ملمڵانێ سیاسییه‌ ناوخۆییه‌كان و ڕه‌نگدانه‌وه‌كانی له‌سه‌ر پێگه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان


ملمڵانێ سیاسییه‌ ناوخۆییه‌كان بریتین له‌ هه‌بوونی ناكوكی و كێشه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌لات و سه‌رچاوه‌كان له‌ نێوان چه‌ندین گروپی سیاسی جیاواز له‌ناو سنووری هه‌مان یه‌كه‌ی سیاسی كه‌ ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر جیاوازن و هیچ یه‌كێكیان ئه‌و ئاماده‌یه‌یان تیایدا نییه‌ نه‌رمی بنوێنێن بۆ لێك نزیكبوونه‌وه‌ و لێكتێگه‌یشتن، كه‌واته‌ جه‌وهه‌ری ملمڵانێی سیاسی ناوخۆیی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لایه‌نه‌كان بیروڕای جیاوازیان هه‌یه‌ له‌ باره‌ی پرسێكی سیاسی دیاریكراو ،ده‌كرێ ملمڵانێ له‌ یه‌ككاتدا كاریگه‌ری ئه‌رێنی و نه‌رێنی هه‌بێت، له‌ مێژووی مڕۆڤایه‌تیدا ئه‌وه‌ سه‌لمێندراوه‌ كه‌ ملمڵانێ زۆر گرنگه‌ بۆ پێشكه‌وتنی كومه‌لگا به‌ مه‌رجێك ئه‌م ملمڵانێی یه‌ ته‌ندروست بێت،له‌به‌رئه‌وه‌ی ملمڵانێ چه‌ندین لایه‌نی ئه‌رێنی تێدایه‌،ملمڵانێ به‌ جه‌وهه‌ری پێشكه‌وتن و نوێبوونه‌وه‌ی كومه‌لگاكان داده‌نرێت،به‌لام ئه‌گه‌ر هاتوو ملمڵانێكان گه‌یشتنه‌ ئاستی لووتكه‌ و به‌ریه‌ككه‌وتنی چه‌كداری و توندوتیژی و خوێن ڕشتنی لێ بكه‌وێته‌وه‌ ئه‌وا ده‌بنه‌ مایه‌ی كاره‌سات و وێرانكاری و دواكه‌وتنی كومه‌لگاكان،كه‌واته‌ ملمڵانێ دوو ره‌هه‌ندی هه‌یه‌،لایه‌نی نه‌رێنی ئاماژه‌یه‌ بۆ تێكدان و ئالۆزكردنی بابه‌ته‌كان و و سه‌پاندنی خواستی لایه‌نێك به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی تردا،لایه‌نی ئه‌رێنی ئاماژه‌یه‌ به‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ وگرفته‌كان و ره‌خساندنی كه‌شێكی ئارام له‌ نێوان لایه‌نه‌كان.
به‌ درێژایی مێژوو یه‌كێك له‌ خاله‌ لاوازه‌كانی كورد بریتی بووه‌ له‌ ناته‌بایی سیاسی و په‌رته‌وازه‌یی سیاسی، له‌ كاته‌ هه‌ستیاره‌كاندا كورد نه‌یتوانیوه‌ له‌ ژێر سیبه‌ری یه‌ك سه‌ركرده‌ی سیاسی كوببنه‌وه‌ و خاوه‌نی یه‌ك تێروانین و بریاری سیاسی بن ،ئه‌م دابه‌شبوونه‌ سیاسییه‌ هه‌میشه‌ بووه‌ته‌ خالی لاوازی كورد و رێگاخوشكه‌ریش بووه‌ بۆ هێزه‌ ده‌ره‌كیه‌كان كه‌ راسته‌وخۆ ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆیی كورد بكه‌ن.


