نێچیرڤان بارزانی: دەبێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت
نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پشتیوانیی خۆی بۆ حکومەتەکەی عەلی زەیدی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، پێویستە بڕیاری کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی عێراق وەک فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە لە بەغدا بەشداریی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی “بەڕێوەبردنی دەوڵەت” کردووە و لەگەڵ سەرکردەکانی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرۆکی لایەنە سیاسییەکان کۆبووەتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گشتیی وڵات و ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی عێراق دەبنەوە، لەگەڵ دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان تاوتوێ کراون. راشیگەیاند، “دووپاتمان کردەوە پابەندین بە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و جێبەجێکردنی لەپێشینە نیشتمانییەکان، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “جەختمان کردەوە لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی بڕیاری کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، بە جۆرێک کە سەروەریی یاسا بەهێز بکات و ئاسایشی عێراق بپارێزێت.” باسی لەوەش کردووە کە عێراق دەبێت وەک فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە و، “نابێت خاکەکەی بکرێتە بنکە یان مەیدانێک بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ یان هەر دەوڵەتێکی دیکە.”
لە پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی پشتیوانیی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرۆکوەزیران و کابینەکەی دووپاتکردووەتەوە، لە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانیدا بۆ چەسپاندنی سەقامگیری. داواشی کرد هەموو لایەنەکان بە گیانی “بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی هاوبەش” کار بکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق و بەردەوامیدان بە کاروانی گەشەپێدان.









