ئارامیی دەروون و ڕاستیی ناخ
ئارامیی دەروون و ڕاستیی ناخ
ئەمیرە ئەنوەر
دڵت ماندوو مەکە بەوەی چاوەڕێ بکەیت خەڵک لە ڕاستیی ناخت تێبگەن؛ چونکە هەرچەندە ڕوونی بکەیتەوە، ئەوان تەنها ئەوە دەبینن کە عەقڵیان بڕی پێ دەدات و تەنها ئەوەش دەبیستن کە لەگەڵ ویستی دڵیاندا دەگونجێت. لەوانەیە تۆ بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە بدوێیت، کەچی ئەوان بە درۆزن تۆمەتبارت بکەن؛ ڕەنگە نیەتت زۆر پاک بێت، بەڵام ئەوان گومانی خراپت پێ ببەن.
ئەوەی پەردەیەک لەسەر دڵی بێت، هەرگیز پاکیی ناخت نابینێت، بەڵام مرۆڤی خاوەن دڵێکی بێگەرد، بەبێ پێویستی بە پاساو و ڕوونکردنەوە لە تۆ تێدەگات. بزانە کە بەرگریکردنی زۆر لە خۆت، لاوازت دەکات و زیادەڕۆیی لە ڕوونکردنەوەش، لە بەها و قەدرت کەمدەکاتەوە. وازبێنە با کردەوەکانت لە جیاتی تۆ بدوێن و لێگەڕێ با کات خۆی ڕاستییەکان ئاشکرا بکات؛ چونکە ڕۆژگار هەرگیز درۆزن بە داپۆشراوی ناهێڵێتەوە و ڕاستگۆش هەرچەندە کات بخایەنێت، هەرگیز ناشاردرێتەوە.
هیچ کات دڵت بە چەپڵەڕێزانی خەڵکەوە گرێ مەدە و بە ڕەخنەکانیشیان دڵتەنگ مەبە؛ ئەوانەی ئەمڕۆ لەگەڵتن، لەوانەیە بەیانی لە دژت بن. کەواتە نیەتت پاک بکەرەوە و بە هەنگاوی جێگیر لە ڕێگەکەت بەردەوام بە. ژیان زۆر کورتترە لەوەی بەفیڕۆی بدەیت بۆ ڕوونکردنەوەی نیەتەکانت بۆ کەسێک کە نایەوێت تێبگات.









