کەرکووک و پێویستی بە پشتوێنەیەکی سەوزە بۆ ڕزگارکردنی ژینگە

ئارام شێرکۆ کەرکووک

کەرکووک ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستی بە دروستکردنی “پشتوێنەیەکی سەوز” هەیە؛ هەوڵێک بۆ پاراستنی ژیانی دانیشتوان، خاوێنکردنەوەی هەوا و ڕزگارکردنی ژینگەی شارەکە لە مەترسییەکانی پیسبوون.
شارەکە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی زیادبوونی گەرد و خۆڵ، بەرزبونەوەی پلەی گەرما و پیسبوونی هەوا بووەتەوە؛ ئەو کێشانەی کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان و نەوەکانی داهاتوو هەیە.
بوونی هەردوو کۆمپانیای نەوتی باکوور و غازی باکوور، لەگەڵ ژمارەیەک پاڵاوگە و کارگەی جۆراوجۆر، بەشێکی سەرەکی هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا و دروستبوونی ژینگەیەکی ناتەندروستن لە کەرکووک.
بەڵام لە بەرامبەر ئەم مەترسییانەدا، چالاکوانان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان هەوڵێکی بەرچاویان داوە بۆ سەوزکردنی شار و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی، بەو هیوایەی کەرکووک ببێتە شارێکی پاکتر و گونجاوتر بۆ ژیان.
پسپۆڕانی ژینگە ئاماژە بەوە دەکەن کە زیادکردنی ناوچە سەوزەکان دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە کەمکردنەوەی گەرد و خۆڵ، نزمکردنەوەی پلەی گەرما و باشترکردنی کوالێتی هەوا؛ ئەوەش ڕاستەوخۆ کاریگەری باش لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان دەبێت.