هەڵمەتێکی پەرلەمانی بۆ پاراستنی مافی جوتیارانی کوردستان و کۆتاییهێنان بە جیاکاری دەستپێدەکات
زێیێ بادینان – ئارام شێرکۆ
عەلی شێخ خاڵس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان)، لە لێدوانێکی تایبەتدا ڕایگەیاند: دوای ئەوەی لە دانیشتنی ژمارەی 18 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە لە 5 / 5 / 2026 بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵدا نادادپەروەری و جیاکاری لە وەرگرتنی بەروبوومی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستاندا بەدی کرا، هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ کۆکردنەوەی واژۆی ئەندامانی پەرلەمان دەستی پێکردووە.
عەلی شێخ خاڵس ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە وەک ئەرکێکی نیشتمانی و دەستووری هاتووەتە ئاراوە، بە ئامانجی پاراستنی مافە شایستەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و چەسپاندنی هاوسەنگی لە مامەڵەکردنی دەوڵەت لەگەڵ سەرجەم جوتیارانی عێراقدا.
ئەو ئەندام پەرلەمانە گوتیشی: تا ئێستا توانیم پاڵپشتی و واژۆی زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبکەمەوە و داواکارییەکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەن کراوە، بە مەبەستی دەرکردنی بڕیارێکی پەرلەمانی کە حکومەتی فیدراڵ پابەند بکات بە جێبەجێکردنی چەند خاڵێکی ستراتیژی و سەرەکییەوە.
گرنگترین خاڵەکانی نێو داواکارییەکە بریتین لە:
- چەسپاندنی یەکسانی: هێنانەدی دادپەروەری لە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوە و هاوتای پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
- وەرگرتنی تەواوی بەرهەم: کۆتاییهێنان بە سنووردارکردنی بڕی وەرگیراو و وەرگرتنی تەواوی بەرهەمی جوتیاران، بێ گوێدانە ئەوەی گەنمەکە لە ناو پلانی کشتوکاڵیدا بێت یان دەرەوەی پلان.
- پاڵپشتیی بەرهەمی ناوخۆ: پاراستنی ڕەنج و ماندووبوونی جوتیاران و ڕێگریکردن لەو زیانە داراییە گەورانەی ساڵانە بەهۆی ناچاربوونیان بە فرۆشتنی بەرهەمەکانیان بە نرخێکی نزم ڕووبەڕووی دەبنەوە.
لە کۆتایی عەلی شێخ خاڵس جەختی کردووەتەوە کە: «پاراستنی مافی ڕەوای جوتیاران، داکۆکیکردنە لە ئاسایشی خۆراک و پایە ئابوورییەکانی تەواوی وڵات.»









