پەڵەقاژەی میدیاییی نەوەی نوێ و داڕمانی ئەخلاقی لە گۆڕەپانی سیاسییدا
کاتێک هێزێکی سیاسی لە متمانەی جەماوەری و کاریگەریی ڕاستەقینە دادەماڵرێت و لە گۆڕەپانی بڕیاردا پشتگوێ دەخرێت، پەنا بۆ نزمترین ئاستی ڕەفتاری میدیایی و بێئەخلاقیی ئاراستەکراو دەبات. لەم ماوەیەدا، کەناڵەکانی سەر بە نەوەی نوێ کەوتوونەتە قۆناغێکی مەترسیداری پەلەقاژەی سیاسییەوە. هۆکاری سەرەکیی ئەم هاربوونە میدیایییە ئەوەیە که پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ حسابێکی بۆ نەکردوون و لە معادەلەی پێکهێنانی حکوومەتدا پشتگوێ خستوون. ئەم پشتگوێخستنە و هەستکردن بە کۆتاییهاتنی سیاسی، ئەوانەی گەیاندووەتە لوتکەی شێواوی و تووڕەیی.
ئەوان دەزانن دزییەکان، قۆڵبڕین لە خەڵک، و پرسی فرۆشتنی دەنگەکانیان وردە وردە بەرەو کۆتاییی ڕووت و ڕەوای خۆی دەچێت، بۆیە دەیانەوێت بە پشتبەستن بە کۆمێنتە نەگونجاوەکان و سووکایەتیکردن بە سیمبول و پیرۆزییەکانی گەلی کوردستان، سەرنجی شەقام لادەن. بەڵام ئەم ڕەفتارانە تەنها ڕووی ڕەشی خۆیان و پاشکۆایەتییان زیاتر بۆ خەڵک ئاشکرا دەکات. مێژووی پڕ لە قوربانیی بنەماڵەی بارزانی و خەباتی پارتی، بە زەڕەیەک لەو وەڕینە پڕ لە كینەیە ناشیرین نابێت. ئەو زمانە هەرزانەی ئەوان بەکاری دەهێنن، دەرخەری قەیرانی دەروونیی سەرکردایەتییەکەیانە کە لە کاتی قەیرانەکاندا جگە لە جنێودان و هەڵوەشاندنەوەی بەها کۆمەڵایەتییەکان، هیچ کارتێکی تریان بە دەستەوە نەماوە. گەلی کوردستان هوشیارە و باش جیاوازیی نێوان ئەوانە دەزانێت کە خزمەتکار و بونیاتنەری ئەم خاکەن، و ئەوانەش کە تەنها پیشەیان قەیرانسازی و شێواندنی ئارامیی گشتییە. باجی ئەم بێڕێزی و سنوربەزاندنانەش زوو یان درەنگ لەسەر هەژماری سیاسیی خۆیان دەبڕدرێت و لاپەڕەی سیاسەتیان بۆ هەمیشە دادەخرێت.









