پرسی سەرۆککۆمار ، کۆتاییهێنان بە قەیرانە دووبارەبووەکان بە دیدگایەکی بارزانییانە
[ لوقمان عوسمان گە ڵاڵی]
لە نێوەندی ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی کە جارجارە بەرۆکی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەگرێت، پرسی پۆستی سەرۆککۆمار وەک یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکان دەمێنێتەوە، کە هەمیشە پێویستی بە دیدگایەکی نەتەوەیی و یاسایی ڕوون هەبووە بۆ تێپەڕاندنی ئەو تەنگژانەی لە کاتی پێکهێنانی حکومەتەکاندا سەرهەڵدەدەن. جەختکردنەوەی دوایی سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، دەربارەی ئەوەی کە ئەم پۆستە پشکی بێ ئەم لاو ئەولای گەلی کوردە، پەیامێکی سیاسی قووڵە کە ئامانجی تەنها دیاریکردنی ناوێک نییە، بەڵکو ئامانجی چەسپاندنی پرەنسیپێکی دەستووری و نەتەوەییە، کە ڕێگری لە هەر هەوڵێکی پەراوێزخستن دەگرێت. سەرۆک بارزانی بە حیكمەتی سیاسی خۆیەوە پەنجەی خستووەتە سەر ناوکی کێشەکە، کە ئەویش نەبوونی میکانیزمێکی چەسپاو و دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی بەربژێرەکان. ئەم دیدگایە ئەوە دەسەلمێنێت کە پرۆسەی سیاسی عێراق چیتر بەرگەی ئەوە ناگرێت هەموو جارێک لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا تووشی ئیفلیجی و کێشەی گەورە ببێتەوە. هەر بۆیە پێویستیی بوونی میکانیزمێکی جێگیر، دەبێتە زەرورەتێکی مێژوویی بۆ ئەوەی ئەم پۆستە وەک نوێنەری باڵای کورد لە بەغدا پارێزراو بێت و نەبێتە قوربانیی بەرژەوەندییە کاتییەکان. ئەم جەختکردنەوەیەی سەرۆک بارزانی ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی ماڵباتی سیاسی کورد بە یەکگرتوویی و بەپێی پێوەرە نەتەوەییەکان مامەڵە لەگەڵ ئەم ئیستحقاقەدا بکەن و چیتر ڕێگە نەدرێت ململانێ ناوخۆییەکان یان دەستوەردانی لایەنە عێراقییەکان کاریگەری بکەنە سەر ئەم پشکە ڕەسەنەی کورد. چونکە سەرۆککۆمار لە سیستەمی سیاسی عێراقدا پارێزەری دەستوورە و بوونی میکانیزمێکی ڕوون بۆ هەڵبژاردنی، نەک تەنها پاشەڕۆژی سیاسی کورد گەرەنتی دەکات، بەڵکو سەقامگیری بۆ هەموو عێراق دەهێنێتە کایەوە و پرۆسەی دیموکراسی لە هەڵە و خلیسکان دەپارێزێت.









