سایکۆلۆژیای شۆک و بێهیوایی: شرۆڤەیەکی دەروونی بۆ گوتارە سیاسییەکان


غازی عادل گەردی


لە دەروونناسیی سیاسییدا، کاتێک سەرکردەیەک تووشی گۆڕانکاریی مەزن و شکەستی ستراتیژی دەبێت، گوتارەکانیان دەکەونە ناو دۆخێکی دەروونییەوە کە پێی دەوترێت “دژبەرایەتیی هەستی” (Emotional Dissonance) و “قۆناغەکانی شۆک و پەشیمانی”. گوتاری دوێنێ شه‌وی باڤڵ تاڵەبانی، نموونەیەکی زیندی و پڕە لە نیشانەی دەروونیی قوول، کە تێیدا ململانێیەکی توند لە نێوان “دەسەڵاتخوازیی ڕووکەش” و “بێهیواییی قوول”دا دەبینرێت.

١. دانپێدان بە بێدەسەڵاتی و شۆکا “من و ئێمە”
ئەو خاڵەی کە لە دەروونزانیدا بە “من یان ئێمە” (I vs. We) ناسراوە، لێرەدا لووتکەی بێهیواییی تاکەکەسی و سیاسی دەردەخات. کاتێک سەرکردەیەک هەست دەکات هیچ قەڵایەکی یاسایی یان سیاسی نەماوە بۆ بەرگریکردن و هەموو هەوڵەکان بێئەنجامن، زمانی دەروونی دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە “پاڕانەوە و نائومێدی”. شۆکی وەرگرتنی ڕێککەوتنی لایەنی بەرامبەر لەگەڵ نەوەی نوێ، ئەو زەبرە دەروونییە بوو (Psychological Trauma) کە هاوسەنگیی بڕیاردانی تێکشکاند. داواکردنی دووبارە بۆ دانوستاندن و گوتنی “تکایە شۆکمان مەکەن”، نیشانەی شکستهێنانی بەرگرییە دەروونییەکانی تاکە لە بەرامبەر واقیعێکی سەختدا.

٢. گۆڕینی هاوکێشەی هێز: “ئێوە دابنێن، ئێمەش دادەنێین” (ڕەفتاری بەرگریی توند)
لە دەروونزانیدا، کاتێک کەسێک هەست بە لاوازی دەکات، زۆرجار پەنا بۆ “قەرەبووکردنەوەی زێدە” (Overcompensation) دەبات؛ واتە بە زمانی هەڕەشە و توند هەوڵ دەدات هێزە لە دەستچووەکەی خۆی نیشانی بنکەی جەماوەری و لایەنگرەکانی بدات. گوتنی ئەوەی «سەرۆکی هەرێم دابنێن، لێرە سەرۆکی هەرێم دادەنێین…» تەنها نماییشێکی دەروونییە بۆ سارێژکردنی برینی لاوازی و ترسی لەدەستدانی پێگەی جەماوەری، نەک هەڕەشەیەکی پراکتیکیی مەترسیدار. چونکە خودی خاوەن گوتار دەزانێت کە بڕیاری کشانەوە لە کابینەی نۆیەم چیتر کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت لەسەر واقیعی نوێ، چونکە پەرلەمان کارا بووە و کابینەی نوێ پێکدەهێنرێت.

٣. سایکۆلۆژیای پەشیمانیی مێژوویی و تێگەیشتن لە واقیع
مرۆڤ کاتێک لە دۆخێکی دەروونیی نائارامدا دەکەوێتە هەڵەی ستراتیژی، دواتر لە کاتی کشاندنەوە یان دابڕاندا، تووشی پەشیمانیی قووڵی ناچاری (Regret) دەبێت. تێکەڵکردنی ئەو هەموو هەستی پەشیمانییە لەدەستدانی فورسەتی ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان – کە وەک واقیعێکی نێودەوڵەتی و هەرێمی دەبینرێت – دەرخەری ئەوەیە کە تێگەیشتنێکی درەنگوەختە. ئامۆژگاریکردنی ئاراسی ئامۆزاش بۆ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، گەورەترین بەڵگەیە لەسەر دانپێدان بە ڕاستییەکان لە دوای تێپەڕبوونی تووڕەیی و شۆکی دەروونی.

ئەنجام:
دیمەنەکەی دوێنێ شەو، نیشاندەری کۆتایی قۆناغێکە کە تێیدا “هێزی سۆزداری” شوێنی خۆی بە “واقعبینێتی سیاسەت” دەدات. وەک داپیرە گەورەکان گوتوویانە: «ددان بە لۆلکیدا دەکەون»، مرۆڤ دەبێت لە کاتی خۆیدا هۆشیار ببێتەوە، پێش ئەوەی واقیعی ژیان و مێژووی سیاسی، دەرسە گرانبەهاکان بە شێوازێکی بێبەزەییانە فێری بکات.