کێ بڕیار دەدات چی ڕاستە ؟
ئەحمەد گلی
لە سەردەمی ئێستادا، شەڕەکان تەنها لە سنوور و مەیدانە سەربازییەکاندا ناکرێن, زۆرجار گەورەترین شەڕ لە ناو مێشکی مرۆڤ و لەسەر هۆشیاریی کۆمەڵگا دەگوزەرێت. ئەگەر لە ڕابردوودا چەک و سوپا ئامرازی داگیرکردن بوون، ئەمڕۆ میدیا و سۆشیال میدیا بوونەتە بههێزترین ئامراز بۆ ئاراستەکردنی بیرکردنەوەو گۆڕینی ڕاستییەکان و دروستکردنی ڕای گشتی.
لە هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرا میدیا ببێتە پایەیەکی گرنگ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری، پەرەپێدانی دیموکراسی و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی, بەڵام بە داخەوە بەشێکی زۆر لە میدیا لە پەیامی ڕاستگۆیی و پیشەگەرێتی دوور کەوتووەتەوە و بووەتە ئامرازێک بۆ دروستکردنی درۆ، چەواشەکردن و خزمەتکردنی بەرژەوەندیی تایبەت.
لە هەمان کاتدا، سۆشیال میدیا بە خێراییەکی بێ وێنە گەشەی کردووە, ئێستا ههزاران هەژماری چالاک لە پلاتفۆڕمە جیاوازەکان هەن و زۆربەی خەڵک هەواڵ و زانیارییەکانیان لە ڕێگەی شاشەی مۆبایلەکانیان وەردەگرن, ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆرجار ئەوەی خێراتر بڵاودەبێتەوە، ئەوە نییە کە ڕاستترە.
مەترسیی سەرەکی لە ژمارەی بەکارهێنەراندا نییە، بەڵکو لە ناوەڕۆکی ئەو زانیارییانەدایە کە هەموو ڕۆژێک بێ هیچ فلتەر و پشکنینێک دەگەنە مێشکی ملیۆنان کەس.
لە جیهانی سۆشیال میدیادا درۆ دەتوانێت پێش ڕاستی بگاتە خەڵک، هەواڵی ساختە دەتوانێت ئارامی کۆمەڵگا تێکبدات و هەژمارێکی ناشوناس دەتوانێت ناوبانگی کەسێک لە چەند خولەکێکدا لەناوببات!
مەترسییەکە زیاتر دەبێت کاتێک تەکنەلۆژیای نوێ وەک ژیریی دەستکرد و دیپفەیک دەچنە ناو یارییەکەوە, ئەم ئامرازانە دەتوانن وێنە، دەنگ و ڤیدیۆی ساختە دروست بکەن بە شێوەیەک کە جیاکردنەوەی لە ڕاستی زۆر ئاستەم بێت, لە کۆمەڵگایەکدا کە ناوبانگ و کەرامەتی تاک گرنگییەکی زۆری هەیە، ئەم جۆرە ساختەکارییانە دەتوانن ژیانی تاکەکەس و خێزانێک لەناوببەن.
لە نێو ئەم مەیدانەدا، ئافرهتان و منداڵان زیاترین زیان لێدەبینن, زۆرجار وێنە و زانیارییە تایبەتییەکان دەبنە ئامرازی هەڕەشە، ناچارکردن، شانتاژ و سووکایەتی. منداڵانیش، کە زۆربەیان بەبێ ئامادەکاری و هۆشیاریی پێویست دەچنە ناو جیهانی دیجیتاڵ، ڕووبەڕووی نێوەڕۆکی نەشیاو، چالنجە مەترسیدارەکان و هەوڵی فریودان دەبنەوە.
ئەگەر میدیای کلاسیکی لە هەندێک شوێن بووبێتە دەنگی بەرژەوەندیی تایبەت، سۆشیال میدیاش بە هۆی نەبوونی چاودێری و بەرپرسیارییەتی زۆر جار بووەتە گۆڕەپانی بێ سنوور بۆ درۆ، ڕق، شانتاژ و چەواشەکاری.
لەم دۆخەدا شەڕ تەنها شەڕی زانیاری نییە، بەڵکو شەڕی پاراستنی هۆشیاریی گشتی و ئاسایشی دەروونیی کۆمەڵگایە.
چارەسەری ئەم کێشەیە تەنها بە قەدەغەکردن یان سنووردارکردنی تەکنەلۆژیا نییە، چونکە تەکنەلۆژیا خۆی مەترسی نییە؛ شێوازی بەکارهێنانیەتی.
زۆر پێویستە ( هۆشیاریی دیجیتاڵ لە قوتابخانەکان بگوترێتهوه) گرنگی تایبهت بهم بوارهبدرێت بكرێت بهوانهی سهرهكی ڕۆژانه، خێزانەکان چاودێریی زیاتری منداڵەکانیان بکەن، میدیا بگەڕێتەوە بۆ بنەماکانی پیشەگەرێتی و یاساکانیش بتوانن پارێزگاری لە مافی بەکارهێنەران و قوربانییانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان بکەن.
ئەگەر ئەم هەنگاوانە نەگیرێن، ئەوا ئەو شاشانەی ئێستا پەنجەرەیەکن بۆ جیهان، دەتوانن ببنە دەروازەیەک بۆ تێکدانی متمانە، شیرازەی خێزان و هۆشیاریی کۆمەڵگا.
لە مەیدانی ڕاگەیاندندا، میدیا دەبێت دیوارێکی بەرگری بێت بۆ ڕاستی، و سۆشیال میدیاش دەبێت ئامرازێک بێت بۆ زانین و پێشکەوتن. بەڵام کاتێک هەردووکیان لە خزمەتی درۆ، چەواشەکاری و بەرژەوەندیی تایبەتدا بن، ئەوا مەترسییەکە لە هەر هێزێکی تر زیاتر دەبێت، چونکە ئەوەی ئامانج دەگرن نە زەوی و سنوور، بەڵکو مێشک و هۆشیاریی مرۆڤە.









