کوردستانى بەهێزوخۆڕاگر ؛ بە یەکهەڵوێستى بەرەو داهاتووییەکى گەش وسەقامگیرتر
رێبوار حەمەلاو شوانى
گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى ڕەسەن و کوردستان وەک جوگرافیا و خاک خاوەن دیرۆکێکى سەدان ساڵەیە ، نەتەوەیەک کە هەرگیز چاوى لە داگیرکردنى خاکى هیچ گەل و نەتەوەیەکى دیکە نەبووە ، هەمیشە لە پێناو ئاشتى و پێکەوەژیان و ئازادى و ژیانێکى ئارام باج و قوربانى گەورەى بەخشیووە ؛ وێراى ئەوەى دەیان ساڵە ڕووبەڕووى چەندین پیلانگێرى و گەلەکۆمەکى و هەوڵى لەناوبردن و سڕینەوە و وێرانکارى گەورە بووەتەوە ، بەڵام هەمیشە بە ئیرادەیەکى پۆڵایین وبەهێزەوە بەردەوام بووە لە خەبات بۆ گەیشتن و بەدەستهێنانى مافەرەواکانى ، لە هەموو ئەو قۆناغانەشى کە توانیوێتى دەستکەوتى گەورە و مێژوویی بەدەست بێنێت ، ئەوە بەڕێگەى تەبایی و یەکدەنگى هەموو هێزولایەنە نیشتیمانپەوەرەکان بووە ، بۆیە قۆناغى ئێستاشمان وەک زەروورەت دەخوازێت یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بین ئەوەش وادەکات داهاتوویەکى باشتر و پڕ دڵنییایی بۆ گەل ونیشتیمانەکەمان فەراهەم بکەین
ڕێز گرتن لە بنەماکانى دیموکراسى و یەکترقبووڵکردن و دەنگ ومافى خەڵک و بوونى متمانە و یەکسانى هۆکارى سەرەکین بۆ چارەسەرى کێشەکان بەڕێگەى گفتوگۆوە ، چونکە گفتوگۆ پرد و هێزێکى کاریگەرە بۆ ئەوەى گرژى و ناکۆکییەکان کەم بکاتەوە و هاوبەشى و یەکهەڵوێستى لە پێناو بەرژوەندییە باڵاکانى نەتەوە و نیشتیمان دروست بکات ، بۆیە گفتوگۆ و تەبایی بۆ قۆناغى خەباتى ئێستەمان و ڕێزگرتن لە مافەکانى یەکتر و خەڵکى کوردستان دەتوانێت هەر قەیران و بەستەڵەکێک تێکبشکێنێت و بەئاسانى دەربازى بکات
نەک تەنها لە کوردستان بەڵکو لە زۆربەى وڵاتانى ناوچەکە و جیهان هەمیشە جیاوازى و ناکۆکیی قووڵى سیاسى و حزبى هەبووە ، بەڵام هەرگیز نەبووەتە هۆى ئەوەى زیان بە ئاسایشى نەتەوەیی و نیشتیمانى بگەێنێت ، بەڵکو هەموو جیاوازییانە و باوەر بوون بە گفتوگۆ دەبنە هۆى ئەوەى زیاتر گەل و نیشتیمانە بەرەو پێشچوون بەخۆیەوە ببینێت ، زۆر گرنگە هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان ئامانج وستراتیژییان بەهێزکردنى سەنگ وپێگەى کوردستان و پارێزگاریکردن بێت لە دەستکەوتەکان و هەوڵدان بێت بۆ وەدیهێنانى مافەرەواکانى گەلى کورد
نەک هەر ئێستا بەڵکو لە رابردوو بە هۆى هەڵکەوتەى جوگرافیاى کوردستان ، کەوتۆتە ناوچەیەکى زۆر ئاڵۆز و پڕ لە کێشەدا ، ئەوەش وایکردووە لەگەڵ هەڵکردنى هەڕ ڕەشە و شەڕ و ئاڵۆزییەکى جەمسەرەکان مەترسى سیاسى و ئابوورى و سەربازییەکان لە سەر کوردستان زیاتر ببێت ، بۆیە زۆر گرنگە و هەموو حزب ولایەنەکان لەسەر بنەماى کوردپەوەرى و ونیشتیمانپەوەرى ، بەتەبایی و یەکهەڵوێستى ئەوا کوردستان بەهێز تر وپارێزراوتر بکەن ، پێچەوانەکەشى و مێژووییش سەلمێنەرە کاتێک گرژى و ئاڵۆزى لە سەر بنەماى حزبایەتى بەرتەسک زۆرتر بێت ،ئەوا نەیارانى کوردستان دەتوانن سوود لە درز و لێکترازانەکان وەربگرن بۆ تێکدانى ئاسایش و سەقامگیرى کوردستان
بۆیە، زۆر گرنگ و کاریگەرە هەموو هەوڵەکان لە پێناو تەبایی نێوماڵى کوردستانى بێت ، بەتایبەت لە کاتە سەخت و هەستیارەکاندا ، ڕەچاوگرتنى بەرژوەندییە باڵاکانى نەتەوە و نیشتیمان دەبێتە هۆى ئەوەى کوردستان پارێزراو بێت و هەمیشە گەشەسەندن و سەقامگیرى زیاتر بەخۆیەوە ببێنێت ، کاتى ئەوە هاتووە ستراتیژى و ئامانجمان کوردایەتى و خزمەتکردنى گەلى کورد و پارێزگاریکردن بێت لە خاک و نیشتمان ، بۆ ئەوە مەبەستەش زەروورەتە هەموو چین و توێژەکان نەک تەنها هێزولایەنە سیاسییەکان بەتایبەتى گشت میدایاکان هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرى و لەیەکتر تێگەیشتن بێت لە پێناو داهاتوویەکى پڕ هیوا بۆ کوردستان و نەک چاندنى ڕق و کینە و لێکترازان
مێژوویش سەلمێنەرە هەموو وڵاتانى جیهان لەسەر بنەماى گفتوگۆ و ئاشتى گەشەسەندن و پێشکەوتنیان بەدی هێناوە و شەڕو ناکۆکی هەرگیز سەرکەوتن و دەستکەوت بەدەستناهێنێت ،دەخوازێت هەموو کوردێک هەر کەسێکى سادە وە تا سەرکردەکان ، هەنگاوەکانیان بەرەو تەبایی نێوماڵى کوردستان بێت ، چونکە کوردستان بە یەکدەنگى بەهێز دەبێت و پێچەوانەکەشى لاواز دەبێت ، ئایندەى کوردستانیش بەندە بە تەبایی هەموو هێزولایەنە کوردستانییەکان لە سەر بنەماى گفتوگۆ و لۆژیک کە هەوێتى چارەسەرى و سەقامگیریی و پێشکەوتنى و دڵنییایی دەبێت بۆ کوردستان ، چونکە هەمووان کەم و زۆر ئەرک و بەرپرسیاریەتى مێژووییان لەسەر شانە بەتایبەت بەرانبەر ئەم خاک و ئەزموونەى کە بەخوێنى هەزاران شەهید و ماندووبوون و خەباتى پێشمەرگە و دڵسۆزان هاتوونە بەرهەم و کوردستانیش بەتەبایی و یەکهەوڵوێستى بەرەو داهاتوویەکى رووناکتر و گەشەسەندووترە









