كاراكردنهوهی پهرلهمانی كوردستان, پێویستییهكی بنهڕهتی و نیشتمانی
ئهحمهد گلی
لە سیستەمە دیموکراتییەکاندا پەرلەمان گرنگترین جومگەی سیاسی و یاسایی و جەماوەرییە, شوێنی کۆبوونەوەی یاسادانان و چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە, له سۆنگەی ئەم ڕۆڵە ستراتیژییەوە، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا پێویستییەکی مێژوویی و بنەڕەتی و نیشتمانییە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی دەسەڵات و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان.
پەکخستنی پەرلەمانی كوردستان, کەلێنێکی یاسایی گەورەی لە هەرێمی كوردستان دروست كردووه, کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕێگە خۆش دەکات بۆ داڕشتنەوە و پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان و گەشەپێدانی ئابووری و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دامەزراوەکان لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا.
ههروهها لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە, هەرێمی کوردستان پێویستی بە جێگیربوونی دامەزراوە شەرعییەکانی ههیه, پەرلەمانێکی چالاک و بەهێز, پێگەی هەرێم لە دانوستانەکاندا لەگەڵ بەغدا بەهێزتر دەکات و بەرگری لە شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەکات, بەتایبەت لە بابهته چارەنووسسازەکانی وەک بودجەو مووچهو ناوچە كوردستانیه داگیركراوهكان.
کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان تاقیکردنەوەیەکی جدییە بۆ ئیرادەی سیاسیی سەرجەم لایەنەکان, لەم قۆناغەدا کە ناوچەکە بە دەست کۆمەڵێک ئاڵۆزی و گۆڕانکاریی خێراوە دەناڵێنێت, یەکخستنی ماڵی کورد و کاراکردنەوەی بەپەلەی پەرلەمان, زامنی پاراستنی دەستکەوتەکان و بەدیهێنانی داهاتوویەکی سەقامگیره بۆ گهلی كوردستان.
هەر لایەن یان هێزێکی سیاسی لە ژێر هەر ناونیشانێکدا دژی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بوەستێتەوە, گومانی تێدانیه خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان ناکات, بەکرێگیراو و خۆفرۆشه و لەلایەن نەیارانی كوردهوه وەک کارتی فشار بۆ تێکشکاندنی قەوارەی دهستووری هەرێمی كوردستان و بەدیهێنانی ئامانجە دژمنکارییەکانیان بەکاردەهێنرێت,
مێژوو هەرگیز لهوكهس و لایهنانه خۆشنابێت کە دەسەڵات و بەرژەوەندیی لە سەروو چارەنووسی نیشتمانهوه دەبینن.









