کاتی دەستپێکردنەوەی دەوامی زانکۆی سەڵاحەددین ڕاگەیاندرا
زانکۆی سەڵاحەددین ساڵنامەی خوێندنی بۆ ساڵی 2026 – 2027 بڵاوکردەوە و، کاتی دەستبەکاربوونەوەی مامۆستایان، دەستپێکردنی وانەکان و دابەشکردنی بەشەناوخۆییەکانی دیاریکرد.
ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین لە ڕاگەیاندراوێکدا کە وێنەیەکی دراوە بە دەزگای میدیایی خواکوڕك ڕایگەیاندووە، بەپێی ساڵنامەی نوێی خوێندن بۆ ساڵی 2026 – 2027، ڕۆژی 1ـی 9ـی 2026 مامۆستایان دەستبەکار دەبنەوە. داواش لە سەرجەم مامۆستایانی زانکۆکە کراوە لەو ڕێکەوتەدا سەردانی بەش و کۆلێژەکانیان بکەن، ژمارەی مامۆستایانی زانکۆکەش 2600 مامۆستایە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە 6 تاوەکوو 12ـی 9ـی 2026 قوتابییان بۆ مۆدیوڵەکانی خوێندن تۆمار دەکرێن. هەروەها رۆژی 13ـی 9ـی 2026 وەک یەکەم رۆژی دەستپێکردنی سمیستەری پایزە دیاری کراوە و پێویستە سەرجەم قوتابییان لە هۆڵەکانی خوێندن ئامادە بن و پرۆسەی خوێندن دەست پێدەکات.
لەبارەی پشووەکانی ئەمساڵی خوێندنەوە، زانکۆکە پشت بەو پشووانە دەبەستێت کە بە فەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەگەیەندرێن.
هاوکات ئۆفیسی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابییان لە 1ـی 9ـی 2026 تاوەکوو 10ـی 9ـی 2026 دەست بە دابەشکردنی بەشەناوخۆییەکان دەکات و قوتابییان دەتوانن مامەڵەی وەرگرتنی شوێنی نیشتەجێبوون بکەن.









