دەستووری عێراق: بۆ مافەکانمان مردووە بۆ سزادانمان زیندوو!”

قادر عەزیز

ساڵانێکی درێژە هەرێمی کوردستان لەنێوان دوو بەرداشی نادادپەروەریدا دەهاڕدرێت؛ لە لایەکەوە بەغدا تەنها ئەو کاتانە “دەستووری” بیردەکەوێتەوە کە بییەوێت فشار بخاتە سەر هەرێم و مووچەی فەرمانبەران ببڕێت، لە لایەکی تریشەوە هەمان ئەو دەستوورە لە بەرامبەر مافە ڕەواکانی ئێمەدا پشتگوێ دەخرێت، لە لایەکەوە داوای ناردنەدەرەوەی نەوت دەکەن لە ڕێگەی بۆرییەکانی هەرێمەوە، کەچی لە لایەکی ترەوە بە درۆن و موشەک میلیشیاکان، هێرش دەکەنە سەر هەولێر و هەمان بۆری نەوت ئەو کێڵگە و پاڵاوگانە بۆردومان دەکەن!
باس لە “سەروەریی یاسا” دەکەن، کەچی چەندین ساڵە قووتی خەڵکی کوردستان و شایستە داراییەکانمان وەک کارتێکی سیاسی و سزایەکی ئابووری بەکار دەهێنن.
ناکرێت بە دەستێک موشەک بنێریت و بە دەستەکەی تریش داوای داهات و نەوت بکەیت! ناتوانن باس لە “یەکپارچەیی” بکەن لە کاتێکدا سزای خەلکی کوردستان دەدەن و نان و قووتی هاوڵاتیانیان دەبرن،
دەستوور کاتێک مانای هەیە کە پارێزگاری لە مافی هەمووان بکات، نەک ببێتە پەردەیەک بۆ داپۆشینی غەدر و نادادی و ئابڵوقەی ئابووری دژ بە گەلی کوردستان.
جێبەجێکردنی دەستوور نابێت تەنها لە بەرژەوەندی لایەنێکی بەهێز بێت. ئەگەر بەغدا دەیەوێت وەک دەوڵەتێکی دامەزراوەیی مامەڵە بکات، دەبێت:
مووچەی فەرمانبەران لە کێشە سیاسییەکان جیابکاتەوە.
کۆتایی بەو ئابڵوقە ئابووری و سیاسیە بهێنێت دژی هەرێمی کوردستان،
ڕێگری لەو گروپە چەکدارانە بکات کە بە ڕۆژی ڕووناک هێرش دەکەنە سەر هەرێم.
دەستوور کاتێک نرخی هەیە کە پارێزگاری لە مافی هەمووان بکات،نەک بۆ مافەکانی هەرێمی کوردستان مردوو بێت و بۆ سزادانمان زیندوو!”

qadiraziz