زیرەکیی دەستکرد.. دەرفەتێکی زێڕین بۆ وەرچەرخانی ئابووریی گەنجان لە کوردستان
دیمانە: ئارام شێرکۆ
زیرەکیی دەستکرد لەم سەردەمەدا بووەتە دەرفەتێکی زۆر گونجاو بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و کەمکردنەوەی بێکاری، ئەمەش دەرفەتێکی زۆر گونجاوە بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان کە بە هۆیەوە پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و لە بوارە جیاوازەکان داهێنانی گەنجان خزمەت بە پێشکەوتنی کۆمەڵگا بکەن.
لەم بارەیەوە پ . د . ئاریانا ئیبراهیم وەک مامۆستایەکی زانکۆ لە زانکۆی سەلاحەدین لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بەم شێوەیە قسەی بۆ کردین:
مێژووی مرۆڤایەتی هەمیشە بەسەر دوو قۆناغدا دابەش دەبێت: قۆناغی بەرپابوونی تەکنەلۆجیایەکی نوێ، و قۆناغی خۆگونجاندن لەگەڵیدا. ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم شۆڕشی زیرەکیی دەستکرددا (AI) دەژین. لە کاتێکدا زۆرێک لە گەنجانی ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا هێشتا وەک ئامرازێکی تەرفیهی و کات بەسەربردن یان یاریپێکردن دەڕواننە ئامرازەکانی وەک ChatGPT و Midjourney، چەندین گەنجی وشیار لە جیهان و تەنانەت لە ناوخۆی کوردستاندا ئەم بوارەیان کردووە بە ئامرازێکی سەرەکی بۆ دروستکردنی بژێوی و ڕەخساندنی دەرفەتی کاری سەربەخۆ.
پێویستە ڕاستییەک قبووڵ بکەین: زیرەکیی دەستکرد جێگەی مرۆڤ ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو مرۆڤەی کە زیرەکیی دەستکرد بەکار دێنێت جێگەی ئەو مرۆڤە دەگرێتەوە کە بەکاری ناهێنێت. لە بازاڕی کاری ئەمڕۆی کوردستاندا، کە پڕیەتی لە کێبڕکێ لە نێوان بزنس و کۆمپانیاکاندا، خێرایی و کوالیتی پێوەرە سەرەکییەکانن. بەکارهێنانی ئامرازەکانی AI ڕێگە بە تاكێک دەدات لە ماڵەکەی خۆیەوە کاری گرووپێک لە دیزاینەر، نووسەر، و مۆنتێر بە تەنها و لە ماوەیەکی پێوانەییدا جێبەجێ بکات. ئەمە تەنها کار ئاسانکردن نییە، بەڵکو شۆڕشێکە لە چەمکی بەرهەمهێناندا.
دەرفەتەکان لەبەردەستدا زۆرن، لە دروستکردنی ناوەڕۆک و ڕێکلامی پرۆفیشناڵ بۆ دوکان و براندە ناوخۆیییەکان، تا دەگاتە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی خێرا، بەڕێوەبردنی ئۆتۆماتیکی پەیجەکان، و مۆنتاژی ڤیدیۆ بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەی پێویستە بۆ دەستپێکردن، نە بڕوانامەی بەرزی زانکۆیە و نە سەرمایەیەکی گەورەیە، بەڵکو تەنها ئیرادەیەکە بۆ فێربوون، هێڵێکی ئینتەرنێت، و گۆڕینی بیرکردنەوەیە لە بەکارهێنەرێکی تەمبەڵەوە بۆ بەرهەمهێنەرێکی زیرەک.
کەواتە، زیرەکیی دەستکرد بۆ گەنجی کورد دەرفەتێکی دووبارەنەبووەوەیە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە جوگرافی و ئابوورییەکان. کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە بەهەدەردانی کات لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بهێنین و ئەو ئامێرەی لە دەستماندایە بیکەین بە سەرچاوەی سەرەکیی داڕشتنی ئاینده و دروستکردنی سەربەخۆیی دارایی. بڕیارەکە لای خۆتە: دەچیتە ناو شەمەندەفەری ئاینده، یان لە وێستگەی ڕابردوودا بەجێ دەمێنیت؟









