تراتێنی غوربەتی ڕووح لە ناخمدا وای لە من کرد لە خۆم بپرسم ژیان چی پێ بەخشیم و چی لێ سەندمەوە؟

لە پاش کۆچی سێ ئازیز لە ژیانم هاوسەرم، مامم ،باوکم لە مەودایەکی زەمەنی کورتدا، لە ڕەنگدانەوەی ئەو ئازارە قووڵەدا وەکو مرۆڤێک لە ڕاماندا ژیام دەربارەی ئەو ئەزموونە تازەیەیی رۆژگارم پرسیاری ئەوەی کە ئاخۆ ژیان چی پێ بەخشیووم و چی لێ سەندوومەتەوە لە ناخمدا ورووژا.

ئەم پرسیارەم لە کاتێکدایە کەوا دووچاری خوێنبەربوونی ڕووحی بوومە، ئۆقرەی کامەرانی هاوشێوەی کۆچی ئازیزونم ئەویش نەما لە ژیانم تا ئێستا من لە ماتەمدام ، بەڵام سەرەڕای ئەو حوزنە دژوارە هەمیشە من گەدای هیوام، تامەزرۆی ئومێدم و شێتی تروسکەی گەشانەوەم ، هێشتاپڕم لە ژیان بێهیوا نەبوومە چونکە دڵنیام سەرەڕای ئەو ئاگردانەی من تیایدا دەسووتێم و کەوا گڵپەی فیراق تەواو جەستە و ڕوحمی داگرتووە ، سەرەڕای ئەو ئازارە قورسانەی لەئاگردانی ژیان کەوا خەریکە ناخ و دڵم دەبنە خۆڵەمێش بەڵام دنیابینیی من بەرامبەر بەهەولی ئەو کۆستانە ئاراستەیەکی جیاوازی وەرگرتوە لەوەی کە دڵنیام دڵنیا بەیانیم لە ئەمڕۆم زۆر جوانتر دەبێت.

لەو بارەی ئەو ئەزموونە روحیەیی کە تێیدا دەژیم مەولانا لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (چل یاسای عەشق) لە زاری شەمسەوە فەرمویەتی ئاسانە پاککردنەوەی جەستە بە ئاو، بەڵام ئەوەی گرنگە پاککردنەوەی ناخ و ڕووحه ، جەستە بە ئاو پاک دەبێتەوە، بەڵام ڕووح تەنها بە عەشق و سووتان پاک دەبێتەوە، کاری عەشق سووتاندنە تا نەسووتێیت گەشاوە و پاک نابیتەوە
بەو پێیەی مەولانا هەموو تەمەنی خۆی لە سێ وشەدا کورت کردبووەوە کە ئەویانیش خام بووم، سووتام، پێگەیشتم.

بۆیە ئێستا لەژێر رکێڤی ڕۆشنایی تێپەڕبوونی ئەزموونی ژیانم کە دانیشتووم، کاتێک بیر لە هاوسەنگیی تەمەنی خۆم دەکەمەوەکاتەڕۆیشتووەکانی تەمەنی پر لە ئەزموونم هەڵدەسەنگێنم، دەبینم هەمیشە گەشبینی یەخەم بەر نادا عەوداڵی مەکرەمەتی یەزدانم دڵنیام کەوا لە پاداشتە شاراوەکانی بۆ من لە ڕێگەیە دڵنیام ئەگەر تەواوی دونیا و کەس و کار ماڵئاواییم لێ بکەن ئەو من بەجێناهێڵێت و هەمیشە پشت و پەنامە.

لە ژیاندا کە بەو ئەزموونە قورسەی بەسەری کردمەوە من شوکرم، مادام فەرمان فەرمانی ئەوە ، خۆ ئەگەر ئاوڕ لە ڕابردووم بدەمەوە و بیبەستمەوە بە پردی ئارامی ئەمڕۆم بۆم دەرکەوێت کەوا هاوسەنگییەکانی ژیانم لە دوو دیودا خۆیان بەیان کردووە ، دیوێکی پێدەر و دیوێکی سەندنەوەیەکی نەپچڕاو بووە بۆ من
بەڵام لە جەوهەردا ئەوەی ژیان بە منی بەخشیوە لە نیعمەتەکانی خودای بەخشندە زۆر و زەوەندە، لەوانە ڕەسەنایەتی و فێربوون کە بە من و خانەوادەکەمی بەخشی ئێستا خانەوادەیەکی بێ غەڵ و غەشین لەکۆی بیین لەهەر پێگەیکدابیین جێگای متمانەنیین لە کۆری ژیان .

