تا پێشمەرگەیەک مابێ شکۆ و سەروەرى کوردستان پارێزراوە


رێبوار حەمەلاو شوانى
بە ناوچەیەکدا دەژین بەردەوام هەڵشکان و داکشانى زۆر لە رووى هاوسەنگى ئەمنى،سیاسی و دیپلۆماسى بەخۆیەوە دەبینێت و گۆڕانکارییەکان زۆر خێران و بەتایبەتى لە ئێستادا رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە رەوشێکى زۆر هەستیار و ناسکدا تێدەپەڕێت ، ئەوە دەخوازێت بە دیدگایەکى نیشتیمانپەوەرى و کوردپەوەرییەوە بڕوانینە رووداوەکانى دەوروبەمان. لە کاتێکى وەها چارەنووسسازدا هێزى پێشمەرگەى کوردستان تەنها دامەزراوەیەکى سەربازى نییە ، بەڵکو کۆڵەکەیەکى بەهێز وگرنگە بۆ مانەوەى قەوارەى یاسایی و دەستوورى ، ئارامى و سەقامگیرى و داهاتووى ئەم نیشتیمانە ، کە بەخۆین و گیانى هەزاران شەهید و پێشمەرگە و دڵسۆزانى کوردستان هاتۆتە دى ، بۆیە مانەوە و بەهێزکردن و زیاتر ڕێکخستن و پڕچەککردنى پێشمەرگە، زەروورەتێکى نیشتیمانییە لە پێناو پارێزگاریکردن لە قەوارەى کوردستان و ئەو ئەرکە قورسەش بە بێ بوونى پێشمەرگە ئەستەمە
پێشمەرگە ، جیاواز لە هەموو لەشکر و هێزە چەکدارییەکانى دیکە ، هێزێکى نەتەوەییە لە خۆێن و گیانى نەتەوەیەکى ستەمکلێکراو دروستبووە ، هێزێکە بە ویستى گەلى کورد دامەزراوە و پارێزەرى شکۆى نەتەوەیەکە ، پێشمەرگە دژى هەر داگیرکەر و ڕژێمێکى دیکتاتۆرییە ، ئەگەر دوێنى لە نێو چیا و دۆڵ و دەستکەکانى کوردستان خەباتى لە پێناو ئازادى و سەربەخۆیی و ڕەتکردنەوەى ستەمکارى دەکرد ، ئەوە ئەمڕۆ پارێزگاری لە سەروەرى کوردستان و ئازادى و دیموکراسى و پێکەوەژیان و ئاشتى و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاکان دەکات ، قوربانى زۆریشى بەخشیووە
مێژووى دوێنى وئێستاش سەلمێنەرى ئەو راستییانەن ، هێزى پێشمەرگەى کوردستان , قەڵغانى بەرگریکردن بووە دژى هەر دەستدرێژیی دوژمن و داگیرکەر و تیرۆریستێک ، هەر پێشمەرگە بوو هەموو دوونیایی وەک هێزێکى زەمینى نێودەوڵەتى دڕندەترین ڕێکخراوى تیرۆریستى بەناوى داعش تێکشکاند ، هەموو ناوچەکەى و جیهانیشى لە مەترسى تیرۆر پاراست ، بۆیە بوونى ئەم هێزە نیشتیمانى و خۆرسکەى کوردستان دڵنییایی و قەڵغانێکە بەهێزە بۆ ئەوەى کوردستانیان و هەمووان بە ئاسوودەیی و دڵنییایی ژیان بەسەر بەرن و ئاوەدانى گەشەپێدانى کوردستانیش بەردوامى هەبێت
بەتایبەتى لە کات و ساتێکداین ، ناوچەکە و جیهان بە کۆمەڵێک پرس و کێشەى ئەمنى و ئابوورى و سەربازییەوە گیرۆدە بووە ، بوونى پێشمەرگە و زیاتر گرنگی پێدانى،راستەوخۆ کاریگەر دەبێت لە سەر سەقامگیرى لە ناوچەکە بەشێوەیەکى گشتى ، چونکە هێزى پێشمەرگەى کوردستان هۆکارى هاوسەنگى هێزە لە هەرێمە کە و جێگەى متمانەى زڵهێزانى جیهانیشە .
بۆیە , ئەرکى هەمووانە , گشت بەرژوەندییە تایبەتى و حزبییە بەرتەسەکەکان وەلاوە بنێن و هەوڵەکانیان لەگەڵ حکوومەتى کوردستان چڕتر بکەنەوە بۆ ئەوەى پێشمەرگە زیاتر پڕچەک بکرێت و مەشق و راهێنانیان وەک هێزێکى سەربازى پێشکەتوو پێ بکرێت و هەمووان لە ژێر ڕەشماڵى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان ، ئەرکە پیرۆزەکەیان جێبەجێ بکەن ، چونکە پشتیوانیکردنى لە هێزى پێشمەرگەى کوردستان ، تەنها لە چوارچێوەى دروشمێک نییە ، بەڵکو ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکى باڵاکى نیشتمانیی ونەتەوەییە ، بەتایبەتى کە ئارامى و سەقامگیرى و ئاسایشى ئەمڕۆمى کوردستان بەر ئەنجامى خەباتى بێ وچان و قوربانیدان و ماندوونەنناسى و شەونخوونى هێزى پێشمەرگەى کوردستانە لە نێو سەنگەرەکانى شکۆمەندى و سەربەزى پارێزگاریکردن لە قەوارە و دەستکەوتەکانى کوردستان ، بۆیە تا پێشمەرگەیەک مابێ شکۆى کوردستان پارێزراوە