25 ی ئەیلوول ، ڕاپەڕینی وێژدانێکی بریندار و هاواری ئاشکرای گەلێک

​مێژووی گەلان بە کاتژمێر و ڕۆژە ئاساییەکان ناپێورێت ، بەڵکو بەو ساتە وەرچەرخانانە دەپێورێت کە تێیاندا نەتەوەیەک دەستبەرداری بێدەنگی دەبێت و چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی دەنوسێتەوە. 25 ی ئەیلوولی 2017 لە مێژووی گەلی کوردستاندا ، تەنها ڕۆژێکی دەنگدان یان پرۆسەیەکی سیاسی ئاسایی نەبوو ، بەڵکو ڕاپەڕینی وێژدانێکی بریندار و هاواری ئاشکرای گەلێک بوو کە سەدەیەک زوڵم ، ئەنفال ، کیمیاباران و خاپوورکردنی گوندەکانی لەبیر نەکردبوو.
​لەم ڕۆژەدا ، کاتێک زیاتر لە 70٪ ی هاووڵاتییانی کوردستان بە هەموو پێكهاتە ئایینی ، نەتەوەیی و ڕەنگە جیاوازەکانیانەوە ڕوویان لە سندوقەکانی دەنگدان کرد و 7- 92 ٪ ی دەنگدەران بە باوەڕێکی پۆڵاینەوە گوتیان (بەڵێ) بە کردەوە سەلماندیان کە ئیرادەی ئازادی لە هه موو چەک و پیلانگێڕییەک بەهێزتر و زێدەترە. ئەم هەڵوێستە بە سەرکردایەتی سه رۆک (مەسعود بارزانی) وەک ڕابەر و پێشمەرگەیەک کە تەمەنی لەپێناو ڕزگاریی ئەم نیشتمانەدا بەخشیوە ، لەگەڵ هاوبەشیی زۆرینەی هێزە سیاسییەکان ، بڕیارێکی مێژوویی بوو بەرامبەر بەو ئەقڵییەتەی کە هیچ ڕێککەوتن و دەستوورێکی سەردەمیانەی بۆ کورد به ڕەوا نەدەبینی.
​ڕاستییەکە ئەوەیە کە( ڕیفراندۆم) تەنها داواکارییەک نەبوو بۆ دەوڵەت ، بەڵکو ڕەتکردنەوەی ژێردەستەیی بەردەوام بوو. گەلی کوردستان باش دەیزانی کە بەبێ سەربەخۆیی ، هەڕەشەی جینۆساید لەژێر ناو و پەردەی نوێدا بەردەوام دەبێت. هەرچەندە نەیاران و داگیرکەران ، بە هاوکاریی دەستی ناوخۆیی و فشاری هەرێمی ، هەوڵیان دا ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە گەورەیە گۆشەگیر بڕوانن ، بەڵام بڕیاری 25 ی ئەیلوول نە سڕدرایەوە و نە بووە کۆتایی مێژوو.
​ئەمڕۆ ، لە ساڵیادی ئەو ڕووداوە مێژوویییەدا ، ڕیفراندۆم وەک سەنەد و بەڵگەیەکی دۆکیومێنتکراوی شەرعی لە جیهاندا دەمێنێتەوە. سەلماندی کە کورد تاجی سەربەخۆیی لە ویژدانی خۆیدا داناوە و لەگەڵ هەر سووڕانەوەیەکی مێژوودا ، ئەو دەنگە بەرزە (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی) دووبارە دەبێتەوە ، چونکە ئیرادەی گەلێک کاتێک بۆ ئازادی بڕیار دەدات ، هیچ سنوورێک ناتوانێت بۆ هەتاهەتا زیندانی بکات.

لوقمان عوسمان ئا غا گە ڵاڵی