دابه‌شبوونی سیاسیی و ناته‌بایی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا له‌ نێوان هه‌ردوو هێزی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌دیار ده‌كه‌وێت،هه‌میشه‌ ناكوكیه‌ سیاسه‌كانی ئه‌م دوو هێزه‌ سیاسییه‌ له‌سه‌ر چونیه‌تی دابه‌شكردنی پۆسته‌ سیاسیه‌كان و جۆری په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا بووه‌،دیارترین و به‌رچاوترین نمونه‌ی ئه‌م ملمڵانێ سیاسییه‌ی نێوانیان له‌سه‌ر یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كوماری عێراقبوو كه‌ هه‌ردووكیان به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا دژایه‌تی یه‌كتریان ده‌كرد و خاوه‌ن یه‌ك تێروانینی سیاسی و بریاری سیاسی نه‌بوون،ئه‌م دابه‌شبوونه‌یه‌ كاریگه‌ریه‌كی خراپی له‌سه‌ر پێگه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستانی به‌جێهێشتووه‌ و بووه‌ته‌ خالی لاوازی یه‌كگرتووی سیاسی كورد له‌ به‌غداد.

سه‌ره‌تای ناكوكی نێوان هه‌ردوو هێزه‌ سیاسیه‌كه‌ی كوردستان ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ پێش ئه‌نجامدانی هه‌لبژاردنه‌كانی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ هه‌ردوو لایه‌ن تێروانینی سیاسی جیاوازیان له‌سه‌ر یاسای هه‌لبژاردن و بازنه‌ی هه‌لبژاردن و كورسیه‌كانی كۆتا هه‌بوو ،هه‌ر ئه‌م ناكوكیه‌ی نێوانیان وایكرد هه‌لبژاردن له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئه‌نجام نه‌درێت و بۆ دوو ساڵیش دوا بخرێت و ببێته‌ رێگا خۆشكه‌ریش بۆ به‌غدا به‌مه‌به‌ستی به‌دێهێنانی ئامانجه‌ سیاسییه‌كانی خۆی له‌ رێگای دادگای باڵای فیدرالیه‌وه‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌ كارووباری ناوخۆی هه‌رێم بكات ، هه‌ردوو لایه‌ن له‌دوای زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگو له‌باره‌ی یاسای هه‌لبژاردن و شێوازی بازنه‌ی هه‌لبژاردن و كورسییه‌ كوتاكان و دیاریكردنی ماوه‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی هه‌لبژاردن نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ رێككه‌وتنێكی سیاسی،هه‌ر به‌هۆی ئه‌م ناته‌بایی و په‌رته‌وازییه‌ سیاسییه‌ی ناو مالی كورد دادگای باڵای فیدرالی عێراق له‌ سالی 2024 چه‌ندین بریاری گرنگی ده‌ركرد كه‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان به‌جێهێشت،گرنگترین و دیارترین بریاره‌كان بریتی بوون له‌ هه‌لوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و گورانكاری كردن له‌ یاسای هه‌لبژاردن له‌وانه‌ش كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كورسیه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌لوه‌شاندنه‌وه‌ی 11 كورسی كۆتای پێكهاته‌كان و دابه‌شكردنی هه‌رێمی كوردستان بۆ چه‌ند بازنه‌یه‌كی هه‌لبژاردن،ئه‌م ده‌ستێوه‌ردانه‌ی به‌غدا له‌ كاروباری هه‌رێم ناكۆكیه‌ سیاسیه‌كانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌تایبه‌تی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان زیاتركرد،هه‌ر ئه‌م ملمڵانێی و ناكوكی سیاسیه‌ی نێوانیان وایكرد پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان تووشی چه‌قبه‌ستووی سیاسی ببێت و وێنه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رده‌م كومه‌لگای نێوده‌وله‌تی ناشرین بكرێت،به‌ هه‌رحال له‌دوای دوو ساڵ له‌ دواخستنی هه‌لبژاردن به‌هۆی ناكوكیه‌كانی نێوان هه‌ردوو لایه‌ن هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 20ی تشرینی یه‌كه‌می 2024 به‌رێوه‌چوو و قوناغێكی نوێی ملمڵانێ و ناكوكی سیاسی توند له‌ نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێیتی نیشتیمانی كوردستان له‌سه‌ر چونیه‌تی پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌م و دابه‌شكردنی ده‌سه‌لات و ئیداره‌دانی هه‌رێم و ئیداره‌دانی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ده‌ستی پێكرد.
