هۆڤیەکان لەدێڕە شاراوەکانی کەرکووکدا
ستار ئەحمەد
مێژووی دێرینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک تابلۆیەکی گەورە و ئاڵۆز وایە کە بەبێ دۆزینەوەی هەموو پارچەکانی، ناتوانرێت وێنە ڕاستەقینەکەی ببینرێت. بۆ ماوەیەکی درێژ، مێژوونووسانی کلاسیک تەنیا تیشکیان دەخستە سەر شارستانییەتە ناسراوەکانی وەک سۆمەر، بابیلۆن، ئاشوور و میسری کۆن، لە کاتێکدا گەلێکی مەزن و داهێنەری وەک هۆڤیەکان (حۆرییەکان) لە نێوان دێڕەکانی مێژوودا بە پەراوێز خراوی مابوونەوە. لێکۆڵینەوەی وردی سەرچاوە شوێنەوارییەکان پێمان دەڵێت کە هۆڤیەکان نەک هەر نەتەوەیەکی لاوەکی نەبوون، بەڵکو پێکهاتنی یەکێک لە ڕەسەنترین و بەهێزترین ڕەگەکانی شارستانییەتی دێرینی ئەم ناوچەیە دەستنیشان دەکەن و کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر نەخشەی هزری و کولتووریی فەرهەنگە جیاوازەکان جێهێشتووە. ئەم گەلە شاخاوییە کە پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر لە دەوروبەری دەریاچەی وان و چیاکانی ئەرمەنستان و باشووری قەوقازەوە ژیاون، بەهۆی گۆڕانکارییە سروشتی و سیاسییەکانەوە بەرەو باشوور و ڕۆژاوا کۆچیان کرد و خاکی ڕەسەنی کوردستانیان کردە مەڵبەند و نیشتمانی هەمیشەیی خۆیان. ئەوان لە کەرکووکی دێرینەوە تا دەگاتە هەولێر، دەشتی شارەزوور، باکووری سووریا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ بڵاوبوونەوە و بوونە دانیشتووانە ڕەسەنەکەی ئەم ناوچە جوگرافییە گرنگە.
پێگەی زانستی و نەتەوەیی هۆڤیەکان کاتێک زیاتر دەردەکەوێت کە سەیری زمانەکەیان دەکەین؛ زمانێک کە تەواو سەربەخۆ بوو و نە دەچووە سەر خێزانی زمانە سامییەکان و نە هیندو ئەوروپییەکان، بەڵکو زمانێکی لکێنەر بوو کە تەنیا خزمایەتی لەگەڵ زمانی ئورارتیدا هەبوو. زۆرێک لە زمانناسان و توێژەرانی مێژوو لەو بڕوایەدان کە زمانی هۆڤی وەک ژێرخانێکی زۆر قووڵ و کۆن لە ناو ڕستەسازی و بنەچەی وشەکانی زمانی کوردیدا ماوەتەوە، ئەمەش بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی کە ناسنامەی ئەمڕۆی ئێمە درێژکراوەی ئەو مێژووە دێرینەیە. هۆڤیەکان لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە گەواهیدەرێکی زیندووی مێژوون، کاتێک لە هەزارەی دووەمی پێش زاییندا توانیان گەورەترین پێکهاتەی ڕامیاری خۆیان لەژێر ناوی ئیمپراتۆریەتی میتانی دابمەزرێنن کە پایتەختەکەی شاری واشۆکانی بوو لە سەرووی میزۆپۆتامیا. ئەم ئیمپراتۆریەتە مەزنە بووە جەمسەرێکی هێندە بەهێز کە تەواو هاوسەنگی دەسەڵاتی لەگەڵ فیرعەونەکانی میسر و ئیمپراتۆریەتی هیتییەکاندا ڕاگرت، مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەو سەردەمە پڕە لە نامەی دیپلۆماسی و پەیماننامەی هاوپەیمانی لە نێوان پادشاکانی میتانی و فیرعەونەکاندا، ئەمەش دەرخەری پێگەی بەرز و کاریگەری بڕیارەکانیان بوو لە جیهانی کۆندا.
