ئایا لەمەودواش هەموو بڕیارەکان لە تاران دەدرێن
نەزهەت حالی
مارگارێت مەک میلیان لە بارەی جەنگەوە دەڵێت: “ پێویستە سەرنجمان لەسەر جەنگ بێت، لەبەر ئەوەی هێشتا لە گەڵماندایە. دەبێ لە هۆکارەکانی جەنگ ، شوێنەوارەکانی، چۆنیەتی کۆتایی هێنان و دوور کەوتنەوە لە جەنگ تێبگەین.
تێگەیشتن لە جەنگ هەندێ شت لە بارەی مرۆڤ، تواناکانمان بۆ رێکخستنی خۆمان، لە بارەی هەست و سۆز و بیرۆکەکانمان، هەروەها لە بارەی توند و تیژی و شتە باشەکان ،تێدەگەین. ئێمە دەجەنگین لەبەر ئەوەی پێویستیمان پێی هەیە و دەمانەوێت شتە بە نرخ و ئازیزەکانمان بپارێزین ، ئێمە دەجەنگین لە بەر ئەوەی پێمان وایە توانای دروست کردنی جیهانێکی جیاوازمان هەیە. ئێمە دەجەنگین لەبەر ئەوەی پێمان دەکرێت… ئێمە بە هەبوونی چەکی نوێی مەترسیدار، گرنگی هۆشی دەستکرد، چەکی بکوژی ئۆماتیکی و جەنگی سایبری، ڕووبەڕوی ئەگەری کۆتایی هاتن بە مرۆڤایەتی دەبینەوە، ئێستا کاتی ئەوە نیە چاومان لە سەر شتێک لابدەین(جەنگ) کە پێمان وایە قیزەوەنە. پێویستە ئێمە لە هەموو شتێک زیاتر بیر لە جەنگ بکەینەوە”.
بۆ تێگەیشتن لە شەڕی ئێستای نێوان ئیسڕائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران بیرو بۆچوونی جیاواز هەیە، بۆنموونە مایک دوران پێی وایە ئەو جەنگەی کە لە ٢٨/ ٢/ ٢٠٢٦ هەڵگیرساوە، لە ڕاستیدا لە ٧ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەستی پێکردووە. دوران پێی وایە ئەوە تەنیا شەڕی حەماس و ئیسڕائیل نەبووە بەڵکو ئەوە پلانی ئێران و محوەرەکەی بووە بۆ لە ناو بردنی ئیسڕائیل. ئەو پێی وایە ئیسرائیل شانسی هەبووە لەوەدا کەحەماس زوو دەستی بەو هێرشە کرد و تا ڕادەیەک ئێران و حزب اللای توشی سورپرایز کرد. ئەمە دەرفەتی دا یە ئیسڕائیل تا یەک بە یەک شەڕ لەدژی دەست و پەیوەندەکانی ئێران بکات.
هەروەها لەوباوەڕەدایە کە سێ هۆکار بوونە هۆی ئەوەی سینوار لەحەوتی ئۆکتۆبەر بڕیاری شەڕ بدات :
١- ئەمریکا بە ئاشکرا حەزی خۆی بۆ پاشەکشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشان دابوو،و هیچ ویستێکی بۆ پارێزگاری کردن لەو نظامەی کە خۆی لەو ناوچەیە دایمەزراندووە نەبوو.
٢- ناتەبایی نێوخۆی وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەروەها ناڕێکی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، دابەش بوون و جەمسەربەندی توندی باڵە ڕاستڕەو و چەپڕەوەکانی ئیسرائیل، هۆکار بوون بۆ سەرلێشوانی ستراتیژی ڕۆژئاوا.
٣- بەرەی مقاومە( ئێران و هاوپەیمانەکانی) پەرەیان بە ئامرازی نوێ دابوو،کە بریتی بوون لە دڕۆن و موشەکی کروز و بالیستی. کە ئەو توانایەی پێ دابوون کە سمینی( اختراقی) بەهێزترین سیستمی بەرگری جیهان بکەن، ئەمەش سودێکی ناهاوسەنگی( asymmetric advantage) پێ دابوون کە زوو دەرکی پێ نەکرا.
لە بارەی گرنگی دڕۆن و موشەکەکان جەنەڕال حاجی زادە فەرماندەی هێزی ئاسمانی و موشەکی ئێران لە بارەی ستراتیژەتی بەرگری و ڕەدعی ئێران دەڵێت : ئێمە لەبەر ئەوەی نەماندەتوانی لە بواری دروستکردنی فڕۆکە کێبڕکێ لەگەڵ ڕۆژ ئاوادا بکەین ، بۆیە بڕیارمان دا پەرە بە بەرنامەی موشەکی و دڕونەکانی خۆمان بدەین. لەو بوارەدا نەک لە دوای ئەمریکا و ڕۆژئاوا نین بەڵکو لەپێش ئەوانین.
