شیعر شکۆی بوون و ئازادییە
ستار ئەحمەد
شیعر تەنها ڕیزکردنی وشە نییە، بەڵکو قووڵترین شێوازی دەربڕینی مرۆڤە بۆ چەسپاندنی بوونی خۆی. مرۆڤ لە کاتی پەنابردن بۆ شیعر، لە ناخەوە هەست بە جۆرە ڕێز و شکۆیەک دەکات ،لە هیچ کایەیەکی تری ژیاندا دەستی ناکەوێت. ئەو ساتەی شاعیر وشەکان دەهۆنێتەوە، هەستێکی باڵای ئازادی دایدەگرێت؛ ئازادییەک سنوور ناناسێت و ڕۆحی، لە هەموو کۆت و بەندێکی بێدەنگی ڕزگار دەکات. لەم بازنە پیرۆزەدا، پلە و پایەی دنیایی و سامانی گیرفان دەبنە شتێکی پووچ و ڕووکەش، چونکە مرۆڤ تێدەگات خاوەنی ڕاستەقینەی خۆیەتی و هیچ هێزێکی زەمینی لە سەرووی ئەوەوە دەسەڵاتدار نییە، تەنها یەزدانی مەزن نەبێت. ئەم هەستی سەربەخۆییە دەروونییە، لوتکەی ئەو ئازادییەیە شیعر بە مرۆڤی دەبەخشێت.
شیعر گەورەترین سەنگەرە بۆ بەرگریکردن لە ستەمدیدەکان و هاوارکردن بە ڕووی مافدا. شیعر ڕاوەستانێکی سەخت و نەبەردە بەرامبەر نادادی و ستەمکاران؛ چەکێکە لە بری فیشەک، وشەی پڕ واتاو پرشنگ بەخش دەبارێنێ. شیعر وشەیە و وشەی پاکیش بەخششە. ئەم هونەرە باڵایە خزمەتکردنی ئەو قەڵەمەیە یەزدانی مەزن سوێندی پێ خواردووە و لە یەکەمین ئایەتە دابەزیوەکاندا جەختی لەسەر کراوەتەوە. شاعیر بە قەڵەمەکەی تۆوی تەبایی و یەکتری قبوڵکردن و هاریکاری لە ناو کۆمەڵگەدا دەچێنێت. ئەگەر شیعر نەبێت، جوانییەکانی ژیان ڕەنگ و بۆیان نامێنێت؛ چونکە بنەمای ئاواز و مۆسیقا و سروود و گۆرانی، هەر شیعرە. شیعرە دەبێتە مارشی نەتەوەیی و گەلەکەمان بە هەموو جیهان دەناسێنێت.
لە ڕووی پەروەردەییەوە، شیعر وەک یەکەمین چەکەرەی ڕۆشنبیری لە دەروونی منداڵدا، خەیاڵیان فراوان دەکات و زمانیان پاراو دەکات. کاتێک منداڵ لەگەڵ مۆسیقای شیعردا گەورە دەبێت، هەستی مرۆڤدۆستی لە ناخیدا جێگیر دەبێت. شیعر خوێندنگایە، منداڵ فێری متمانە بەخۆبوون و خۆشەویستی ژیان دەکات، وەک ئەوەی لە بەرهەمی مناڵاندا دەبینرێت .. شیعر نەتەوە هۆشیار دەکاتەوە و وا لە نەوەی نوێ دەکات بە شانازییەوە سەیری مێژوو و خاکی خۆیان بکەن. شیعر تۆوی نیشتمانپەروەری لە دەروونی گەنجاندا دەچێنێت و فێریان دەکات خاکی ئەوان شکۆیانە و نابێت هەرگیز نۆکەری و ژێردەستەیی قبوڵ بکەن.
شیعر ترپەی دڵە و ئەلبوومی مێژوویەکی زیندووە، بۆ مانەوەی ناوو یادی شەهیدان دەمێنێتەوە. وشەی شیعر نابێت تەنها بۆ وەسف بێت، بەڵکو دەبێت ببێتە پارێزەری ئەو خوێنەی لە پێناو ئازادیدا ڕژاوە. شیعر پرۆسەی داماڵینی ناخ و ڕۆحی مرۆڤە لە پەڵە و کینەی ژیان؛ دەروون بە پرشنگی مرۆڤایەتی دەڕازێنێتەوە. ئەگەر شیعر نەمێنێت، مرۆڤایەتیش لەبار دەچێت، چونکە بە نەمانی، ژیانی مرۆڤ کۆتایی دێت.