له‌ دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌ فه‌رمیه‌كانی هه‌لبژاردنه‌كانی خۆلی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان چه‌ندین كووبونه‌وه‌ و گفتوگۆ و دانوستاندن له‌سه‌ر ئاستی باڵا له‌ نێوان هه‌ردوو لایه‌ن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی ئه‌نجامدرا،به‌لام تاكو ئێستا به‌هۆی ناكوكیه‌ سیاسیه‌ قوله‌كانی نێوانیان نه‌گه‌یشتوون به‌ هیچ ئه‌نجامێك و ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ پروسه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر درێژه‌ بكێشیت و پرۆسه‌ی پێكهێنانی ئالووزتربێت،هوكاره‌كانی ئالووزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو لایه‌ن له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ جیاوازی تیروانینی سیاسی له‌سه‌ر شێوازی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و هاوبه‌شی سیاسی و ئیداره‌دانی سه‌رچاوه‌ داراییه‌كان و رێكخستنه‌وه‌ی هیزێ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، له‌ كاتێكدا ئه‌م ناكوكیانه‌ی نێوانیان كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر دوخی سیاسی هه‌رێم جێهێشتووه‌ و پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمی تووشی چه‌قبه‌ستوویی كردووه‌ هه‌ردوو لایه‌ن جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامی دان به‌ گفتوگۆ و دانوستاندن ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌وه‌ی جیگای نیگه‌رانی خه‌لكی كوردستانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناكوكیه‌ سیاسییه‌كانی نێوان هه‌ردوو لایه‌ن ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی سنووری هه‌رێمی كوردستان نه‌ماون،به‌لكو له‌ دوای ئه‌نجامدانی هه‌لبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و په‌رله‌مانی عێراق ئه‌م دوو هێزه‌ سیاسیه‌ی كوردستان ناكوكیه‌ سیاسییه‌كانی نێوانیان گواستووته‌وه‌ بۆ ناو دامه‌زراوه‌ سیاسییه‌كانی به‌غدا كه‌ گرنگترین ناكوكیه‌كانی نێوانیان بریتی بوون له‌:
-ناكوكیه‌ سیاسیه‌كانی نێوانیان له‌باره‌ی ئیداره‌دانی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم(كه‌ركوك)
له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق له‌ 18ی 12ی 2023 پارێزگای كه‌ركوك یه‌كێك بوو له‌ ئالۆزترین پارێزگاكان كه‌ زۆرترین مشتومری سیاسی له‌سه‌ری هه‌بوو،چونكه‌ له‌ دوای چه‌ندین ساڵ له‌ حوكمی پارێزگاری سه‌پێندراو یه‌كه‌مجاربوو هه‌لبژاردن تیایدا ئه‌نجام بدرێت،به‌داخه‌وه‌ هێزه‌ سیاسیه‌كانی كورد نه‌یانتوانی به‌ره‌یه‌كی سیاسی یه‌كگرتوو له‌ كه‌ركوك دروست بكه‌ن و ئه‌وه‌بوو به‌ چه‌ندین لیستی جیاواز به‌شداریان له‌ هه‌لبژاردنه‌كان كرد،له‌دوای هه‌لبژاردنه‌كان كه‌ كورد زۆرینه‌ی كورسیه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ به‌ده‌ستی هێنابوو كێشه‌ و ناكوكی له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی وه‌ك دوو هێزی سیاسی كوردی له‌سه‌ر ده‌ستیشانكردنی كه‌سێك بۆ پارێزگاری كه‌ركوك سه‌ریهه‌لدا،له‌ دوای زنجیره‌یه‌ك كوبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی باڵا هه‌ردوو لایه‌ن له‌سه‌ر كاندیدێكی هاوبه‌ش بۆ پارێزگاری كه‌ركوك نه‌گه‌یشتن به‌ هیچ ئه‌نجامێك ئه‌م كێشمه‌كێشه‌ی نێوانیان كاریگه‌ری زۆر نه‌رێنی له‌سه‌ر پێگه‌ی كورد له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی تر هه‌بوو،له‌ راستیدا پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك كیَِشه‌ و ناكوكی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانی توندتر كرد و هه‌ردوو هێزی سیاسی كورد نه‌گه‌یشتن به‌ هیچ رێككه‌وتنێك بۆ ئیداره‌دان و هاوبه‌شی سیاسی له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی تر.
