لە زیندانەوە بۆ هەڵگرتنی بتڵ؛ ڕووخانی قەڵا ساختەکەی شاسوار
کاتێک باس لە لووتکەی دووڕوویی، بازرگانی بە ئازاری خەڵک و بێپڕەنسیپیی سیاسی دەکرێت، چیتر ناکرێ بێدەنگی هەڵبژێردرێت. پێویستە بە تەواوی ئەو ماسکە لەسەر دەمووچاوی ئەو کارەکتەرە هەڵبدرێتەوە کە ساڵانێکە بە دروشمی بریقە دار لە سۆشیال میدیا و بەڵێنی بێ بەلێن خەڵکی خەڵەتاندووە: شاسوار عەبدولواحید!
🔻 لە هەڕەشەی سەر سێدارەوە بۆ هەلگرتنی بتڵ
ئەم پیاوەی دوێنێ لەبەردەم کامێراکاندا بە فیز و فۆتۆشۆپەوە لافی ئەوەی لێدەدا کە “کوڕانی تاڵەبانی لەسێدارە دەدەم”، ئەمڕۆ بە کردەوە بووەتە ئامراز، پاشکۆ و کادیری ژێر ڕکێفی هەمان ئەو هێزەی کاتی خۆی نەفرەتی لێدەکردن. ئەم وەرچەرخانە شەرمنانەیە و ئەم سەردانەواندنە خێرایە، ڕێککەوت و لەخۆڕا نییە؛ بەڵکو بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئەو ڕێککەوتنە نادیار و گوماناوییەی ناو زیندانەیە کە لەسەر شەقام بە “ڕێککەوتنی بتڵەکە” ناودەبرێت. لەوێدا و لەژێر فشاردا، کاتێک ئیرادەی شکێنرا، سەرشۆڕیی هەڵبژارد و مۆری تەسلیمبوونی بەبێمەرجی یەکێتیی لە ناوچەوانی خۆی دا.
🔻 جووڵانەوەیەک لە خزمەتی ئەجێندای ڕەشدا
ئێستا «نەوەی نوێ» و سەرۆکەکەی، لە هێزێکی بانگەشەکاری ئۆپۆزسیۆنەوە داڕماون بۆ باندێکی میدیایی و دەمپیس. تەواوی میدیاییەکەی (ئێن ئاڕ تی) و سوپای پەیجە سێبەر و ئاستنزمەکانی، خرکراونەتە گەڕ تەنیا بۆ یەک مەبەست:
📌 هەڵڕشتنی ڕق و ئاژاوەگێڕی
📌 پەلاماردانی بێشەرمانە بۆسەر پارتی دیموکراتی کوردستان
📌 ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکومەت، مەسرور بارزانی
ئەم پەلامارانە نە نیشتمانیین و نە پەیوەندییان بە خەمی خەڵکەوە هەیە؛ بەڵکو تەنیا چەکێکی ژەنگاوییە بۆ داپۆشینی شکستە یەکبەدوایەکەکانیان، لەبیربردنەوەی ڕابردووە پر لە پەڵە و شەرمەزارییەکەیان، و سەرقاڵکردنی لایەنگرەکانیان بە ئاژاوەی لاوەکیی تا ڕاستییە تاڵەکان نەبینن.
🔻 کۆتایی یارییەکە
مێژوو سەلماندوویەتی کە درۆ و ساختەکاری تەمەنی کورتە. ئەو کەسەی ویستی بە سواربوونی شەپۆلی توڕەیی خەڵک بێتە ناو دنیای سیاست، ئێستا خۆی لەناو زەلاقەی ڕێککەوتنە ژێر زەمینییەکاندا خنکاوە. شاسوار عەبدولواحید چیتر ناتوانێت بە فێڵ و تەڵەکە ڕۆڵی قارەمان بپۆشێت، چونکە شەقام باش تێگەیشتووە: ئەوەی لە زینداندا کۆیلەیی قبووڵ کردبێت، هەرگیز ناتوانێت ڕابەرایەتی ئازادی بکات!
احمد گۆران كەلەكچی









