئەم بەرهەمە کولتوورییانەوە، ئێمە دەتوانین ناخی راستەقینەی گەلانی تر بناسین، تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتداران یان نوخبەی هزری ئەو نەتەوەیە لە لوتکەی خۆپەرستیی زمانەوانیدا بن.
​جگە لە هونەر، ئازار و مەینەتییە مرۆییە هاوبەشەکان خاڵێکی تری بەهێزی یەکتر ناسینن لە دەرەوەی سنووری زمان. مرۆڤ لە هەر کوێیەک بێت لە بەرامبەر دادپەروەری، ئازادی، چەوساندنەوە، و نەهامەتییەکانی وەک شەڕ و هەژاریدا هەمان هەستی هەیە. هاوسۆزیی مرۆیی لە کاتی کارەساتە سروشتییەکاندا، یان پشتگیریکردنی مافە رەواکانی مرۆڤ لە هەر شوێنێکی جیهان، جۆرێکە لە پەیوەندیی مرۆیی کە پێویستی بە زمانی هاوبەش نییە. کاتێک مرۆڤەکان لە خەمە گەورەکانی مرۆڤایەتیدا یەک دەگرن، زمانە فەرمییەکان گرنگیی خۆیان لەدەست دەدەن و زمانی ویژدان دەبێتە پێوەر. ئەم هاوبەشییە لە هەست و ئازاردا، ناسیاوییەکی راستەقینە لە نێوان گەلاندا دروست دەکات کە زۆر بەهێزترە لەو ئاشنایەتیە ڕووکەشەی کە تەنیا لە ڕێگەی ئاخاوتنی رۆژانەوە بەدی دێت.
​هاوکات، کار و ئاڵوگۆڕی زانستی رێگەیەکی تری بێدەنگە بۆ نێوانگریی کلتوورەکان. دۆزینەوە زانستییەکان، بیرۆکە فەلسەفییەکان، و داهێنانە تەکنەلۆژییەکان خزمەت بە هەموو مرۆڤایەتی دەکەن بەبێ گوێدانە ئەوەی داهێنەرەکەی بە چ زمانێک قسە دەکات. کاتێک گەلێک سوود لە بەرهەمی ئەقڵی گەلێکی تر وەردەگرێت، جۆرێک لە دانپێدانانی ناڕاستەوخۆ و ڕێزگرتن لە نێوانیاندا دروست دەبێت. ئەم ئاڵوگۆڕە زانستییە مرۆڤەکان ناچار دەکات کە یەکتر وەک هاوبەشی گەشەپێدانی زەوی ببینن، نەک وەک نەیار یان پێشێلکاری مافی یەکتر. لەم کایەدا، چاکەو باڵادەستی بۆ کەسێک یان نەتەوەیەک نییە کە تەنیا شانازی بە زمانەکەیەوە بکات، بەڵکو بۆ ئەوانەیە کە بەها پێشکەش بە ژیانی مرۆڤایەتی دەکەن.
​بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە سەر کرۆکی کێشەکە، کە بریتییە لە لووتبەرزیی نەتەوەیەک و سەپاندنی زمانی خۆی بەسەر ئەوانی تردا، لێرەدا یەکتر ناسین پێویستی بە گۆڕینی هاوکێشەکە هەیە. کاتێک نەتەوەیەک ئامادە نییە بە زمانی تۆ بدوێت و دەیەوێت زمانەکەی خۆی بسەپێنێت، باشترین وەڵام و بەهێزترین رێگە بۆ ناساندنی خۆت، زمانپارێزی و بەرزکردنەوەی ئاستی کلتووری و زانستیی نەتەوەکەی خۆتە. لەبری ئەوەی ملکەچی زمانی سەپێنراو بیت، یان لە بەرامبەریدا کەنەفت بیت، دەبێت ناسنامە و زمانی خۆت هێندە دەوڵەمەند و بەرهەمهێن بکەیت کە بەرامبەر ناچار بێت لە ڕوانگەی ڕێز و یەکسانییەوە لێت بڕوانێت. پاراستنی پاکیی زمان و زیندوو هێشتنەوەی شێوازە رەسەنەکانی گوزارشتکردن لە ناوخۆدا، قەڵایەکی بەهێز دروست دەکات کە ناهێڵێت کلتووری بەرامبەر بتتوێنێتەوە.
​کاتێک نەتەوەیەک خاوەنی بیرێکی پێشکەوتوو، ئەدەبێکی بەپێز، و مێژوویەکی پاک بێت، ئەو کلتوورە خۆی لە سنوورەکان دەپەڕێتەوە. تەنانەت ئەگەر لایەنی بەرامبەر لە ڕووی ڕامیاری یان سەربازییەوە خۆی بە باڵادەست بزانێت، کاتێک لە ڕووی زانستییەوە رووبەڕووی نەتەوەیەکی خاوەن ناسنامە دەبێتەوە، ناچار دەبێت گوێ بگرێت. یەکتر ناسین لەم دۆخەدا لە ڕێگەی سەپاندنی هێزەوە نابێت، بەڵکو لە ڕێگەی سەپاندنی بوونی کلتوورییەوە دەبێت. مرۆڤی هۆشیار پێویستی بەوە نییە کڕنۆش بۆ زمانی باڵادەست ببات بۆ ئەوەی خۆی بناسێنێت، بەڵکو بەرهەمە وێژەیی و هزرییەکانی خۆی دەکاتە باڵیۆزی ناسنامەکەی. کاتێک مێژوو و بەها مرۆییەکانی خۆت بە شێوازێکی زانستی و بێگەرد دەخەیتە ڕوو، دەرگا بۆ جۆرە ناسیاوییەک دەکەیتەوە کە بنەماکەی یەکسانییە نەک پاشکۆیەتی.
​بێگومان، ناسینی گەلان و یەکتر ناسین پرۆسەیەکی دوولایەنەیە کە دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزی هاوبەش و دانپێدانانی بەرامبەر بونیاد بنرێت. کاتێک لایەنێک ئەم هاوسەنگییە تێکدەدات و زمان دەکاتە ئامرازی شۆڤێنییەت و لە خۆبایبوون، پرۆسەی یەکتر ناسینی ڕاستەقینە لە ڕێگەی زمانی ئاخاوتنەوە پەک دەکەوێت. لە دۆخێکی وەهادا، رێگەی ڕاستەقینەی ئاشنابوون لە دەرەوەی بازنەی وشەکاندایە؛ لە نێو جیهانی شێوەکاری، مۆسیقا، هاوسۆزیی مرۆیی، و بەرهەمی زانستیدایە. هاوکات، باشترین شێوازی بەرەنگاربوونەوەی ئەم باڵادەستییە، گرنگیدانە بە رەسەنایەتیی کلتووری خۆت و پاراستنی زمانەکەت لە توانەوە، چونکە نەتەوەیەک کە بتوانێت ناسنامەی خۆی بە زیندوویی بهێڵێتەوە، ئەنجام دەگاتە ئاستێک کە هیچ هێز و زمانێکی تر ناتوانێت پشتگوێی بخات یان بێبەشی بکات لە مافی ناسراویی وەک هاوبەشێکی یەکسان لەم جیھانەدا.