سوپای پاسداران تەنانەت پەرەی بە توانای موشەکی بەرەی مقاومە دا، یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی قودس کە لە سوریا بووە، لە چاوپێکەوتنێک لە گەل کەنالێکی ئێرانی گوتی: جارێکیان چەند گونییە دار لاستیکیان لە ئێرانەوە بۆ ناردین تا بیانێرین بۆ فەلەستین تالە کاتی خۆپێشاندانەکان بەکاری بهێنن، بەڵام ئێمە دوای بینیمان کە حەماس لە دار لاستیکەوە گەیشتنە بەکار هێنانی موشەک.
مەترسی و کاریگەری موشەکەکانی ئێران لەسەر ئیسڕائیل ئەگەر ئەو سیستمە بەرگریە بەهێزەی دژە موشەک نەبێت، زۆر گەورە و وێرانکەر دەبێت،تا ئەو ڕادەیەی کە زوهار پالاتی بەرپرسێکی پێشوی موسادی ئیسڕائیلی بەر لە چەند ڕۆژێک گوتی، ئەگەر ئێمە نەتوانین ڕێگری بکەین لە موشەکێکی بالستی و ئەو موشەکە بگاتە ناوچەیەکی زۆر قەڵەباڵغی تێل ئاڤیڤ، دەتوانێت زۆر خانوو، باڵاخانە وێران بکات و زیانێکی یەک میلیارد و دووسەد میلیۆنی بەو ناچەیە بگەێنێت.
هەرچەند بینیمان کە توانای موشەک و دڕۆنەکانی ئێران ، هێزی ڕەدعی( Deterrences) بۆ هێرش نەکردنە سەر ئێران دروست نەکرد، لەبەر ئەوەی توانای هێرشی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسڕائیل زۆرتر و توانای بەرگری دژە ئاسمانی ئەوان لاوازتر بوو، هەروەها توانای موشەکی و دڕۆنی ئێران و هاوپەیمانەکانی ئەزموون نەکرابوو.
لێرەدا چەند پرسیارێکی گرنگ دێنە ئاراوە، کە ئایا توانای موشەکی و دڕۆنەکانی ئێران لە پاڵ یەکگرتوویی ناوخۆیی ئێران و بەشداری هاوپەیمانەکانی ئێران، دەتوانن ببنە ڕەدع و بەربەست لە بەرانبەر داگیر کردنی ئێران یان گۆڕینی بەزۆری ڕژێم، یان تەنانەت کۆتایی هێنان بە جەنگ و گەیشتن بە ئاشتییەکی هاوسەنگ ؟
هەر سەبارەت بە هێرشی حەماس مایک دوران پێی وایە پالنەری سەرەکی بۆ بڕیاری حەماس ڕێگری کردن بووە لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی نێوان سعودیە و ئیسڕائیل ، هەروەها بۆ تێکدانی هەوڵی تواندنەوەی بەستەڵەکی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بووە.
تێک چوونی پەیوەندی نێوان ئێران و ئیسڕائیل و ئەمریکا بۆ سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەگەڕێتەوە. هەرچەندە ئەمریکا بۆ ماویەک سەفارەتی لە ئێران هەبوو کە دوای لە لایەن هەندێ قوتابی زانکۆ داگیر کرا، عباس مەلەکی دیپلۆماتکاری ئێرانی ، پێی وایە سەرەتای تێک چوونی پەیوەندی نێوان هەر دوو وڵات لەوەوە دەستی پێکرد. ئەو پێی وایە شۆڕشی ئیسلامی لە سۆڤیەت زیاتر نیگەران بوو تا ئەمریکا، هەر بۆیە لە دروشمیان نە شرقی نە غربی جمهوری اسلامی لەسەرەتاوە ناوی ڕۆژهەڵاتیان( شرق) دەهێنا نەک ڕۆژئاوا.
بەڵام هەر لەسەرەتادا کێشە لە نێوان ئیسڕائیل و ئێران سەری هەڵدا ،بە تایبەتی بەهۆی پاڵپشتیان بۆ پرسی فەڵەستین و سەردانی یاسر عەرەفات بۆ ئێران . کەچی لە ماوەی جەنگی ئێران و عێڕاقدا، عەرەفات لایەنگری سەدام حوسێنی کرد، هەر بۆیە پەیوەندی ئێران و عەرەفات تێک چوو.
جاک سترۆ وەزیری دەرەی بریتانیا پێی وایە کە ئێران تا بەر لەگرێدانی کۆنفرانسی مەدرید لە ئۆکتۆبەری ١٩٩١ تەنیا هەڵوێستی زا









