وردەکاری تەواوی دیداری مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع

ڕۆژی سێشەممە مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ ئەحمەد شەڕع (سەرۆکی سووریا) کۆبوونەوە، بە ئامادەبوونی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە

دیدارەکانی مەزڵووم و ئیلهام لە دیمەشق چەندین دۆسیەی لەخۆگرتبوو: تەواوکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی “هەسەدە” لە ناو سوپای سووریا، بەشداری لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و پێدانی پۆستی سیاسی بە سەرکردەکانی “هەسەدە” لە ناو دەوڵەتدا.

سەرکردایەتی سووریا داوای لە مەزڵووم کردووە لیستێک لەو کەسانە ئامادە بکات، کە کاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆست لە دەوڵەتدا.

ئیلهام ئەحمەد دوای چەند ڕۆژێکی تر سەردانی وەزارەتی دەرەوەی سووریا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وەرگرتنی پۆستێک لەو وەزارەتەدا. چەند پێشنیازێک لە ئارادان، وەک: جێگری وەزیری دەرەوە، یان یاریدەدەری وەزیر، یان ڕاوێژکاری باڵای وەزیر.

بە شێوەیەکی فەرمی وەرگرتنی پۆستێک لەلایەن مەزڵووم عەبدییەوە نەخراوەتەڕوو، بەڵام سەرکردایەتی سووریا چەندینجار جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە پێویستە لە دیمەشق ئامادەیی هەبێت.

یەکێک لەو بیرۆکانەی مەزڵووم دەیخاتەڕوو ئەوەیە، کە پۆستی نێردراو یان ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی بۆ کاروباری پێکهاتەکان (بە کوردەکانیشەوە) وەربگرێت.

ئەمریکا و فەڕەنسا بیریان لەوە دەکردەوە پۆستی بەڕێوەبەری نووسینگەی ئاسایشی نیشتمانی بە مەزڵووم عەبدی بدرێت، بەڵام سەرۆک شەڕع، ئەنەس خەتاب (وەزیری ناوخۆ)ی، وەک بەڕێوەبەری نووسینگەی ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشان کرد.

دیدارەکانی مەزڵووم و ئیلهام بابەتی پەروەردە و زمانی کوردییان لەو قوتابخانانە تاوتوێ کرد، کە زۆرینەیان کوردن. وەزیری پەروەردەی سووریا لەگەڵ هەردوو سەرکردە کوردەکە کۆبووەوە (پێشتریش سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراقی کردبوو). لیژنەیەکیش بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسە پێکهێنراوە.

١مەزڵووم عەبدی بەمزووانە هەڵوەشاندنەوەی “هەسەدە” و هەموو دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکان ڕادەگەیەنێت، لەوانەش “یەکینەکانی پاراستنی گەل – YPG” و “بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر”.

“یەکینەکانی پاراستنی ژن – YPJ” دۆخێکی تایبەتیان دەبێت بە جۆرێک، کە ڕۆڵیان دەبێت لە ناو دەزگای ئاسایشی ناوخۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر؛ ئەمە پێشنیازی هەسەدەیە