یان شنگال ڕزگار دەکەین لە سەر ئەم خاکە دەمرین
رێبوار حەمەلاو شوانى
ئەمە نە دروشم بوو بە خەیاڵ ، بەڵکو پەیامى پێشمەرگە و ڕابەرى نەتەوەیەک بوو ، ئەم هەڵوێستە مێژوویی و مەردانە و کوردانەیە ، لەکاتێکدا بوو کە هەموو جیهان قەرزدار و شەڕمەزارى گەلى کورد و ئیرادەى پۆڵایینى بوو کاتێک بە چەکە سادەکەى و لە ژێر سەرکردایەتى و رابەرایەتى سەرۆک مسعود بارزانى ، بە خوێنى ئاڵ و ڕۆحى بەرزە فڕیان ، مێژووییەکى پڕ سەروەرى و شانازییان بۆ هەمیشە تۆماڕ کرد
لە رۆژى 3ى ئابى ساڵى 2014 ، لەو کاتە ناوچەکە وجیهان ڕووبەڕووى گەورەترین تاوان و جینۆسایدى دژە مرۆڤایەتى بەرامبەر پێکهاتەیەکى ڕەسەنى وەک ئێزدییەکان لە شنگال ببووە ، و بە پێى هەموو یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان کۆمەڵکوژى نەتەوەیی و ئایینى بوو ، ئەوا بوو کە گەلى کورد و بە رابەرایەتى پێشمەرگە و سەرۆک بارزانى , بە دیپلۆماسى و سیاسەتى ژیرانەى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى ناچار کرد بێتە سەر هێڵ لە پێناو بەجێگەیاندنى دادپەوەرى
ئامادەبوونى سەرۆک بارزانى ، وەک فەرەماندەى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ بەرەکانى پێشەوەى جەنگى تیرۆریستان و بەتایبەت بۆ سەر چیایی شنگال و سەرپەرشتیکردنى ڕاستەوخۆى ئۆپراسیۆنى ڕزگارکردنى شنگال ، پەیامێکى دیپلۆماسى بەهێز بوو بۆ هەموو ناوچەکە و جیهان ، ئەگەر ئێوە خۆتان بەرامبەر ئەو تاوان دژە مرۆڤایەتییە بێدەنگ بکە ن، ئەوا بەخوێن بەرگرى لە خاک و نەتەوە و نیشتمان و هەموو مرۆڤایەتى دەکەین .
ئەم هەڵوێستە مێژووییەى جەنابى سەرۆک بارزانى بووە گۆڕینى کارەسات و رووداوێکى گەورە بۆ سەرکەوتنێکى مێژووی
لەو کاتە سەخت و هەستیار و چارەنووسسازەدا ، کاتێک سەرۆک بارزانى لەسەر سەر چیاوى شنگال ڕاوەستابوو و بەڵێنى دا ، یان شنگال رزگار دەکەین یانیش لەسەر ئەم خاکە دەمرین ، ئەوەش لووتکەى رابەرایەتیکردنێکى کاریگەر بوو بە جەنابیان ؛ هەر ئەو هەڵوێستە ئازایەتى و قارەمانێیەتییەى جەنابى سەرۆک بارزانى ، نەک هەر کاریگەرى لە سەر مۆڕاڵ و ورەى پێشمەرگە کرد بەڵکو هەموو جیهانى ناچار کرد ،سەرنج بخاتە سەر ئیرادەى پۆڵاینى گەلى کورد و بێنە سەر هێڵ .
بۆیە ، رزگارکردنى شنگال بەسەرپەرشتى ڕاستەخۆى سەرۆک بارزانى ، سەلماندى کە ، بیروباوەرى ئەم ڕێبازە پیرۆزە کە رێبازى بارزانییە لە سەر بنەماى پارێزگاریکردنە لە شکۆ و ئیرادە هەموو پێکهاتە جیاوازەکان ؛ هەروەها ڕۆڵ و کاریگەرى و ئامادەبوونى هەر دوو پێشمەرگە و سەرکردە نێچیرڤان بارزانى و مەسروور بارزانى ، لەڕووى سیاسى و سەربازى و دیپلۆماسییەوە ، کاریگەرییەکى باش و گرنگى هەبوو ، بەتایبەتى ، هەوڵە بەردەوامەکان و کردنەوەى نووسینگەیەکى تایبەت بۆ پشتیوانیکردن و دۆزینەوە و رزگارکردنى ئێزدییەکان لە چەنگ تیرۆریستان ، هەوڵێکى گرنگ و کوردانە و ستراتیژیی بوو بۆ ئەو شەڕمەزارییەى کە جیهان تێکەوتبوو
لەهەمانکاتیشدا ، رووداوەکانى شنگال و جینۆسایدى ئێزدییەکان و ئینجا ئاواربوونى پێکهاتەکانى دیکەى ناوچەکە بەهۆى پەڵامارى تیرۆریستانى داعش ، هۆکارى سەرەکى بوون تا هاوپەیمانییەکى نێودەوڵەتى پێکبهێرێت ، بۆ شەڕ دژى تیرۆریستان ، هەروەها ئەو سەرکەوتنە دیپلۆماسییەى گەلى کورد و سەرۆک بارزانى بوو ، توانی پێشمەرگە ببێتە هێزى زەمینى و ئازادى لەسەر ئاستى هەموو جیهان .
دواى چەندین ساڵیش ، هەوڵەکانى سەرۆکى هەرێم و سەرۆکوەزیرانى کوردستان ، بەردەوامە بۆ پشتیوانیکردنى ئێزدییەکان و ئینجا رزگارکردنیان و گەڕاندنەوەیان بۆ نێو کەسوکاریان ،ئەوەش جگە لە کارە مرۆڤدۆستییەکە ، بەڵکو دیپلۆماسییەکى ژیرانە و فریادڕەسە بۆ رزگارکردنى مرۆڤایەتى ؛ مێژوو ولاپەرەکانى سەلمێنەرى ئەو راستییەن کە ؛ پێکەوەژیان و پارێزگاریکردن لە شکۆ وکەرامەتیان تەنها لە چوار چێوەى دروشم نییە ، بەڵکو یەک چارەنووس و یەک نیشتیمانە ، دوژمنانى کوردستانیش باش دەزانن و لە مێژە خۆیان تاقى دەکەنەوە ، هەمیشە ئیرادەى گەلى کورد ، بەسەر هەموو پیلانگێرى و هەوڵى قڕکردن و سڕینەوە سەردەکەوێت و ناحەزان ونەیارانى کوردیش هەمیشە ڕیسوا و شەرمەزار دەبن و شوێنیان زبڵدانى مێژووە









