کیژان خەسرەو، هونەر لای من تەنها خولیا نییە..

دیدار، بێوار حسێن زێباری:

کیژان خەسرەو، شێوەکارم هەرچەندە خوێندنی ئەکادیمیم لە بواری گرافیک دیزاین تەواو کردووە، بەڵام جیهانی ڕەنگەکان و کێشانی تابلۆ لەسەر قوماش (Canvas) ئەو شوێنە بوو کە خۆمم تێدا دۆزییەوە. ئێستا بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ سەرقاڵی وێنەکێشانم و وەک بزنسێکی سەربەخۆ کارەکانم پێشکەش دەکەم.
هەر لە سەرەتاوە خولیای وێنەکێشان لە ناخمدا هەبوو، هەر بۆیە بڕیارم دا بە شێوەیەکی زانستی لە کۆلێژی هونەر بیخوێنم. دوای تەواوکردنی خوێندن ، تێگەیشتم کە دەتوانم ئەم بەهرەیە بکەمە کارێکی سەربەخۆ و وەک پیشەیەک کاری لەسەر بکەم .
لە ئێستادا تەواوی کات و وزەی خۆم بۆ کێشانی تابلۆ تەرخان کردووە. هونەر لای من تەنها خولیا نییە، بەڵکو کارێکی ڕۆژانەی جدییە و هەموو هەوڵێکم ئەوەیە وەک براندێکی تایبەت لە بواری شێوەکاریدا گەشەی پێ بدەم
ئەگەر شێوەکاری پیشەی من نەبوایە، بێگومان هەر لەناو بازنەی هونەردا دەمامەوە. دەستی هونەر و ئەو خولیایەی لە ڕۆحمدا هەیە، وای لێ دەکردم بەرەو بواری تەلارسازی، دیزاینی دیکۆری ماڵ، یان دیزاینی جلوبەرگ کارم بکردایە. هەروەها خولیایەکی زۆرم بۆ بواری جوانکاری (Beauty) هەیە؛ پێم وایە ماکیاژ و جوانکاریش جۆرێکی ترن لە شێوەکاری ،پێم وایە هەموو ئەم بوارانە لە یەک خاڵدا یەک دەگرنەوە، ئەویش چاندنی جوانییە لەناو ژیاندا.
تا ئێستاش خولیایەکی زۆرم بۆ ئەو جۆرە کارانە هەیە، چونکە من هەموو جیهان وەک تابلۆیەکی گەورە دەبینم کە دەکرێت کاری تێدا بکرێت.
من بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر کانڤاس کار دەکەم و هەردوو ڕەنگی زەیتی و ئەکریلیک بەکار دەهێنم.
ستایڵی کارەکانم هەمەجۆرە؛ لە پۆرترەیتەوە تا دەگاتە ستایلی مۆدێرن.
لەبەر ئەوەی کارەکەم وەک بزنسێک ڕێکخستووە، زیاتر گرنگی بە ویست و حەزی کڕیارەکانم دەدەم.
تابلۆکانم بەپێی ئەو دیکۆر و شوێنە دروست دەکەم کە بڕیارە تابلۆکەی لێ دابنرێت، بۆ ئەوەی هاوسەنگییەکی تەواو لە نێوان هونەر و ژینگەی دەوروبەریدا هەبێت.
من بڕوام بەوەیە کە هونەرمەند نابێت بوەستێت؛ ئەگەر سیمیناریش نەبێت، پێویستە خۆمان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەدوای زانیاریدا بگەڕێین.”

  • “تەکنەلۆجیا ئاسۆیەکی فراوانی بۆ من کردووەتەوە تا لە ماڵەکەی خۆمەوە ئاشنای ستایڵی هونەرمەندە گەورەکانی جیهان ببم ئاشنا بم بە تەکنیکە جۆر بەجۆرەکان ، هونەریش رێگایەکی فراوانەو بەردەوام لە نوێگەریدایە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاشنای کار و جالاکی تازە دەبیت .
    وەک پیشەی سەرەکیم، تابلۆکانم دەفرۆشم. پڕۆسەی کارکردنم بەو شێوەیەیە کە کڕیارەکانم پەیوەندیم پێوە دەکەن، پێکەوە باس لە بیرۆکە و ئەو دیکۆرە دەکەین کە تابلۆکەی تێدا دادەنرێت، پاشان من بە ڕۆحێکی هونەرییەوە کارەکەیان بۆ جێبەجێ دەکەم.
    بەدڵنیاییەوە. هونەر زمانێکی جیهانییە. تابلۆیەک دەتوانێت کێشەیەکی گەورە یان جوانییەکی شاراوە نیشان بدات کە خەڵک بە وشە نەیبینن، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ گۆڕینی بیرکردنەوە.

پەیامی من بۆ هەمووان ئەوەیە: ڕێگە بدەن هونەر بەشێک بێت لە ژیانتان، چونکە ژیان بێ ڕەنگ و داهێنان زۆر بێدەنگ و ساردە.