کوردستان و لێزمەی مووشەک ودووڕوویی
ستار ئەحمەد
لەناو گۆڕەپانی رامیاریی ئێستای عێراقدا، جۆرە بیرکردنەوەیەکی سەیر و نامۆ سەری هەڵداوە کە لەگەڵ هیچ کام لە بنەماکانی دەوڵەتداری و ڕێسا باوەکانی پێکەوەژیاندا ناگونجێت. ئەم دۆخە نەک هەر نادادییەکی ئاشکرایە، بەڵکو نیشاندەری ڕەفتارێکی دووڕووییە، کە دەیەوێت هەرێمی کوردستان تەنیا وەک ڕێڕەوێکی دارایی ببێنێت و لە هەمان کاتدا وەک ئامانجێکی جەنگی مامەڵەی لەگەڵ بکات. چۆن دەکرێت دەسەڵاتێک، بە ڕۆژ گەمارۆی ئابووری و بڕینی مووچە وەک چەکێک بەکاربهێنێت و بە شەویش لە ڕێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بنکە ئابوورییەکان، وێستگەکانی کارەبا و پاڵاوگەکان بپێکێت، کەچی دواتر بەوپەڕی بێباکییەوە داوا بکات هەمان ئەو خاک و ڕێگایانە ببنە شوێنی گواستنەوەی سامانە سروشتییەکان بۆ دابینکردنی گیرفانی ئەوانەی کە سەرچاوەی هەڕەشە و ترس و لەرزی بەردەوامن…؟
ئەم شێوازە لە هەڵسوکەوت، تاقیکردنەوەیەکی گەورەی ویژدان و ڕاستگۆییە بۆ هەموو ئەو دەنگانەی، کە شەو و ڕۆژ باس لە پاراستنی نیشتمان و یەکپارچەیی خاک دەکەن. کاتێک باس دێتە سەر مافە داراییەکان و نانی سەرخوانی خەڵکی کوردستان، کتوپڕ یاسا و بڕیارەکان دەبنە بەربەست و پەنا بۆ تۆمەتبارکردن بە خیانەت و هاوکاریی بێگانە دەبرێت. بەڵام کاتێک بەرژەوەندییە داراییەکانی ناوەند دەکەونە مەترسییەوە، هەمان ئەو خاکەی کە بۆردومان دەکرێت، دەبێتە خاکێکی پیرۆز و دەبێت بێ ئەملاو ئەولا لە خزمەت هەناردەکردنی نەوتدا بێت. ئەمە جۆرێکە لە قۆستنەوەی سیاسی کە تێیدا تەنیا ئەرکەکان بۆ کوردن و مافەکانیش بۆ ئەو لایەنانەی کە بەردەوام هەڕەشە لە ئارامیی ناوچەکە دەکەن. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: کێ بەم گاڵتەجاڕییە ڕازی دەبێت…؟
چۆن دەکرێت لایەنێک نیشتمانی بوونی خۆی لەسەر برسی کردنی بەشێکی تر لە هاونیشتمانیانی بونیاد بنێت…؟
ئەم فشارە هەمەلایەنەی سەر کوردستان، پەیامێکی مەترسیدار لەناو خۆیدا هەڵدەگرێت، ئەویش ئەوەیە کە لایەنی بەرانبەر تەنیا بایەخ بە سامانی سەر زەوی و ژێر زەویی ئەم نیشتمانە دەدات، نەک بە ژیان و شکۆی مرۆڤەکان. کاتێک وێستگەیەکی کارەبا دەکرێتە ئامانج، تەنیا زیان بە ئابووری ناگات، بەڵکو ماڵی هەزاران هاوڵاتی دەخرێتە ناو تاریکییەوە، کەچی هەمان ئەو لایەنەی فەرمانی بۆردومانەکە دەدات، داوا دەکات بەرهەمی نەوتی کوردستان ڕەوانەی دەرەوە بکرێت تا مووچەی ئەو کەسانەی پێ دابین بکرێت کە پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەی مووشەکەکانە. ئەمە چ جۆرە هاوبەشییەکە…؟
