چاوپێکەوتنی دکتۆر نوری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کەناڵی ئارتی ڕووسی
لێدوانەکانی نوری عوسمان، لێپرسراوی دیوانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئاڕ تی:
– هەرێم ناتوانێت ڕێگە بدات خاکەکەی بکرێتە بنکەیەک بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.
– نێچیرڤان بارزانی لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن و تاران هەوڵی زۆری خستەگەڕ و دڵنیای کردنەوە کە ناوچەکە لایەنێکی ئەم ململانێیە نییە. ئەم پەیوەندیانە بەشدار بوون لە کەمکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکە.
– هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، عێراقیش هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئیسرائیل نییە. پابەندی یاسای عێراقین.
– شاندێکی ئێرانی سەردانی فڕۆکەخانەی هەریریان کرد و دووپاتی کردەوە کە هیچ بنکەیەکی سەربازیی مۆساد لەوێ نییە.
– ئۆپۆزسیۆنی ئێران بەسەر دوو گرووپدا دابەش بووە: کەسانی چەکدار و پەنابەر. زۆربەیان لە سەردەمی ڕژێمی پێشووەوە ئامادەن. هیچ ئامارێک لەسەر ژمارەکانیان نییە و کەمپیان نییە، بەڵام بنکەی سەربازییان هەیە.
– لە ئەنجامی ڕاوێژ و لێژنە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و تاران، سەرجەم ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە پێگەکانیان لەسەر سنوور کشێنرانەوە بۆ شوێنەکانی ناو هەرێم کە نزیکەی چل کیلۆمەتر لە ناوخۆی هەرێم دوورن.
– سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە چەند بۆنەیەکدا بە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ڕاگەیاندووە، کەڵک وەرگرتن لە خاکی هەرێم بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە قبوڵ ناکرێت. گەڕەک
– ئۆپۆزسیۆنی ئێران کەمپی نییە، بەڵام بنکەی سەربازیی هەیە.
– کێشەکە لەوەدایە کە ئێران تۆمەتبارمان دەکات بەوەی پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆن دەکەین، ئەمریکییەکانیش تۆمەتبارمان دەکەن بەوەی چەکمان بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێران دابین نەکردووە. ئێمە لایەنێک نین لەم بابەتەدا.
– ئێمە هیچ چەکێکمان لە واشنتۆنەوە پێنەگەیشتووە کە پەیوەندی بە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانەوە هەبێت و قسەی ئەمریکیش سەبارەت بە دابینکردنی چەکمان بۆ گەیاندنی بە ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە تەواوی بێ بنەمایە.
– ئۆپۆزسیۆنی ئێران تەنها چەکی سوکی هەیە.
– هیوادارین پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لەگەڵ پەکەکە بەرەو پێشەوە بچێت، هەروەها ئامادەین هەر ڕۆڵێک بۆ ئاشتی ببینین و وەک ناوبژیوانێک لە نێوان پەکەکە و تورکیادا مامەڵە بکەین.
– ئێستا ڕێککەوتنێک هەیە بۆ تێکەڵکردنی ئەندامانی پەکەکە بۆ ناو پۆلیسی عێراق لە شنگال.
– شەڕی ئەمریکا و ئێران کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابوری عێراق داناوە و ئەمەش کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش هەبووە.
– هەناردەی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە قەرەبووی هەناردەکردنی نەوت لە باشووری عێراق ناکاتەوە، توانای بۆری هەناردەکردنی نەوتیش سنووردارە بە 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئەمەش دەتوانرێت لە ماوەی ساڵێکدا بۆ ٧٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد بکرێت.
– پێشمەرگە چەکی قورسی نییە.
– هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چەکی بۆ پێشمەرگە دابین کردووە. لە کاتی شەڕی داعشدا، و بە ئاگاداری بەغدا:
– پشتیوانی حکومەت دەکەین لە هەوڵەکانی بۆ قۆرخکردنی چەک لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا.
– پێشمەرگە هێزی دەستورییە، نەک ئەو هێزانەی کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت چالاکی دەکەن.
– هێزی پێشمەرگە بەراورد ناکرێت بە کوتلە چەکدارەکان.
– پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا نایاب و دەکەوێتە چوارچێوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی دەوڵەتی عێراق.
– ئێمە لە بەرەی ئابووریدا پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ڕووسیا هەیە، ڕۆسنەفتیش ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە گەڕان بەدوای نەوت و ئۆپەراسیۆنەکانی هەناردەکردندا.
– کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیا لە ناوچەکە بەردەوامن و هیچ فشارێکی ئەمریکیش سەبارەت بەم بابەتە نییە.
– ئێمە لەگەڵ هەموارکردنەوەی دەستووردا نین؛ پرسەکە ئاڵۆزە و پێویستی بە کۆدەنگی هەیە.








