سەرۆک بارزانی وەک مەرجەعیەت و چەقی ستراتیژیی پرسی کورد لە ناوچەکەدا
🖊️بێستوون ساڵەیی
ڕۆڵ و کاریگەریی بارزانی تەنها لە سنووری باشووری کوردستاندا قەتیس نەبووە، بەڵکو وەک مەرجەعێکی نەتەوەیی ڕەنگدانەوەی لە هەر چوارپارچەکەدا هەیە.
لە باکوور و ڕۆژئاوا بارزانی پشتیوانێکی سەرەکی بۆ پاراستنی ناسنامەی کورد و ڕێگریکردن لە سڕانەوەی سیاسی پێناسە دەکرێت. ڕۆڵی ئەو لە نێوەندگیری و نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکان و کردنەوەی دەروازە دیپلۆماسییەکان بۆیان، پێگەیەکی باڵای پێ بەخشیوە.
لە هەمانکاتدا پارێزەری کولتوور و پشتیوانێکی مەعنەوی بۆ خەباتی مەدەنی و سیاسییە، بارزانی هێمایەکە بۆ بەردەوامیی ئەو ڕێچکە مێژووییەی کە دۆزی کوردی بە زیندوویی هێشتووەتەوە.
بارزانی وەکو ئەندازیاری دیبلۆماسییەتی نەتەوەیی پرسی کوردی هەر چوارپارچە لە پرسێکی پەراوێزخراوی “ناوخۆیی وڵاتان”ەوە گۆڕیوە بۆ “تەوەرێکی سەرەکی لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان”. دیدی سەرۆک بارزانی وایکردووە کە جیهان تێبگات سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ چارەسەرکردنی دادپەروەرانەی پرسی کورد بەدی نایەت.
پێکەوەژیان لای سەرۆک بارزانی مەبدەئە و هەرێمی کوردستانی وەک پەناگەیەک بۆ هەموو نەتەوە و ئایینەکان، وێنەیەکی درەوشاوەی لەسەر ئاستی جیهانیی دروستکردووە. لە لایەکی دیکەوە سەرکردایەتی کردنی جەنابیان لە شەڕی دژی تیرۆردا، متمانەیەکی وای دروستکرد کە کورد وەک کارەکتەرێکی بەرپرسیار لە پاراستنی ئاسایشی جیهانی بناسرێت.
سەرۆک بارزانی هاوسەنگییەکی وردی لە نێوان پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و واقیعی سیاسیی وڵاتانی دەوروبەردا دروست کردووە، ئەمە وایکردووە کە وەک سەنگەری کۆتایی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان لە قەڵەم بدرێت، نەک تەنها بۆ باشوور، بەڵکو وەک چاوگەی ئومێد بۆ تەواوی نەتەوەی کورد.
ئەوەی بۆ کورد جێگەی دڵخۆشی و ئومێدە، بارزانی تەنها سەرکردەیەکی سیاسی نییە بەڵکو “چەقێکی ستراتیژییە” کە بەستەرەوەی خەباتی هەر چوارپارچەی کوردستانە بە سیستەمی نێودەوڵەتییەوە.