دابه‌شبوونی سیاسی و ناته‌بایی سیاسی نێوان هه‌ردوو لایه‌ن له‌سه‌ر كاندیدێكی هاوبه‌ش بۆ پارێزگاری كه‌ركوك بووه‌ رێگا خوشكه‌ریك بۆ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ده‌ستێوه‌ردان بكه‌ن له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ناكوكیه‌كانی نێوان هه‌ردوو هێزی سیاسی كوردی و تێكدانی هاوسه‌نگی هێز له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی تر،ئه‌م دابه‌شبوونه‌ سیاسیه‌ی كورد له‌ كه‌ركوك وایكرد هه‌ندێك هێزی سیاسی شیعه‌ و سوننه‌ سوود له‌ ناكوكیه‌كانی نێوانیان وه‌ربگرن و كاریگه‌ری خۆیان له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك زیاتر بكه‌ن و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كورد له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی خۆیان به‌كاربهێنێن،به‌داخه‌وه‌ ئه‌م ناكوكیانه‌ی نێوان هه‌ردوو لایه‌نی سیاسی كوردی وایكرد هه‌ر یه‌كێك له‌م هێزانه‌ هه‌ولبده‌ن هاوپه‌یمانی سیاسی له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی تری عێراق پێكبهێنن، ملمڵانێ و ناكوكی ناته‌ندروستی نێوان هه‌ردوو لایه‌ن كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌ی خراپی له‌سه‌ر پێگه‌ی سیاسی كورد له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی تر هه‌بووه‌.
له‌ دوای چه‌ندین و گفتوگو و دانوستاندن له‌ نێوان هه‌ردوو هێزی سیاسی كوردی له‌سه‌ر كاندیدێكی هاوبه‌ش بۆ پارێزگاری كه‌ركوك و ده‌ستێوه‌ردانی هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراق له‌ كاروباری ناوخۆی كورد له‌ ئه‌نجامدا له‌ رێكه‌وتی 10ی 8ی ساڵی 2024 به‌به‌شداری هه‌ر یه‌ك له‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی عه‌ره‌بی و توركمانی له‌ هوتێل ره‌شید له‌ به‌غداد رێكه‌وتنێكی سیاسی له‌سه‌ر ئاینده‌ی سیاسی كه‌ركوك مۆركرا،لایه‌نه‌ به‌شدرابووه‌كان له‌سه‌ر پارێزگاری كه‌ركوك و پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك و دابه‌شكردنی ده‌سه‌لاته‌كان رێككه‌وتن،هه‌ر به‌پێی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ سیاسیه‌ رێبوارته‌ها له‌سه‌ر پشكی یه‌كێتی بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ وه‌كو پارێزگاری كه‌ركوك ده‌ستیشانكرا و پوسته‌ كارگیری و سه‌ربازییه‌كانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان درا، پارتی دیموكراتی كوردستان بایكوتی دانیشتنه‌كه‌ی كرد و ئه‌م هه‌نگاوه‌ی به‌ نایاسایی ناوه‌زه‌ندكرد و ره‌خنه‌ی زۆری له‌م رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌ گرت و رایگه‌یاند نابێت هیچ رێكه‌وتنێكی سیاسی له‌ ژووره‌ تاریكه‌كان ئه‌نجام بدرێت، ئه‌م رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌ی هوتێل ره‌شد كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان به‌جێهێشت و ناكوكیه‌ سیاسیه‌كانی نێوانیان قولتر كرده‌وه‌ و بێ متمانه‌یی نێوان هه‌ردوو لایه‌ن زیاتركرد،هه‌روه‌ها كاریگه‌ری زۆر نه‌رێنی له‌سه‌ر پێگه‌ی سیاسی كورد له‌ كه‌ركوك هه‌بوو، هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ سیاسیه‌دا له‌دوای دوو ساڵ له‌ ده‌ستبه‌كاربوونی رێبوار ته‌ها وه‌ك پارێزگاری كه‌ركوك له‌ مانگی نیسانی 2026 ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌ و محمد سه‌معان سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی عێراق وه‌كو پارێزگاری نوێی كه‌ركوك ده‌ست به‌كاربوو،كه‌واته‌ ملمڵانێ و ناكوكی نێوان هه‌ردوولایه‌ن له‌ باره‌ی یه‌كلایكردنه‌وه‌ی پوستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌شێك