بارزانی ،رێبەرێك و پێشەوایي رزگاریخوازی نەتەوەیەك..


رێبوار حه‌مه‌لاو شوانی

كەسایەتی بارزانی وەكو سەركردەیەك. وەكو رێبەرێك و پێشەوایەكی رزگاریخوازی نەتەوەیەك كە نزیكەی بۆ ماوەی نیو سەدە بێ پسانەوە رابەرایەتی شۆڕشی نەتەوەیەكی كردووە، نەك هەر ئەوە هەڵدەگرێ پەڕتووكێك یان لێكۆڵینەوەیەكی لەسەر بنووسرێت، بەڵكو دەكارێت دەزگەی تایبەت و سەنتەری زانستی بۆ دابمەزرێت و بەردەوام تۆژینەوەی لەبارەوە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی هەم لە یادەوەری مێژوودا بە نەمری بمێنێتەوەو، هەمیش لە رێگەی ئەو لێكۆڵینەوانەوە بە نەوەی نوێ ئاشنا بكرێت و پەندو ئامۆژگاری و ئەزموونەكانی ببێتە هەوێنی ئاشتی و تەبایی و یەكڕیزی ئەو نەتەوەیەی لە ئەزلەوە فرچكی بە ژێردەستی و چەوسانەوەو ئازار بڕاوەو، بەردەوام پێویستی بەرێبەرو سەركردەو كەسایەتییەكی بێوێنەی وەكو مستەفا بارزانییە..
قەدەر وابوو، یان رۆژگار وای هێنا گیانی بەرخودان و هەستی بەرنگاربوونەوەو ناهەقی قبووڵنەكردن لەناخی ئەو كەسەدا گێنگڵ بدات و پەسنی سەركردەو رێبەرو پێشەوا ببەخشێتە بارزانی و بۆ هەمیشە لە یادەوەری مێژووییدا بیكاتە سومبلی نەتەوەكەی خۆیی و شانازی پێوەبكات كە توانی بۆ ماوەی نزیكەی نیو سەدە وەكو سەركردەیەكی شۆڕشگێڕو تێكۆشەر لە مەیدانی كوردایەتیدا رابەرایەتی نەتەوەكەی بكات، یان دیارە بارزانی هەر خودی خۆی سەركردەیەكی كاریزمی بووەو، مەیدانی تێكۆشان و بەرەنگاربوونەوەش رۆژ لەدوای رۆژ بووە بە قوتابخانەیەكی بەردەوام بۆ فێربوون و ئەزموونی یەك لەدوای یەك، تاكو ئەستێرەی كەسایەتی ئەو وەكو رێبەرێك و تێكۆشەرێك و سەركردەیەك لە مەیدانی كوردایەتیدا بدرەوشێتەوەو شێرانە رابەرایەتی میللەتەكەی بكات دژ بە ستەم و زوڵم و چەوسانەوە.
سەرەڕای ئەوەی بارزانی لەنێو خودی كوردستاندا گیانی برایەتی و هاوكاری لەنێوان سەرجەم چین و توێژەكان و ئایینە جیاوازەكان و كەمەنەتەوە جۆراوجۆرەكان پاراستووە، بۆ بەرگری كردن لە هەموو خاكی كوردستان بەیەك چاو سەیری هەموو رۆڵەكانی ئەم كوردستانەی كردووە، بۆیە لە ریزەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورددا نەك هەر نەتەوەی كورد، بەڵكو سەرجەم ئەو نەتەوەو ئایینانە بوونیان هەبوو بۆ بەرگری كردن لەم خاك و نیشتمانەدا، ئەمەش بۆ لێهاتوویی و حەكیمی بارزانی وەكو سەركردەیەك دەگەڕایەوە كە هەرگیز تا مردن درشمی برایەتی و پێكەوە ژیانی لە بزووتنەوەی كوردایەتی جیانەكردووە، ئەگەر هەرچەند تووشی مەینەتی و دەردەسەری زۆریش بهاتایە لە لایەن دوژمنەكانییەوە. بەڵام چونكە ئەو خاوەن پرسێكی نەتەوەیی بوو، بۆیە ئەو وەكو سەركردەیەك هەستی بەوە دەكرد كە چەندە گیانی برایەتی و پێكەوەژیان گرنگە بۆ چارەنووسی میللەتی كورد لە كوردستاندا.

