هەڵەبجە ، لەنێوان برینی کۆمەڵکوژی و ئومێدی ئاوەدانکردنەوەدا
لوقمان عوسمان گە ڵاڵی
هەڵەبجە تەنیا شارێک نییە کە بە گازی ژەهراوی خنکێنرابێت، بەڵکو سیمبولی ناسنامەی نەتەوەیەک و ویژدانی زیندوی کوردستانە. ئەگەر دوێنێ دوژمنانی کورد ویستیان بە (بۆنی سێو) کۆتایی بە ژیان لەم شارە بهێنن، ئەوا ئەمڕۆ بە حیكمەت و پێداگریی سەرۆک مەسعود بارزانی، هەڵەبجە وەک نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان ناسێنرا. ئەم بڕیارە تەنیا گۆڕانکارییەکی کارگێڕی نەبوو، بەڵکو وەفایەک بوو بۆ خوێنی شەهیدان و داننان بوو بە شکۆی خەڵکە تێکۆشەرەکەی لە دوای ساڵانێک لە ئازاری کۆمەڵکوژی.
٭ کابینەی نۆیەم، هەنگاوی کردەیی بۆ هەڵەبجە و هەورامان :
لەسەر ئاستی جێبەجێکردن، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، پرسی خزمەتکردنی هەڵەبجە و دەوروبەری کردووەتە ئەولەویەتی کارەکانی. سەردانی مەیدانیی بەڕێز سەرۆکی حکومەت بۆ ناو جەرگەی هەڵەبجە و دەڤەری هەورامان، پەیامێکی ڕوون بوو: (هەڵەبجە شایستەی باشترینە). لەم کابینەیەدا، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، بونیادنانی ژێرخانی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتی گەشتیاریی هەورامان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە حکومەت نایەوێت هەڵەبجە تەنیا لە 16ی ئازاردا یادی بکرێتەوە، بەڵکو ئامانج ئەوەیە ببێتە ناوەندێکی گەشاوەی بازرگانی و گەشتیاری.
٭ یەکڕیزی و متمانە، ڕێگای گەیشتن بە ئاوەدانیی زیاتر:
مێژوو سەلماندوویەتی کە هەر کاتێک دەستی خزمەتگوزاری و ئاوەدانیی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتبێتە هەر بستێکی ئەم نیشتمانە، سیمای ئەو ناوچەیە گۆڕاوە. وەک چۆن ئەمڕۆ هەولێری پایتەخت و دهۆکی ڕەنگین بوونەتە نموونەی پێشکەوتن لەسەر ئاستی ناوچەکە، ئاوهاش ئاواتی دڵسۆزان ئەوەیە کە دەستی پارتی و ڕێبازی بارزانی بە تەواوی بگاتە هەڵەبجە بۆ سارێژکردنی برینەکان.
پێویستە هەڵەبجەییەکان و خەڵکی سەربەرزی سلێمانی و گەرمیان متمانەی خۆیان بدەنە ئەو هێزەی کە جیاوازی لە نێوان شارەکاندا ناکات. بۆ پارتی و سەرۆک بارزانی ، بارزان و هەڵەبجە، هەولێر و سلێمانی، سۆران و گەرمیان، یەک جەستە و یەک نیشتمانن. داهاتووی هەڵەبجە لەوەدایە کە متمانە بەوانە بکرێت کە خاوەنی بڕیاری سیاسیی بەهێز و کرداری ئاوەدانکارانەن.
هەڵەبجە برینێکی ساڕێژنەبووە، بەڵام ئیرادەی ژیان تێیدا لە ژەهری بەعس بەهێزترە. ئەمڕۆ کە یادی ئەو کارەساتە دەکەینەوە، تەنیا بۆ گریان نییە، بەڵکو بۆ دووپاتکردنەوەی ئەو بەڵێنەیە کە: (نایەڵین هەڵەبجە بە تەنیا بێت). بە یەکڕیزی و متمانەبوون بە ڕێبازی نیشتمانی، هەڵەبجە دەکەینەوە بەو بەهەشتەی کە دوژمنان خەونیان بە وێرانکردنییەوە دەبینی.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی جینۆسایدی هەڵەبجە و تەواوی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.