ڕاستەقینەیی و سەنگی مێژوویی هۆڤیەکان تەنیا لە کتێبە گشتییەکاندا نەنووسراوە، بەڵکو لە ناخی خاکی کەرکووکدا بە بەڵگەی حاشا هەڵنەگر چەسپاوە. شاری مێژوویی نوزی کە دەکەوێتە نزیک ناحیەی لەیلانی ئێستا لە باشووری کەرکووک، وەک گەنجینەیەکی گەورەی زانیاری وایە؛ دۆزینەوەی هەزاران تاتەقوڕی بە ڕێنووسی بزماری لەو شوێنەوارەدا، پەردەی لەسەر وردەکارییەکانی ژیانی یاسایی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی هۆڤیەکان لادا. ئەم بەڵگەنامانە نەک هەر شێوازی بازرگانی و خاوەندارێتی زەوی و زاریان ڕوون کردەوە، بەڵکو پەیوەندییەکی سەرسوڕهێنەریان لەگەڵ ڕووداوەکانی ناو تەورات و ژیانی حەزرەتی ئیبراهیمدا ئاشکرا کرد. کاتێک حەزرەتی ئیبراهیم لە شاری حەڕان (ماردينى ئێستا )نیشتەجێ بوو، کە ناوەندێکی گەورەی هۆڤیەکان بوو، تەواوی دابونەریت و یاساکانی ناو خێزانەکەی، وەک پرسی بە میراتگرتنی خزمەتکاران لە کاتی بێبەشبوون لە منداڵ یاخود هێنانی کەنیزەک بۆ نەزۆکی، ڕێک لەژێر کاریگەریی یاسا کۆمەڵایەتییەکانی هۆڤییەکانی نوزیدا بوو. ئەم لێکچوونە قووڵە پیشانی دەدات کە کولتووری هۆڤی چەندە کاریگەر و باڵادەست بووە لە تەواوی ناوچەکەدا و چۆن گەلانی دەوروبەریان ڕێساکانی ئەوانیان پەیڕەو کردووە.
هۆڤیەکان تەنیا لە لایەنی ڕامیاری و یاساییدا پێشەنگ نەبوون، بەڵکو ئەوان خاوەنی ڕۆحێکی داهێنەر بوون کە لە بواری ئەدەب, ئایین و مۆسیقادا ڕەنگی داوەتەوە. خوداوەندەکانی ئەوان وەک تێشوب کە خوداوەندی گەردەلوول بوو، و شاووشکا کە خوداوەندی ئەوین و جەنگ بوو، چوونە ناو قووڵایی بیروباوەڕی گەلانی تر وەک هیتییەکان. لە لایەکی ترەوە، ئەوان بە لێهاتوویی بێوێنەیان لە بەخێوکردن و ڕاهێنانی ئەسپ و دروستکردنی عارەبانەی شەڕی سووک و بەهێز دەناسرانەوە، کە ئەمەش شۆڕشێکی گەورە بوو لە تەکنیکی سەربازیی ئەو سەردەمەدا. مەزنترین گەواهیدان لەسەر باڵادەستیی هۆڤیەکان لە بواری هونەردا، دۆزینەوەی کۆنترین سروودی مۆسیقای نۆتەکراوە لە جیهاندا کە بە “سروودی حۆری بۆ خوداوەند نیکال” دەناسرێت و بە زمانی هۆڤی نووسراوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئەوان چەندە گەلێکی خاوەن زەوق و خاوەن سیستمێکی پێشکەوتووی کولتووری بوون. نووسینەوە و خوێندنەوەی مێژووی هۆڤیەکان، گەڕانەوەیە بۆ ڕەسەنایەتی خاک و ناسنامەیەک کە بە هیچ شێوەیەک لە بیرەوەریی دێرینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانەبڕاوە، و وەک میراتێکی شکۆدار و زیندوو لە ناو ڕەگ و ڕیشەی نەتەوەیی و فەرهەنگیی ئەم نیشتمانەدا بە شەکاوەیی دەمێنێتەوە.









