ڕاستیەکان وەکو خۆی…
دکتۆر هاورێ کەماڵ ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی دارایی و ئابوری بە کوردستان پرێس سەبارەت بە سەردانەکەمان بۆ لای بەڕێز (کاک ئاوات شێخ جەناب) وەزیری دارایی و ئابووری، راگەیاند: قسەی جۆراوجۆر و ناڕەوای لێکەوتەوە، کە گوایە شاندێک لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە کە بریتیی بوونە لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان سەردانی بەڕێز وەزیری داراییان کردووە و داوای دەسەڵاتەکانیان لێ کردووە.
راستی بابەتەکە وەک خۆی.
ئێمە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ماوەی ئەم کابینەیە وەکو تیمێکی هاوئاهەنگ کارمان کردووە دوور لە ململانێی حزبیی و کەسیی، بەڵکو تەنها ئامانجمان خزمەتی هاوڵاتیانی کوردستان بووە و بەرگری بووە لە ماف و شایستە داراییە رەواکانی گەلەکەمان و لێرەوە سوپاسی فەرمانبەرە بەڕێزەکانی وەزارەتی دارایی ئەکەم کە پێشمەرگە ئاسا کاریان کردووە لە ماوەی رابردوو وە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بە شانازییەوە هیچ تێبینییەکی هونەری نەماوە لەسەر کار و ئەدای یەکە ژمێریارییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە ئەنجامی ئەم پێکەوەییە، روحیەتێکی برایانە و دۆستانە دروست بووە لە نێو وەزارەتمان و هەر بۆیە پاش چەند هەفتەیەک لە دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری پێمانخۆش بوو سەردانییەکی دۆستانەی بەڕێز وەزیری دارایی بکەین، بەڵێ لە دانشتنەکەدا باس لە گرنگی هاتنەوەیان کرا لەم قۆناغە، بەڵام بە هیچ جۆرێک داوایان لێ نەکرا کە دەسەڵاتەکانی وەزیر بدەن بە بەڕێوەبەرە گشتییەکان.
د. هاوڕێ کەمال
راوێژکاری یاسایی
وەزارەتی دارایی و ئابووری









