بۆچی شانازی بە ڕیفراندۆمەوە دەکەین؟

فرسەت سەید شوکر

لە فەرھەنگی گەلان و مێژووی شارستانییەتەکاندا، خەبات لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییدا جێگەی شانازییەکی گەورەیە و ڕۆژە نیشتمانییەکان بە بەرزترین ڕەمزی نەتەوەیی دادەنرێن. ھەموو دەوڵەتە سەربەخۆکانی دونیای ئەمڕۆ، بە ھەمان ئەم قۆناغە سەختانەی تێکۆشان و قوربانیداندا تێپەڕیوون تا گەیشتوونەتە ئامانجەکانیان و قەوارەی خۆیان دامەزراندووە. گەلی کوردستان، وەک یەکێک لە گەورەترین نەتەوەکانی سەر زەوی کە تا ئێستا بێبەش کراوە لە دەوڵەت، لە دوای ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی وەک سایکس-بیکۆ و لۆزانەوە، بەردەوام لە ھەوڵی گەیشتن بە مافە ڕەواکانی و سەربەخۆییدا بووە. شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی مێژووی کورد، لە شێخ مەحمودی حەفیدەوە تا دەگاتە شۆڕسی ئەیلول بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر و ڕاپەڕینی ١٩٩١ و بەشداریکردنی کارا لە بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ لە ساڵی ٢٠٠٣، ھەموویان بەشێکن لەم مێژووە پڕ سەروەرییە و دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ئیرادەی ئەم گەلە بۆ ژیانێکی سەربەخۆ ھەرگیز دانامرکێتەوە.

لە دوای قۆناغی دروستبوونەوەی عێراق، ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی گەورەی نا لە ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی ئاسایش. بەڵام کاتێک ناوچەکە ڕووبەڕووی ھێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعش بووەوە و پێشمەرگە بە خوێنی خۆی کوردستان و ناوچەکەی پاراست، لە بری دەستخۆشی و پاداشت، ھەرێم ڕووبەڕووی گەمارۆی ئابووری و بڕینی بودجە بووەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە. لەم ھەلومەرجە نالەبارەدا، پرسی گەڕانەوە بۆ ئیرادەی گەل و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بووە بژاردەیەکی مێژوویی. بەدەستھێنانی ڕێژەی لەسەدا ٩٣ی دەنگی “بەڵێ”، سەلماندی کە گەلی کوردستان یەکدەنگە لە داواکردنی مافە ڕەواکانی.
ئەم پڕۆسەیە پەیامێکی ڕوونی بە جیھان و ناوچەکە دا؛ سەلماندی کە وەلانان و پشتگوێخستنی مافەکانی گەلی کورد دەرەنجامی دەبێت و ناکرێت بۆ ھەمیشە ئەم پرسە بە ھەڵپەسێردراوی بھێڵدرێتەوە. بۆیە ئەم ڕووداوە بووە شانازییەکی مێژوویی کە وەک تاپۆیەک لە لاپەڕە زێڕینەکانی نەتەوەکەماندا دەمێنێتەوە.

لەگەڵ ئەوەی خەونی سەربەخۆیی مافێکی سروشتی و حاشاهەڵنەگرە، بەڵام لۆژیک و حیکمەتی سیاسی وا دەخوازێت کە ھەرێمی کوردستان لە نێوان ویستی سەربەخۆیی و ھاوکێشە ئاڵۆزەکانی عێراق و ناوچەکەدا، بە ھاوسەنگییەکی وردەوە مامەڵە بکات. لە قۆناغی ئێستادا، بوونی پەیوەندییەکی گونجاو و سەقامگیر لەگەڵ بەغدا بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێم و بەرژەوەندییەکانی ژیانی خەڵک، ھەنگاوێکی زۆر پێویست و ژیرانەیە. پاراستنی دەستکەوتەکانمان لە ڕێگەی دیپلۆماسی و دانوستانەوە، درێژەپێدەری ھەمان ئەو ڕۆحیەتەیە کە ڕیفراندۆمی بۆ ئەنجامدرا. بەڵام سەرەڕای باشبوونی ئەم پەیوەندییانەی ئێستا، ئەو حەقیقەتە مێژووییە ناگۆڕێت کە کورد نەتەوەیەکی دابەشکراوە و لە ھەر قۆناغ و کاتێکدا بێت، مافی خۆیەتی و پێویستی بە دەوڵەت ھەیە. ئەم تێگەیشتنە وا دەکات خەباتی دیپلۆماسیی ئەمڕۆ و شانازییەکانی ڕابردوو، تەواوکەری یەکتر بن بۆ گەرەنتییکردنی داھاتوویەکی ڕووناکتر و پاراستنی ئامانجە گەورەکەی کورد.