لەو بارەیەوە ئەو تێگەیشتنە قووڵەی کە ئەمڕۆ هەمە بەرامبەر برینی ڕوحی خۆم، بەرهەمی هەموو ئەو قۆناغ و تاقیکردنەوانەیە کە پێیدا تێپەڕیووم ، لە هەمان کاتدا توانای بەخشین و دروستکردنی شوێنپەنجەی ژیان وای لە من کرد پێگەی تێگەیشتنم جیاواز بێت.

ئەمڕۆ کە بەندە وەکو نووسەرێک خودان مەلەکەی فیکری و مەیلی نووسینم هەیە خۆ ئەمەیشیان لە بۆشاییدا نەهاتوە مەگەر ئەویشیان مەکرەمەتی یەزدان نییە ؟! ئەمڕۆ ئەو باوەڕانەی کەوا لە پێنووسەکمدا رسکا وە بەهێزی دانەری ئەرزو ئاسمان ئاو دراوە ئەو بنەمایانە لە توانایەتی سنوور ببەزێنێت و بگات بە مێشکی نەوەیەکی تازەیش بەندەیش ئەو ئامادەییم هەیە بیچەقێنم لەهزرو نەستدا کێڵگەی ئاواتی تیادا سەوز بکەم ئاوی بدەم بەچی بێگومان بەکانیاوی وەفا !ئامادەگیم تیادا هەیە ئەم ئارامیە کە بە هێزی یەکتا پەرستی دەستیپێکردوە نەوەک تەنها بۆ خۆم بگرە بۆ نەوەکانی دواڕۆژیش بیگۆێزمەوە .
سەڕەڕای ئەمانەیش یەزدان هێزی خۆڕاگری بە من بەخشی، لە بەردەم گێژاوەکانی ژیاندا نەتوامەوە توانای مانەوەمی تاقی کردەوەزانیم یانی چی هێزی شاردراو لەناو گێژاوی دەرد و غوربەتەکاندا ! هەمیشە سەرکەوتم ، ئەمەیان ئازیزانم سەبارەت بە بەندەیەک وەکو من گەورەترین دیارییە کە ناخم پێی دەوڵەمەند بووە.

بەڵام ئەوەی ژیان لە منی سەندۆتەوە ڕاستە ئەویشیان زۆرە بەڵام من ئاوا دەیبینم لەوانەیە من نەزانم من هەڵەم یان ڕاست ، ئەوەشيان نەبوونی ئامادەییی فیزیکیی ئازیزانمە ، بۆیە دەڵێم نازانم من هەڵەم یان ڕاست، بەڵام لەوەیانیش دەڵێم کۆچکردوان نەرۆیشتوون ئەوانە تەنها بەجەستە منیان بەجێهێشتووە من بە چاویلکەی جیاواز دەیانبینم بەڵێ دووپاتی دەکەمەوە ئەوان تەنها بە جەستە منیان بەجێهێشتووە، لە نەواخنمدا و بە چاوی دڵ لێم نزیکن دەیانبینم هەرگیزاو گیز لێم دانەبراون.

ڕاستە غوربەتی ڕووح لە تەراتێندایە، بەڵام من هەمیشە وەکو شەنگ بەهێزم ئەوەندە بەهێزم ملکەچی بۆ هیچ کەسێک نانۆێنم چونکە هێزی یەزدان لەپشتمە ، ئەوە هێزە وای لەمن کرد دەوڵەمەندم بە خۆشەویستیی دەوروبەرم، کەس و کارم، هاوڕێیانم و خوێنەرانم.
هەمیشە سوپاسگوزاری خوام لە گۆڕەپانی مرۆڤایەتیدا بەدەر لە خوشک و برای حەقیقیم، کۆمەڵێک خوشک و برای دڵسۆزی بە من بەخشی کە بە دڵ و بە ڕووح و بە گیان لەگەڵم وەستاون و ئامادەن بۆ دڵنەواییکردنم.

چونکە خۆشەویستی ئەوان بۆمن لەو چرکە ساتە وزە بەخشە چوون هێزێکە بەفەرمانی یەزدانەوە وەرچەرخا بۆیە ئەزموونی نەبوونی کۆچکردوانم بەئاسایی وەرگرتوە سەرەرای قورسایی هەنگاوەکانی دواجار ئەو باوەریش هەمیشە مەکرەمەتە نیشانەی ئەوەیە کە ناخم لە ئاستی ئاسایی و رووکەشیی ڕۆژگار گەورەترە.
ئەو پرسیارەی ئەمڕۆ لە خۆمم کردووە ژیان چی بە من بەخشی و چی لە من سەندەوە پێم وایە سەرەتای دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ئاشت بوونەوەمە لەگەڵ ڕابردوو، هەڵبەتە و نووسینەوەی بەشە جوانەکانی داهاتوومە بەو حیکمەتەی کە لە ئەزموونەکانی ژیانەوە وەرمگرتووە.

هەینیتان پیرۆز ئازیزانم