وەڵامەك بۆ لێدوانەکانی سەمعان ئۆغلوو سەبارەت بە ماددەی ١٤٠ و کەرکووک


Jurist Sanar Sheroky
لە کاتێکدا عێراق بەرەو قۆناغێکی هەستیاری مێژوویی و سیاسی هەنگاو دەنێت، لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەمعان ئۆغلوو، پارێزگاری کەرکووک، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی و نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە. ناوبراو ماددەی ١٤٠ی دەستووری بە “گەورەترین هەڵەی ستراتیژی” وەسف کردووە و پێی وایە ئەم ماددەیە عێراقی بەرەو خراپی بردووە.
وەک پارێزەران و چالاکوانانی بواری یاسا، بە پێویستی دەزانین وەڵامێکی گشتگیر و یاساییی بەهێزمان بۆ ئەم لێدوانە مەترسیدارانە هەبێت کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری و یەکپارچەیی عێراقە، و ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەینەوە:
ئەو وەسفەی سەمعان ئۆغلوو بۆ ماددەی ١٤٠ دەیکات، دوورە لە ڕاستی و پێچەوانەی ته‌واوی بنەما دەستوورییەکانە. ماددەی ١٤٠ پابەندییەکی دەستوورییە کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند کراوە و لە گشتپرسیی ساڵی ٢٠٠٥دا دەنگی زۆرینەی گەلی عێراقی بەدەست هێناوە. ئەم ماددەیە نەخشەڕێگایەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشە مێژوویی و سیاسییەکانی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان کە لە ئەنجامی سیاسەتە نادادپەروەرەکانی ڕژێمی پێشوو دروست ببوون.
جگە لەوە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، وەک بەرزترین دەسەڵاتی یاسایی، لە چەندین بڕیاری مێژوویی و بنبڕدا پابەندیی دەوڵەتی عێراقی بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دووپات کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەم ماددەیە هێشتا بەرقەرارە و پێویستە جێبەجێ بکرێت، لەوانەش:
بڕیاری ژمارە (٧٣ / ئیتیحادیە / ٢٠١٠) لە (١٩ / ١٠ / ٢٠١٠)؛ کە تێیدا دادگا بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە ماددەی ١٤٠ پابەندییەکی دەستوورییە و پێویستە حکومەتی فیدراڵی هەموو ڕێکارە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی بگرێتەبەر، و هیچ دەسەڵاتێک بۆی نییە خۆی لەم پابەندییە بدزێتەوە.
بڕیاری ژمارە (١١٣ / ئیتیحادیە / ٢٠١٧) لە (٢١ / ١١ / ٢٠١٧)؛ کە تێیدا دادگا جارێکی تر جەختی لەسەر بەرقەراربوونی ماددەی ١٤٠ کردەوە و ڕایگەیاند کە هەر جۆرە هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی نادەستوورییە و پێویستە دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەنگاوە یاساییەکان تەواو بکات.
بڕیاری ژمارە (٤٨ / ئیتیحادیە / ئعلام / ٢٠١٨) لە (٩ / ١٢ / ٢٠١٨)؛ کە دادگای باڵای فیدراڵی تێیدا دووپاتی کردەوە کە ماددەی ١٤٠ی دەستووری کۆماری عێراق هێشتا کارایە و پێویستە خاڵەکانی جێبەجێ بکرێن تا ئەو کاتەی مەبەستەکانی بەدی دێن.
بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە (٣٠ / ٧ / ٢٠١٩)؛ کە جارێکی تر و بە شێوەیەکی بنبڕ ڕایگەیاند کە ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی بەردەوامە و پێویستە جێبەجێ بکرێت تا ئەو کاتەی ماددەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت.
لەبەر ئەوە، لێدوانەکانی سەمعان ئۆغلوو پێچەوانەی دەقی دەستوور و چەندین بڕیاری بنبڕی دادگای باڵای فیدراڵین و ئامانجیان تێکدانی سەروەریی یاسایە لە عێراق.
سەمعان ئۆغلوو پێشنیاری کردووە کە پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە نێوان پێکهاتەکاندا دابەش بکرێت و هەڵبژاردن بۆ ئەم پۆستە ئەنجام نەدرێت. ئەم پێشنیارە نەک هەر نایاساییە، بەڵکو چەواشەکارانە و ئامانجی ڕێگریکردنە لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠.
دەستووری عێراق، لە ماددەی ١٢٢دا، بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە پۆستی پارێزگار پێویستە لە ڕێگەی هەڵبژاردنی گشتییەوە دیاری بکرێت، نەک دابەشکاریی سیاسی. جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ تەنیا ڕێگایە بۆ دیاریکردنی ئیرادەی ڕاستەقینەی هاوڵاتیانی کەرکووک، وەک لە بڕیارە دەستوورییەکاندا جەختی لێکراوەتەوە.
لە لێدوانەکانیدا، سەمعان ئۆغلوو هەوڵی داوە کە پێکهاتەکانی کەرکووک لە یەکتری جیابکاتەوە و کەشێکی ئاڵۆز دروست بکات. بەڵام ئەم هەوڵانە سەرناگرن، چونکە پێکهاتەکانی کەرکووک یەکگرتوون و تێکۆشانی یاساییان بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوامە. لێدوانەکانی سەمعان ئۆغلوو تەنیا ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری و پێکەوەژیانی مێژوویی ئەو شارەیە.
لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەمعان ئۆغلوو تاقیکردنەوەیەکان نوێیە بۆ سەروەریی یاسا و دیموکراسی لە عێراقدا. دووبارەوێژیی ئەو وەسفانەی کە ماددەی ١٤٠ بە “هەڵە” دەزانن، ناتوانێت ڕاستییە یاساییەکان بگۆڕێت.
پێویستە حکومەتی فیدراڵی و دادگای باڵای فیدراڵی هەنگاوە پێویستەکان بۆ پاراستنی دەستوور و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بگرنەبەر. نابێت ڕێگە بدرێت گوتاری سیاسیی چەواشەکار و نایاسایی ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری. لە کەرکووک، یاسا سەروەرە، نەک تێڕوانینە کەسی و سیاسییەکانی پارێزگار