پوختەیەک لە گوتە و وەڵامەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئەمڕۆ دووشەممە 27ی تەممووزی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، سەبارەت بە چەند پرسێكی گرنگی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە قسەی بۆ میدیاکان كرد.
پوختەیەک لە گوتە و وەڵامەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
- گرژی و شەڕ و پێكدادان لەم ناوچەیە تاكوو ئێستا بەرەو كۆتایی نەچووە، كێشە و ئاسەوارەكانیشی هەموو ناوچەكانی گرتووەتەوە. بێگومان ئێمەش بێبەش نین لەم بارودۆخە.
- هەرێمی كوردستان بەشێك نییە لە هیچ شەڕێك و لە هیچ توندوتیژییەك و دەمانەوێ كێشەكان بە شێوەیەكی ئاشتییانە لە ناوچەكە چارەسەر بكرێن.
- سوپاسی خۆڕاگری و هەڵوێستی خەڵكی كوردستان دەكەم كە هەمیشە تێدەگەن لە بارودۆخەكە و پشتیوانی بەردەوامی حکومەتی هەرێمیش بوون، دڵفراوان بوون و هەرچی پێمان بكرێ بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان درێغیی ناكەین.
- ئێمە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵكین و زیاتر لە هەموو كەسێك زیاتر پەرۆشی ژیانی ئەو خەڵكەین.
- زۆر زۆر دڵنیام ئایندەیەكی ڕووناكتر و خۆشتر چاوەڕێی خەڵكی ئێمە دەكات. بۆیە من حەز دەكەم خەڵكی ئێمە بە هیچ جۆرێك تووشی دڵەڕاوكێ نەبن، قەلەق نەبن، ئەم دۆخەش ئیشەڵا بەرەو چارەسەر دەڕوات.
- بەداخەوە حکومەتی هەرێمی كوردستان پێك نەهاتووە. حکومەت حکومەتی خەڵكە و پەرلەمانیش پەرلەمانی خەڵكە، پێمانوایە كاراكردنەوەی پەرلەمان و دروستكردنی حکومەت پێش هەموو كەسێك لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندایە.
- دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە پەرلەمان كارا بكرێتەوە و حکومەتیش پێك بێت، ئەم حکومەتە لە بەرژەوەندیی خەڵك دەبێت.
- دەمەوێ دڵنیاتان بكەمەوە كە حکومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لەوەی كە پارێزگاریی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكا.
- ئێمە لە هەرێمی كوردستان داوامان كردووە بەپێی ڕێژەی خۆمان لە دابینكردنی بەرهەمەكان و بەكارهێنانی ناوخۆیی، ئەو ڕێژەیەمان هەبێت.
- ئێمە بەردەوامین، لەگەڵ خەڵكین، لەگەڵ ئازارەكانی خەڵكین، لەگەڵ داواكارییەكانی خەڵكین، ئەوەی پێشمان بكرێت بۆ دابینكردنی مافەكانیان بەردەوام دەبین، چ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بێت، چ بە هەوڵی ناوخۆیی بێ بۆ ئەوەی ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێ.
- بۆ ئەوەی هەموو ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن، ئێستا یەكهەڵوێستی، یان یەكڕیزی، یان تێگەیشتن و بەیەكەوە كاركردنی لایەنە سیاسییەكان لە هەموو كاتێكی تر زیاتر پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین بە یەكەوە ڕووبەڕووی هەموو ئەو قەیرانانە ببینەوە و وەفاداریش بین بەرامبەر بەو بەڵێنەی كە بە خەڵكی كوردستانمان داوە.
- جەنابی سەرۆك بارزانی هەر لە زووەوە داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەكان كرد كە ئەوان بێن بەیەكەوە دانیشتنێك بكەن و زیاتر بیر لە بەرژەوەندیی باڵای خەڵكی كوردستان بكەنەوە و لایەنە سیاسییەكان و كەسەكان تۆزێك بیر لە دۆخی خەڵكەكە بكەنەوە.









