قەوارەی هەرێم لە نێوان گوشارە دەرەکییەکان و بەرپرسیارێتیی نیشتمانیدا
عارف ڕوشدی
هەڵوێست و هەڵسوکەوتی نابەرپرسانەی هەندێک لایەن، گرووپی بەناو سیاسی و هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن، بارودۆخێکی ناهەموار و نەرێنییان لێ کەوتووەتەوە. ئەم لایەنانە لە ڕێگەی مامەڵەكردن لەگەڵ هەندێک گرفتی لاوەكی و خۆپەرستانە، کە بە تەواوی لە دەرەوەی دەسەڵات و تواناکانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمدان، هەوڵی شێواندنی ئارامیی کۆمەڵایەتی دەدەن.
لە ڕاستیدا ئەم ئاڵۆزییانە بەرئەنجامی ئاڵۆزی و ناکۆکییە هەرێمییەکان لەلایەک و پیادەکردنی سیاسەتی ناتەندروست و نەگونجاوی حکوومەتی فیدراڵیی بەغداوە دروست بووە، كە لە ئاست دابینکردنی شایەستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان چاوی نوقاندووە.
ئەوەی لای هەمووان زانراوە و نكۆڵی لێ ناكرێ، نەیارانی ئەزموونی هەرێم بەردەوام گرەو لەسەر درزەکانی ناوخۆمان دەکەن، بۆیە هەر هەنگاوێک بەرەو لێکترازان و دروستکردنی بێئومێدی لە ناخی هاووڵاتییاندا، خزمەتکردنە بەو ئەجێندانەی کە ئامانجیان لاوازکردنی پێگەی دەستووریی قەوارەکەمانە. ڕاگەیاندنی بەرپرس و نوخبەی ڕۆشنبیریی نیشتمانپەروەر دەبێت لەم خولەکە هەستیارەدا، ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی گشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی شێواندنی ڕاستییەکان بگێڕن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەپشتبەستن بە ئیرادەی ڕەوای جەماوەر، سەلماندوویەتی کە سەرەڕای ئاستەنگە دارایی و سیاسییە دروستکراوەکان، لەسەر بنەمای دانوستاندنی سەربەرزانە و پاراستنی مافە ڕەواكانی هاووڵاتیان، ڕژدە. بەڵام سەرکەوتنی گشتگیر و ڕەتکردنەوەی یەکجارەکیی هەڕەشەکان، پێویستی بە یەکگرتوویی هەموو چین و توێژەکان هەیە لە دەوری پڕۆژەی نیشتمانسازیدا.
کاتی ئەوە هاتووە بەرژەوەندییە تەسکە حزبی و کەسییەکان بەلاوە بنرێن و سەقامگیریی هەرێم بکرێتە هێڵی سوور. هەنگاونان بەرەو قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی لە ڕێگەی دەزگا شەرعییەکانەوە، وەڵامێکی کوشندە دەبێت بۆ هەموو ئەو دەنگە نەشازانەی هیوایان بە لاوازبوونی قەوارەی هەرێم هەڵواسیوە. پاراستنی ئەم دەستکەوتانە وەفادارییە بەرامبەر خەبات و قوربانییەکانی گەلەکەمان و تاکە ڕێگەی مسۆگەرکردنی ئاییندەیەکی گەشترە بۆ نەوەکانی داهاتوومان.
کەمئاگایی و هەژاریی ئەم لایەنانە لە ئاست هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی، هاوتەریب لەگەڵ بێباکییان بەرامبەر بە هەستیاریی ئەم قۆناغە، وای کردووە ببنە سەکۆ و بڵندگۆی بەبازاڕکردنی پڕوپاگەندە و ویستەکانی ناحەزانی میللەتەكەمان. لەبری ئەوەی لە سەنگەری بەرگری لە دەستکەوتە نەتەوەییەکاندا بن، بوونەتە ئامرازی جێبەجێکردنی نەخشەی ئەو لایەنانەی چاویان بە سەقامگیری و ئاوەدانیی هەرێمەکەمان هەڵنایەت.
لەژێر تەمومژ و گوشارە بەردەوامەکاندا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە بە سیاسەتێکی حەکیمانە، سەقفی داواکارییە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانی ڕاگرتووە و وەک پەناگەیەک بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی ماوەتەوە. ئەرکی پاراستنی ئەم دەستکەوتانە تەنیا لەسەر شانی دامەزراوە فەرمییەکان نییە، بەڵکو ئەرکێکی جەماوەری و بەکۆمەڵە.
لێرەدا پێویستە خەڵکی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێک بەئاگا بن لە کردار و ئامانجە گوماناوییەکانی ئەم جۆرە تاقمە نابەرپرسانەیە. دەبێت وەک بەرپەرچدانەوەیەکی ویژدانی و نیشتمانی، بە ڕێگەی گونجاو بپەڕێنرێنەوە و خەونە مەترسیدارەکانیان لەبەرببرێن.
گرنگترین هەڵوێستی نیشتمانی و وەڵامی ئەرێنی لەم ساتەوەختەدا، بریتییە لە پشتیووانییەکی بەرفراوان و پتەوی جەماوەریی بۆ ئیرادەی ڕەوای گەلەکەمان، بە مەبەستی کاراکردنی پەرلەمانی کوردستان و پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. پێکهێنانی کابینەیەکی بەهێز و یەکگرتوو، تاکە زامنی پاراستنی قەوارەی هەرێم، چەسپاندنی سەروەریی یاسا، گەشەپێدانی ئابووری و وەڵامدانەوەی سەربەرزانەی تەواوی ئاڵۆزی و گوشارە دەرەکی و ناوخۆییەکانە.