بوو له‌و ملمڵانێ و ناكوكیانه‌ی نێوانیاندا له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێم و پوسته‌ فیدرالیه‌كان له‌ به‌غدا،به‌داخه‌وه‌ ئه‌م دابه‌شبوونه‌ سیاسیه‌ی كورد له‌ به‌غدا كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر پێگه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌ و بووه‌ته‌ ئامرازێكیش بۆ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ده‌ستێوه‌ردان له‌ كارووباری ناوخۆی هه‌رێم بكه‌ن و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر بریاری سیاسی كورد هه‌بیت به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم،هه‌روه‌ها ئه‌م ناكوكیانه‌ كاریگه‌ری كوردی وه‌ك لایه‌نێكی به‌هێز له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق كه‌می كردووه‌،چونكه‌ هه‌ر كاتێك هێزه‌ سیاسیه‌كانی كورد به‌تایبه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ هه‌لویستی سیاسی جیاواز چووببنه‌ ناو گفتوگۆ و دانوستاندنه‌ فه‌رمیه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و نوینه‌رایه‌تیكردنی كورد و پوسته‌ فیدرالیه‌كانی كورد له‌ به‌غدا ئه‌وا به‌هۆی ئه‌م ناته‌بایی سیاسییه‌ی نێوانیان هێزی كاریگه‌رییان كه‌متربووه‌.
-پۆستی جێگیری دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق:
له‌ راستیدا ملمڵانێی نیوان هه‌ردوو لایه‌ن له‌سه‌ر پاریزگاری كه‌ركوك ناكوكیه‌كانی نێوانیان گواسته‌وه‌ بۆ پوسته‌ فیدرالیه‌كانی تری به‌غداد،یه‌كێك له‌ ناكوكیه‌ سیاسییه‌كانی تری نێوانیان له‌ باره‌ی پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراقبوو،كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان د.شاخه‌وان عه‌بدوڵڵای وه‌كو به‌ربژیری فه‌رمی خۆی بۆ پۆستی جێگیری دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق ناساند یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هه‌موو هێز و توانا و په‌یوه‌ندییه‌ سیاسیه‌كانی خۆی خسته‌گه‌ر بۆ ئاسته‌نگ دروستكردن بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی پۆستی جێگیری دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستانی ده‌ویست، ئه‌وه‌بوو یه‌كێتی له‌گه‌ڵ هه‌ندێك هێزی تری كوردی له‌ رێگای پالپشتی كردنی رێبوار كه‌ریم كاندیدی لیستی هه‌ڵوێَست كێشه‌ی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دروستكرد له‌ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی پوسته‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی د. شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا،هه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ی یه‌كێتی پارتی دیموكراتی كوردستانی تووشی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ كرد كاتێك هیچ یه‌كێك له‌ كاندیده‌كان نه‌یانتوانی زۆرینه‌ی پێویست به‌ده‌ست بهێنن،له‌ گه‌ری دووه‌مدا به‌هۆی ئه‌م پالپشتیه‌ی یه‌كێتی رێبوار كه‌ریم ده‌نگی زیاتر له‌ د.شاخه‌وان عه‌بدوڵڵای هێنا ئه‌مه‌ش فشارێكی سیاسی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان دروستكرد،هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد پارتی بریاری كشانه‌وه‌ی د.شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا له‌ كێبركێیه‌كه‌ بدات و به‌ ناچاری فه‌رهاد ئه‌ترووشی وه‌ك كاندیدی نوێ بۆ پۆستی جێگیری دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ستنیشان بكات،پارتی به‌و گورانكارییه‌ ده‌یویست پارێزگاری پوسته‌كه‌ی بكات،ئه‌وه‌بوو له‌دوای كێشمه‌كێش و ملمڵانێیه‌كی زۆر فه‌رهاد ئه‌ترووشی توانی زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنیت و ببێته‌ جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق،ئه‌م دابه‌شبوونه‌ سیاسییه‌ی نێوان هیزه‌ سیاسییه‌كانی كورد به‌تایبه‌تی له‌ نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌سه‌ر پۆستی جێگیری دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق ملمڵانێیه‌كانی نێوان هه‌ردوو لایه‌ن له‌سه‌ر پوسته‌ فیدرالیه‌كان له‌ به‌غداد به‌ ته‌واوه‌تی ئاشكراكرد و پێشانی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراقی دا كه‌ كورد یه‌كرێز و یه‌كده‌نگ نین له‌سه‌ر هاوبه‌شی سیاسی و دابه‌شكردنی پوسته‌ فیدرالیه‌كانی كورد له‌ به‌غدا، هه‌ر له‌دوای پرۆسه‌ی هه‌لبژاردنی جێگیری دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق دابه‌شكردنی پوسته‌ فیدرالیه‌كانی تری كورد له‌ به‌غداد بووه‌ بابه‌تی سه‌ره‌كی ملمڵانێ و ناكوكی نێوان هه‌ردوو لایه‌ن،ئه‌م تێروانینه‌ جیاوازییه‌ی نێوان هه‌ردوولایه‌ن له‌سه‌ر یه‌كلایكردنه‌وه‌ی پوسته‌ فیدرالیه‌كان رێگای خۆشكرد بۆ هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراق ده‌ستێوه‌ردان له‌ كارووباری ناوخۆی كورد وه‌ربده‌ن و به‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌وان ده‌یه‌وێت پوسته‌كان له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌.
پرسی هه‌لبژاردنی سه‌رۆك كوماری عێراق:
به‌دیاریكراوی له‌دوای هه‌لبژاردنه‌كانی خولی چواره‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ساڵی 2018 و خولی پێنجه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سالی 2021 پۆستی سه‌رۆك كوماری عێراق هه‌میشه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ خاڵه‌ ناكوكیه‌ سیاسییه‌كانی نێوان هه‌ردوو هێزی سیاسی كوردی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ دوای هه‌لبژاردنه‌كانی خولی چواره‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سالی 2018 بۆ یه‌كه‌مجار به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی و ئاشكرا له‌ نێوان هه‌ردوولایه‌ن كێبركیه‌كی توند له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆك كوماری عێراق سه‌ری هه‌لدا،هه‌ردوو لایه‌ن نه‌یانتوانی له‌سه‌ر كاندیدێكی هاوبه‌ش ریك بكه‌ون ئه‌وه‌بوو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان د.به‌رهه‌م سالحی كاندید كرد و پارتی دیموكراتی كوردستانیش د.فوئاد حوسێن وه‌كو كاندیدی خۆی ناساند،له‌دوای زنجیره‌یه‌ك كوبوونه‌وه‌ و نه‌گه‌یشتن به‌ هیچ رێككه‌وتنێكی سیاسی هه‌ردوولایه‌ن هه‌ولیان ده‌دا هاوپه‌یمانانی خۆیان له‌ناو هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق زیاد بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی پێویست له‌ ناو په‌رله‌مان بۆ كاندیدی خۆیان به‌ده‌ست بهێنن،سه‌ره‌نجام له‌ دوای ركابه‌ریه‌كی توند د.به‌رهه‌م سالح له‌سه‌ر پشكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ كۆی 329 ده‌نگ توانی 219 ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنێت ببێته‌ سه‌رۆك كوماری عێراق،ئه‌م كێبركێیه‌ی نێوان هه‌ردوولایه‌ن بووه‌ هۆی زیادبوونی ناته‌بایی سیاسی و قولبوونه‌وه‌ی ناكوكی سیاسی و ئالوزبوونی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی نێوانیان،به‌داخه‌وه‌ ئه‌م كێبركێیه‌ی نێوان هه‌ردوو هێزی سیاسی كوردی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كومار بووه‌ هۆی دابه‌شبوونی سیاسی كورد و لاوازبوونی پێگه‌ی سیاسی كورد له‌ به‌غداد،هه‌روه‌ها له‌دوای هه‌لبژاردنه‌كانی خولی پێنجه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سالی 2021 دووباره‌ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی پوستی سه‌رۆك كومار ناكوكیه‌ سیاسییه‌كانی نێوانینان قولتركرده‌وه‌ كاتێك هه‌ردوو لایه‌ن له‌ دوای چه‌ندین كووبونه‌وه‌ و گفتوگو به‌ دوو كاندیدی جیاواز به‌شدارییان له‌ پرۆسه‌كه‌ كرد،یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان سه‌ره‌تا پشتگیری له‌ د.