هەرێم و بەغدا ڕێککەوتن

نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ئاشکرای کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە 14 خاڵ رێککەوتن، بەڵام هێشتا 4 خاڵ ماوەتەوە کە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر نەکراوە.

بەپێی وتەکانی نەوزاد غەفور، ئەو 4 خاڵەی جیاوازی بۆچوون لەسەریان هەیە، بڕیارە لە ئەنجومەنی وەزاری ئابووری چارەسەر بکرێن. هەروەها بەغداد ماوەی 4 مانگی دیاریکردووە بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان.

لە 28ی نیسان، شاندێکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عیراق، و نوێنەرانی وەزارەتە فیدراڵییە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوە. بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، ئەو 4 خاڵەی ناکۆکی بریتین لە باجی گومرگی، دابینکردنی دۆلار بۆ بازرگانان، هێمای بازرگانی و میکانیزمی لێخۆشبوونی گومرگی.

لە لایەکی دیکەوە، بەغداد پێداگری دەکات کە داهاتی باجی گومرگی دەروازە وشکانییەکانی هەرێم ڕاستەوخۆ بخرێتە ناو خەزێنەی گشتیی عیراق، بەڵام هەرێمی کوردستان داوا دەکات باجەکان لە دەروازەکانی خۆی کۆبکرێنەوە و 50%ی بۆ بەغداد بنێردرێت.