چەسپاندنی شەرعیەت و پاراستنی قەوارەی کوردستان؛ هەنگاوێکی مێژوویی بەرەو داهاتوو

فرسەت سەید شکور

پەرلەمانی کوردستان، بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و ڕەنجی مێژوویی گەلێکە کە دەیان ساڵ لەپێناو ئازادی و سەروەریی یاسادا قوربانی داوە. کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییەکەی لەم قۆناغە هەستیارەدا، وەرچەرخانێکی گرنگ و وەڵامدانەوەیەکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان، کە لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە متمانەی خۆیان بەخشی و چاوەڕوانی هەنگاوی کردەیی بوون بۆ کۆتاییهێنان بە بۆشایی یاسایی و دامەزراوەیی.
هەر لە سەرەتای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی « هەڵبژاردنەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێش هەمووانەوە و بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی، داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان و پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد. پارتی وەک هێزی یەکەم و خاوەن زۆرینەی متمانەی جەماوەر، نەفەسدرێژییەکی زۆری نواند و ماوەیەکی درێژ چاوەڕێی کرد تاوەکو لەسەر بنەمای تەبایی هەنگاوەکان بنرێن، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەهاتە پێشەوە و بەدەم ئەو بانگەوازە نیشتمانییەوە نەهات. لە کاتێکدا ناکرێت چیتر ئیرادەی دەنگدەران و چارەنووسی دامەزراوە دەستوورییەکان بکرێنە قوربانیی کات کوشتن و بەرژەوەندیی تەسکی حزبی.

ئەمڕۆ ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاریی زۆر گەورە و خێرادایە؛ ئاڵنگارییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکان لە هەموو کاتێک زیاتر هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن. لە دۆخێکی ئاوادا، مانەوەی هەرێمی کوردستان بەبێ پەرلەمانێکی کارا و حکوومەتێکی خاوەن شەرعیەتی نوێ، مەترسییەکی ڕاستەقینە بوو لەسەر پێگەی کوردستان. هەر بۆیە پارتی بەم هەنگاوە بوێرانەیە دیموکراسییەت و شەرعیەتی چەسپاند.
کارابوونی دامەزراوە شەرعییەکان مەرجی سەرەکی و تاکە قەڵغانی بەهێزە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهاتەکان و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان لە ناوەندە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا.

ئەم هەنگاوە چارەنووسسازە بە ڕوونی دەریخست کە پارتی هەڵگری خەمی قەوارەی هەرێمی کوردستان و داهاتووی کوردستانییەتە.
سەبارەت بەو لایەن و دەنگانەش کە ئەمڕۆ ڕەخنە لەم هەنگاوە یاسایی و دەستوورییە دەگرن، مێژوو شایەتی ئەوە دەدات کە ئەوانە پێشتر دەیان جار دژی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان هەنگاویان ناوە و هەوڵی لاوازکردنی قەوارەکەیان داوە. جیاوازییەکە لێرەدا دەردەکەوێت؛ ئەوان بۆ پەکخستن و دژایەتیی ئیرادەی خەڵک کار دەکەن، بەڵام پارتی هەمیشە بۆ پاراستنی شکۆی نیشتمان و مسۆگەرکردنی داهاتووی کوردستان هەنگاوی مێژوویی ناوە.

تێپەڕاندنی ئەم بەربەستە و زیندووکردنەوەی کاری پەرلەمانی کوردستان، سەرەتای قۆناغێکی نوێیە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان. ئێستاش دوای ئەم قۆناغە، یەکڕیزی و تەبایی نێوماڵی کوردستان لە هەموو کاتێک گرنگترە.
دەرگای پارتی بۆ هاوبەشیی ڕاستەقینە و کاری پێکەوەیی هەمیشە کراوەیە، چونکە قۆناغی داهاتوو پێویستی بە کۆدەنگیی نیشتمانی هەیە بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار، کە بتوانێت لە ئاست چاوەڕوانیی خەڵکی کوردستان و گەورەیی ئەو ئاڵنگارییانەدا بێت کە بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە.

کوردستانێکی بەهێز بە دامەزراوەی شەرعی و ئیرادەی پۆڵایین بنیاد دەنرێت، و کاروانی ئاوەدانی و سەقامگیریش بەردەوام دەبێت.