به‌رهه‌م ساڵح كرد و پارتی دیموكراتی كوردستانیش هوشیار زیباری وه‌كو كاندیدی فه‌رمی خۆی ناساند،له‌ دوای روودانی چه‌ندین گورانكاری سیاسی له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و ده‌ستێوه‌ردانی دادگای فیدرالی له‌ پرسه‌كه‌ گرفته‌كه‌ ئالۆزتر بوو، هه‌ردوو هێزی سیاسی كورد به‌هۆی ئه‌م ناته‌بایه‌ و په‌رته‌وازییه‌ سیاسییه‌ی نێوانیان چوونه‌ ناو دوو هاوپه‌یمانی جیاواز بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق و یه‌كلایكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كومار،پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ل هه‌ر یه‌ك له‌ ڕه‌وتی موقته‌دا صدر و محمد حلبوسی هاوپه‌یمانێكی سیاسی پێكهێنا كه‌له‌ مێژووی سیاسی عێراق به‌ هاوپه‌یمانی سێقۆڵی ناسراوه‌،یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیش له‌گه‌ل چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هێزه‌ شیعه‌كان هاوپه‌یمانی سیاسی پێكهێنا، ناكوكیه‌كانی نێوان ره‌وتی صدر و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و بریاری كشانه‌وه‌ی موقته‌دا صدر له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق بووه‌ هۆی گورانی هاوكێشه‌ی سیاسی له‌ به‌غداد،جگه‌له‌مه‌ دادگای باڵای فیدرالی هه‌ندێك بریاری ده‌ركرد كه‌ كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و یه‌كلایكردنه‌وه‌ی پرسی سه‌رۆك كومار به‌جێهێشت به‌تایبه‌تی ره‌تكردنه‌وه‌ی كاندیدبوونی هوشیار زێباری وه‌كو به‌ربژێری فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پوستی سه‌رۆك كومار،له‌ دوای سالێك له‌ ملمڵانێ نێوان هێزه‌ شیعه‌كان چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و ره‌وتی سه‌در و ململانێ نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆك كومار پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت و هه‌لبژاردنی سه‌رۆك كومار ئالۆزی سیاسی تێكه‌وت، هه‌ر له‌ دوای ره‌تكردنه‌وه‌ی هوشیار زێباری و تێبینیه‌كانی پارتی له‌سه‌ر خۆدی د.به‌رهه‌م ساڵح هه‌ردوو هێزی سیاسی كوردی به‌ دوو كاندیدی نوێ به‌شدارییان له‌ پرۆسه‌كه‌ كرد،پارتی دیموكراتی كوردستان رێبه‌ر أحمد وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو به‌ربژێری خۆی ناساند،یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیش له‌ دوا ساته‌كاندا پشتگێری له‌ د.له‌تیف ره‌شید كرد ، له‌ دوای زنجیره‌یه‌ك كوبوونه‌وه‌ و گفتوگو و نه‌گه‌یشتن به‌ هیچ رێككه‌وتنێكی سیاسی هه‌ردوو لایه‌ن له‌ په‌رله‌مانی عێراق هه‌ولیانده‌دا ژماره‌ی هاوپه‌یمانی سیاسی خۆیان زیاد بكه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی پێویست بۆ به‌ربژێره‌كانیان،سه‌ره‌نجام د.له‌تیف ره‌شید به‌ پشتگێری یه‌كێتی و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی توانی له‌و ملمڵانیه‌دا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت و زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنێت و به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ببێته‌ سه‌رۆك كوماری عێراق.
