سێ برینداری دیکەی ڕووداوەکەی ڕێگای قەرەداغ – سلێمانی گیانیان لەدەستدا
زێیێ بادینان
بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە، سێ برینداری دیکەی ڕووداوەکەی ڕێگای قەرەداغ – سلێمانی گیانیان لەدەستدا و ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 5 کەس بەرزبووەوە.
ئەمشەو دووشەممە 26ی 1ی 2026، لە نەخۆشخانەی شۆڕش لە سلێمانی، سێ برینداری رووداوە هاتووچۆکەی ڕێگای نێوان قەرەداغ – سلێمانی گیانیان لەدەستدا.
ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لەسەر ڕێگای قەرەداغ – سلێمانی، دوو کەس دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
پاش گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش، بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە سێ کەس لە بریندارەکان گیانیان لەدەستدا و بەمەش ژمارەی قوربانیان بۆ 5 کەس بەرزبووەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێستا تەنها یەک کەس بە برینداری ماوەتەوە کە باری تەندروستی ناجێگیرە و لەژێر چاودێری چڕی تەندروستیدایە، تەرمی سێ کەسەکەش ڕەوانەی پەیمانگای پزیشکی دادوەریی سلێمانی کراوە.