لە کام فەرهەنگی رامیاری و مرۆییدا هاتووە کە مرۆڤ ناچار بکرێت نان بداتە ئەو کەسەی کە دەیەوێت بێ نانی بکات…….؟
ئەوەی جێگەی داخە، ئەو هەوڵە بەردەوامەیە بۆ وێناکردنی کوردستان وەک قوربانییەکی بێدەنگ کە تەنیا لە کاتی پێویستیدا بە بەشێک لە وڵات هەژمار دەکرێت. داواکردنی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆڕییەکانی هەرێمەوە، بێئەوەی سەرەتاییترین مافەکانی دانیشتووانەکەی دابین بکرێت، تەنیا یەک ناوی لێدەنرێت، ئەویش ژێردەستەییەکی ئابوورییە لەژێر پەردەی یاسادا. ناکرێت چاوەڕوانی ئەوە لە خەڵکی کوردستان بکرێت، کە کلیلەکانی ژیان و سامانی خۆیان بدەنە دەست لایەنێک کە بەردەوام هەوڵی تێکدانی تەبایی و وێرانکردنی شوێنە مەدەنییەکانیان دەدات. ئەم بیرکردنەوەیە دەیەوێت قوربانییەکە، هەموو ئامرازەکانی ژیانی خۆی بخاتە خزمەت ئەو کەسەی کە گەمارۆی خستووەتە سەری، ئەمەش نەک هەر نادادییە، بەڵکو سووکایەتی کردنە بە شکۆی سیاسی و مرۆیی هەموو تاکێکی ئەم نیشتمانە. لە ڕاستیدا ئەمە جۆرە ململانێیەکی نایەکسانە کە تێیدا دەسەڵاتی ناوەند دەیەوێت بە چەک نەیارەکانی بێهێز بکات و بە نەوتیش بژێوی خۆی دابین بکات، لە کاتێکدا هەمان ئەو داهاتە دەبێتە سەرچاوەی هێز بۆ ئەو گروپانەی کە بە ئاشکرا دژایەتی بوونی هەرێم دەکەن.
لەکۆتاییدا، سیاسەتی بۆردومانکردن و برسیکردن هاوشانی داوای هاوکاری و بەکارهێنانی ژێرخان، هیچ ئەنجامێکی نابێت جگە لە قووڵکردنەوەی برینەکان و نەمانی متمانە لەنێوان پێکهاتەکاندا. کاتی ئەوە هاتووە ،کە لایەنەکان تێبگەن نیشتمانپەروەری بە مووشەک و تۆمەتبارکردن نایەتە دی، بەڵکو بە ڕێزگرتن لە مافە بنەڕەتییەکان و پاراستنی ژیانی هەموو هاوڵاتیان بێ جیاوازی دەبێت. هەر هەوڵێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کوردستان وەک تەنیا ڕێڕەوێکی گواستنەوە نەک وەک ناوچەیەکی پڕ لە ژیان و مێژوو، شکستخواردووە و تەنیا خزمەت بەو دەنگە توندڕەوانە دەکات کە نایانەوێت دادپەروەری لەم وڵاتەدا جێگیر بێت. ئەوەی ئێستا ڕوودەدات نادادییەکی گەورەیە کە مێژوو لە بیری ناکات و پێویستی بە هەڵوێستێکی نیشتمانیی ڕاستەقینە هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم نێوانگیرییە خراپە. ناکرێت چیتر بێدەنگی بەرانبەر بەم دژایەتییە هەڵبژێردرێت؛ چونکە ژیان لەنێوان لێزمەی مووشەک و گرمەی بۆڕییەکاندا، ژیانێکی پڕ لە ستەمە کە هیچ مرۆڤێکی ئازاد ناتوانێت چاوپۆشی لێ بکات.









