مووچە گەمارۆیەکی ئابووریی ناڕەوایە
ستار ئەحمەد
پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسایی و مرۆیی خۆی دەرچووە و بووەتە ئامڕازێکی گوشاری ڕامیاریی توند، کە بەغدا دژی هاوڵاتیانی هەرێم بەکاری دەهێنێت. ئەوەی ئەمڕۆ لە نێوان ناوەند و هەرێمدا دەگوزەرێت، تەنها کێشەیەکی تەکنیکی یان ژمێریاری نییە، بەڵکو گەمارۆیەکی ئابووریی ناڕەوایە کە ئامانج لێی لاوازکردنی قەوارەی هەرێم و تێکدانی ئارامیی کۆمەڵایەتییە لە ڕێگەی لێدان لە بژێویی تاکی کورد.
دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدا، سەرەڕای ئەوەی هەموو مەرج و بیانووە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی بڕیوە، هێشتا بە سیاسەتی کات کوشتن و دۆزینەوەی کۆسپ مامەڵە لەگەڵ شایستە داراییەکانی فەرمانبەران دەکات. ئەم ڕەفتارەی بەغدا پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای بنەماکانی دەستوورە، چونکە مووچە وەک مافێکی سروشتی و سەرەتایی مرۆڤ، نابێت تێکەڵی ململانێیەکان و دۆسیە ئاڵۆزەکانی نەوت و گاز بکرێت. فەرمانبەرێکی هەرێم، وەک هەر هاوڵاتییەکی تری وڵات، ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و لە بەرامبەردا دەبێت مافە داراییەکانی بەبێ دواکەوتن پێبدرێت، نەک بکرێتە قوربانیی بڕیارە ڕامیارییەکانی ناوەند.
ئەوپەڕی نادادی و دووڕووییە ،کە دەبینین داهاتی ئەم نیشتمانە بە لێشاو بۆ وڵاتانی دراوسێ وەک ئێران و چەندین شوێنی تر دەڕوات، یان لەژێر ناوی جیاوازدا هاوکاریی مادیی وڵاتانی تری پێدەکرێت، کەچی کاتێک نۆرە دەگاتە مووچەخۆری کورد، بەغدا دەبێتە پارێزەری وردبینی و یاسا…!
چۆن دەبێت بەغدا هێندە بەخشندە بێت لە دابینکردنی بژێویی وڵاتانی تر، بەڵام بەرامبەر بە ماندووبوونی فەرمانبەری هەرێم کە هاونیشتمانی خۆیەتی، قرچۆک و توند بێت….؟
ئەمە تەنها یەک ڕاستی دەسەلمێنێت؛ ئەویش ئەوەیە کە بەغدا هێشتا وەک هاوڵاتیی پلە یەک سەیری کورد ناکات و ناسنامە نەتەوەییەکەی کردووەتە بیانوو بۆ بێبەشکردنی لە مافە سەرەتاییەکانی.
ئەو سیاسەتەی ئێستا بەغدا پەیڕەوی دەکات، جۆرێکە لە سزادانی بەکۆمەڵی گەلێک کە تەنها تاوانی ئەوەیە داوای مافە دەستوورییەکانی خۆی دەکات. بیانووەکانی بەغدا سەبارەت بە وردبینی و لیستی ناوەکان، چیتر کەس بڕوای پێناکات ، چونکە هەمووان دەبینن بۆ پارێزگاکانی تری عێراق نەک هەر مووچە، بەڵکو بودجەی ئاوەدانکردنەوەش بەبێ هیچ بەربەستێک خەرج دەکرێت، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان، یاساکان دەبنە تەڵە بۆ برسیکردنی خەڵک.
ئەم بێباکییەی حکومەتی ناوەندی بەرامبەر بە ژیانی مامۆستایان، کارمەندانی تەندروستی، پێشمەرگە و هەموو توێژەکانی تر، نیشانەی ئەوەیە کە ئەقڵییەتی خۆسەپاندن هێشتا زاڵە. ئەوان دەیانەوێت بژێویی خەڵک بکەنە ئامڕازێک بۆ لەناوبردنی ئەو دەستکەوتانەی بە خوێنی هەزاران قوربانی بەدەست هاتوون. جیاکاری لە پێدانی مووچەدا، گەورەترین مەترسییە بۆ سەر پێکەوەژیان، چونکە نادادپەروەری هەمیشە دەبێتە هەوێنی تووڕەیی.
ڕاستیەکەی ئەوەیە، کە کێشەی مووچە تەنها کێشەی حکومەتی هەرێم نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی گەورەی ئاکاریی و یاساییە لەسەر شانی بەغدا. بەردەوامبوون لەم سیاسەتی پشتگوێخستنە، تەنها دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات. کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوشار بخەنە سەر ناوەند،هەتا چیتر یاری بە بژێویی خەڵکی کوردستان نەکات، چونکە نان و ژیان هێڵی سوورن و نابێت بکرێنە سووتەمەنیی هیچ بەرژەوەندییەکی حیزبی و سیاسی.









