نادادی لە دونیای ڕۆشنبیریی کوردیدا
ستار ئەحمەد
تەمومژێک باڵی بەسەر گۆڕەپانی هزری و ئەدەبی ئێمەدا کێشاوە، کە تێیدا دادپەروەریی و دابەشکردنی دادپەروەرانەی شوێنپێی ڕاستەقینەی ڕۆشنبیران تووشی داخورانێکی بەردەوام بووەتەوە. کاتێک ئاوڕێک لە کاروانی ڕۆشنبیریی کوردی دەدەینەوە، بە ڕوونی درک بە بوونی کەشێک دەکەین کە تێیدا پێوەرە هزری و داهێنەرەکان جێگەی خۆیان بۆ پەیوەندییە کەسییەکان، دەستەگەرییە تەسکەکان و حەزە کۆڵەوارەکانی بەرژەوەندخوازی چۆڵ کردووە. ئەم نادادییە نەک تەنیا مافی سەدان نووسەر و بیرمەندی ڕاستەقینە دەفەوتێنێت، بەڵکو خودی پەیکەری زانستی و زمانەوانیی نەتەوەیەک تووشی شێواندن و پووکانەوە دەکات.
لە دونیایەکدا کە دەبوو وێژە و ڕۆشنبیری پاسەوانی ڕاستی و ویژدانی زیندووی کۆمەڵگە بن، کەچی زۆر جار دەبینین میدیا و سەکۆ ڕۆشنبیرییەکان دەبنە شوێنی ناساندن و بەرزکردنەوەی ئەو کەسانەی کە بەرهەمەکانیان لە ڕووی ناوەڕۆک و ئاستی ئەدەبییەوە لە ڕیزبەندیی سەرەتاییدان، لە بەرامبەردا داهێنەرە ڕاستەقینەکان کە تەمەنێک لە خزمەتی زمان و وێژەی پاکی کوردی و بیری سەردەمیانەدا دەگوزەرێنن، لە پەراوێزی پەراوێزەکاندا دەمێننەوە. ئەم دیاردەیە نەک هەر ستەمە لە تاکەکان، بەڵکو دروستکردنی کەشێکی ساختەیە کە تێیدا خەڵات، سەکۆ و دەرفەتەکان بەپێی بەخشندەیی ڕامیاری و نزیکایەتیی دەستەگەری دابەش دەکرێن، نەک بەپێی قورسایی و بایەخی بەرهەمەکە.
کێشەی سەرەکی لەم نادادییەدا ئەوەیە کە چەمکی بەها لە ناوەندی ڕۆشنبیریدا تووشی شێواندن بووە. کاتێک نووسەرێک یان لێکۆڵەرێک بەبێ پشتیوانیی دەستەیەک یان لایەنێک ناتوانێت دەنگی خۆی بگەیەنێت یان بەرهەمەکانی چاپ بکات، مانای وایە ئێمە لەبەردەم جۆرێک لە سەرمایەداریی ڕەمزیداین کە بەهای هزریی تێدا بەپێی هەڵسەنگاندنی زانستی پێوەر ناکرێت. ئەم ڕەوشە دەبێتە هۆی دروستبوونی نائومێدییەکی ترسناک لەلای نەوەی نوێی نووسەران و بیرمەندان، و وا دەکات ڕۆشنبیری لە ئەرکە پیرۆزەکەی خۆی کە بریتییە لە ڕووناک کردنەوەی جڤاک و پاراستنی ڕەسەنایەتیی زمان، لابدات بۆ ئامرازێک کە دەستکەوتی کاتیە.
جگە لەوەش، پرۆسەی بانگهێشتکردن و بڵاوکردنەوە لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤار و ناوەندەکانی هەرێمدا، تەنیا بۆ دەستە و تاقمی خۆیانە. ئەمەش کارەساتی گەورەی لێکەوتووەتەوە؛ چونکە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان لە سەنگەرێکی کراوە و گشتگیرەوە بۆ گەشەپێدانی بیر و ڕەخنەی بنیادنەر، بوونەتە تەلبەندێکی داخراو کە تەنها ئەو پێنووسانە دەچنە ژووری پێشەوە کە ئامادەگیان لە هزری، ڕامیاری یان کۆمەڵایەتیی ئەو گروپانەوە نزیکن کە خاوەندارێتی یان بەڕێوەبردنی ئەو ناوەندە دەکەن. لەم پێناوەدا، بازرگانیی و ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی سەر هەڵدەدات و بانگهێشتکردنی نووسەران بۆ کۆڕ و سیمینار و تەلەفزیۆنەکان لەسەر بنەمای تۆ باسی من بکە، منیش باسی تو دەکەم بەڕێوەدەچێت، کە ئەمەش چەمکی ڕەخنەی ڕاستەقینە دەکوژێت. ئەنجامی ئەم کارەش کوشتنی ورەی نەوەی نوێ و بێدەنگکردنی بێلایەنەکانە، کاتێک گەنجێکی بەهرەمەند یان نووسەرێکی سەربەخۆ دەبینێت بەهۆی نەبوونی پشتیوانیی دەستەگەرییەوە ناتوانێت دەنگ هەڵبڕێت، و بەم شێوەیە پێوەری بەهای ڕۆشنبیری دەشێوێت و چۆنیەتی و ناوەڕۆکی زانستی دادەبەزێت.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم نادادی و قۆرخکارییە، پێویستیمان بە ڕەخنەیەکی زانستی، سەربەخۆ و وشیارکەرەوە هەیە کە بتوانێت سنورێک بۆ ئەم خزمخزمێنە هزرییە دابنێت. ڕاستکردنەوەی ئەم کاروانە ناگەڕێتەوە سەر دروشم، بەڵکوو پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ پێوەرە ڕاستەقینەکانی داهێنان، پاراستنی پاکیی زمان، و دانانی ڕێز لەوانەی تەمەنیان لە پێناو بونیادنانی کۆشکی زاستی کوردیدا بەخشیوە. تەنیا لە ڕێگەی دادوەرییەکی دادپەروەرانە و پشتبەستن بە شایستەیی هزری، دونیای ڕۆشنبیریی کوردی دەتوانێت ڕەسەنایەتی و کاریگەرییە ڕاستەقینەکەی خۆی بۆ کۆمەڵگە بگەڕێنێتەوە.