پارتی دیموكراتی كوردستان، جیاواز لە پارت وهێزولایەنەكانی تر خاوەن ستراتیژی و مێژووییەكی پر شانازی و شۆرٍشگێرییە لە بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان كە خاوەن سەنگ و پێگەیەكی گرنگە لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەرٍاست و لە رووی سیاسی و دیپلۆماسیشەوە بە درێژایی مێژوو توانیوێتی دەنگی مەزڵومییەتی نەتەوەیەكی مافخوارو بگەێنێتە ڕایی نێودەوڵەتی و نێوەندەكانی بریار، بوونی ئەو كاروان و قوتابخانە پر شانازییە هەر دەم ڕێگربووە لە بەرامبەر پیلانگێرییەكانی دوژمنان و داگیركەران بۆ لەناوبردنی و سڕینەوەی نەتەوەیی و دۆزی كورد .
هەردەم ، داكۆكیكاری و پارێزەری كەلتوری گەلی كورد بوو، قوتابخانەی پێگەیاندنی چەندین سەركردەی بڵیمەت لە پێناو داكۆكیكاری مافەرەواكانی كورد وكوردستان و لە كاتە هەستیار و سەختەكاندا و گەمارۆكاندا ، هیچ كات لە بەرپرسیاریەتی و خۆی نەشاردۆتەوە و وەك چیایەكی پۆڵایین خۆی بە خزمەتكار و فیداكاری گەل و نیشتیمانەكەی زانییووە ، هەر ئەوەشە وایكردووە، دۆست و دوژمنانی بە سەنگێكی بەهێز وگرانەوە بڕوانە ئەو قوتابخانەیە، گەلی كوردیش بە متمانەوە بروانە پارتی و بارزانی ، ئەمڕۆش خاوەن جەماورێكی دڵسۆز و فیداكار و هەزاران پێشمەرگەی دڵسۆز و گیانلەسەر دەستە ، هەر ئەو بیرو هزرە نەگۆڕەییە ، كە ئەمرۆ گەلی كورد خاوەن پەرلەمان وسەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و فیدراڵیزم و كوردستانێكی بەهێزە.
ئەو یەكریزی و یەكدەنگییەی پارتی ، وایكردووە، كە كاریگەری تەواویی لە سەر دۆزی كورد هەبێ‌ و دوژمنان و نەیارانی كورد ، بە سەنگ و قورساییەوە بروانە پرسی كورد و هەروەها وەك چییاییەكی پۆڵایین بەرامبەر پروپاگەندەی نەیارانی كورد بۆ لاوازكردنی بیروباروەری كوردانە وەستانەوە .
بە تایبەت لە كاتە هەستیار و ستراتیژیی و نەتەوەیەكان وەك شۆڕشی ئاشیتخوازی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و ئینجا بەرگریكردن لەو دەستكەوتە و ئینجا كیانی دەستووری و یاسایی هەرێمی كوردستان و دواتر پێداگری لە سەر گشت مافە دەستوورییەكان بە تایبەت كەركووك و نیوەی تری خاكی كوردستان لە گەڵ رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق و ئێستای گفتگۆكان بۆ چەسپاندنی مافە داراییەكان و كوردستانی بەهێزتر بۆ پێشكەوتنی و گەشەسەندنی سیمای كوردستان و رووبەرووبوونەوەی قەیرانە و هەڵوێستی نەگۆرٍ بەرانبەر مافەكانی گەل و نیشتیمانەكەی وایكردووە كە ، ئەو قوتابخانە ساڵ بە ساڵ زیاتر بەرەو بە هێزتر و بوون گەشەسەندن لە سەر ئاستی كوردستان و ناوچەكە هەنگاو بنێت .