خوێندنی کوردی لە کەرکووک؛ نێوان زۆریی قوتابی و کەمیی ژێرخانی خوێندن
ئارام شێرکۆ – کەرکووک
خوێندنی کوردی لە شاری کەرکووک هێشتا وەک یەکێک لە گرنگترین بناغەکانی پەروەردە و پاراستنی ناسنامەی کولتووری بەردەوامە. ساڵانە هەزاران قوتابی ڕوو لەم بوارە دەکەن؛ بەهۆی ئارەزووی خوێندن و ماندووبوونی مامۆستایانەوە، ئەم سیستەمە توانیویەتی ئەنجامێکی باش تۆمار بکات.
بەڵام لە بەرامبەر ئەم سەرکەوتنانەدا، خوێندنی کوردی لە کەرکووک ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورەی ژێرخانی بووەتەوە، کە بریتییە لە کەمیی قوتابخانە و قەرەباڵغیی پۆلەکان. بەپێی ئامارەکان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥ ـ ٢٠٢٦، زیاتر لە ١٠٠ هەزار قوتابی لە خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەخوێنن، بەڵام تەنها ٣٠ قوتابخانە بە سیستەمی سێ دەوام کار دەکەن. ئەم دۆخە بووەتە هۆی زۆربوونی ژمارەی قوتابیان لە ناو پۆلەکاندا، بە شێوەیەک کە لە هەندێک پۆلدا ژمارەی قوتابیان زیاترە لە توانای ئاساییی فێرکردن.
لەگەڵ ئەوەشدا، مامۆستایان هێشتا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن. بەپێی زانیارییەکان، کێشەی کەمیی مامۆستای پسپۆڕ بە شێوەیەکی گەورە بوونی نییە، بەڵام کەمیی ژێرخان و بینای گونجاو کاریگەریی خۆی لەسەر کوالێتیی خوێندن هەیە.
خوێندنی کوردی لە کەرکووک دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ قۆناغێکی هەستیاری تێپەڕاند، کە تێیدا ڕووبەڕووی چەندین گرفتی ڕێکخستن و پەراوێزخستن بووەوە. ئەم بارودۆخە بۆ ماوەیەک کاریگەریی لەسەر گەشەپێدانی بوارەکە دانا. هەرچەندە ئەم ئاستەنگانە هەبوون، بەڵام قوتابیانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک هێشتا ئەنجامێکی باش تۆمار دەکەن و ساڵانە لە پێشەنگی ئەنجامەکانی ئاستی عێراقدا دەردەکەون. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئارەزووی خوێندن و ماندووبوونی کادری پەروەردە هێشتا هێزی سەرەکیی ئەم بوارەن.
لەبارەی ئەم کێشانەوە، مامۆستا کامران عەلی لە لێدوانێکی تایبەتیدا وتی: “نزیکەی ١٠٠ قوتابخانەی خوێندنی کوردی پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە. تا ئێستا تەنها چەند قوتابخانەیەک لە ڕێگەی ڕێکخراوە خێرخوازییەکانەوە نۆژەن کراونەتەوە. ئەم کارەش ئەرکی حکومەتی عێراق و حکومەتی خۆجێیی کەرکووکە، بەڵام تا ئێستا گرنگیی پێ نەدراوە.”
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی قەیرانی دارایییەوە نەیتوانیوە وەک پێویست هاوکاریی دروستکردنی بینا و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان بکات، هەرچەندە بەگوێرەی وتەکەی، سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی پەروەردە هاوکارییان هەبووە. بە وتەی بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانە، ڕێڕەوی خوێندن نەوەستاوە و خوێندنی کوردی لە کەرکووک هێشتا بەردەوامە لە سەرکەوتن و بەرەوپێشچوون.