له‌دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی عێراق 2025 جارێكی تر به‌هۆی ناته‌بایی و په‌رته‌وازه‌یی سیاسی نێوان هه‌ردوو هێزی سیاسی كوردی له‌باره‌ی یه‌كلایكردنه‌وه‌ی پرسی سه‌رۆك كۆمار په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی نێوانیان ئالۆزی تێكه‌وت و ناكوكیه‌ سیاسییه‌كانی نێوانیان قۆلتر بووه‌، له‌دوای زنجیره‌یه‌ك كوبوونه‌وه‌ و گفتوگو و دانوستاندن هه‌ردوو لایه‌ن نه‌گه‌یشتن به‌ هیچ رێكه‌وتنێكی سیاسی له‌ باره‌ی هاوبه‌شی سیاسی له‌ دامه‌زراوه‌كانی به‌غدا و به‌ربژێره‌كی هاوبه‌ش بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، دواجار هه‌ر یه‌ك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان نزار ئامێدی و د.فوئاد حوسێن وه‌كو به‌ربژێری خۆیان بۆ سه‌رۆك كۆمار ناساند،له‌ دوای ملمڵانێ و ناكوكی سیاسی توندی نێوان هه‌ردوو هێزی سیاسی كوردی له‌ ناو په‌رله‌مانی عێراق نزار ئامێدی له‌سه‌ر پشكی یه‌كێتی وه‌ك سه‌رۆك كوماری عێراق هه‌ڵبژێردرا،ئه‌م ناكوكیانه‌ی نێوان هه‌ردوو لایه‌ن وایكرد كورد به‌ دوو هه‌لویستی جیاواز ده‌ركه‌ون و هێزه‌ سیاسیه‌كانی عێراق ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆی كورد بكه‌ن و ناته‌بایی سیاسی و په‌رته‌وازه‌یی سیاسی ناو مالی كورد زیاتر بكه‌ن.
له‌ دوای خستنه‌رووی ملمڵانێ و ناكوكیه‌ سیاسییه‌كانی نێوان هه‌ردوو هێزی سیاسی كوردی له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار له‌دوای ساڵی 2018 كاریگه‌ری و ره‌نگدانه‌وه‌كانی له‌سه‌ر پێگه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ كه‌ ئه‌م ناكوكیانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نه‌رێنی كاریگه‌ری له‌سه‌ر یه‌كرێزی و یه‌كگرتوویی سیاسی كورد له‌ به‌غداد به‌جێهێشتووه‌،له‌كاتێكدا هێزه‌ شیعه‌ و سوننه‌كان سه‌ره‌رای ناكوكییه‌ قۆله‌كانی نێوانیان به‌ یه‌ك تیم كارده‌كه‌ن بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان،به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م ناكوكیانه‌ی نێوان هه‌ردوو لایه‌ن چه‌ند كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی له‌سه‌ر پێگه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌ له‌وانه‌ش:
-كارانه‌كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و دواخستنی پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:
ئه‌م ناكوكیانه‌ی نێوان هه‌ردوو هێزی سیاسی كوردی كاریگه‌رییه‌كی خراپی له‌سه‌ر گفتوگو و دانوستاندنه‌كانی نێوانیان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان،ئه‌م دابه‌شبوونه‌ ناوخۆییه‌ی نێوانیان گرژی و ئالۆزی سیاسی زۆری تێكه‌وتووه‌،هه‌ر ئه‌م گرژی سیاسییه‌ی نێوانیان په‌یوه‌ندییه‌ سیاسیه‌كانی نێوان هه‌ردوو لایه‌ن ئالۆزتركردووه‌ و وایكردووه‌ تاكو ئێستا په‌رله‌مان كارا نه‌كرێته‌وه‌ و پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاتێكی نادیار دوابخرێت.
-لاوازی یه‌كگرتوویی كورد له‌ به‌غدا: مێژووی سیاسی كورد ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ كورد به‌ یه‌كرێزی و ته‌بایی سیلسی ده‌توانن بگه‌ن به‌ ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆیان،ئه‌م ناكوكیه‌ سیاسیانه‌ی نێوان هه‌ردوو لایه‌ن وایكردووه‌ كورد به‌ دوو هه‌لویستی جیاواز له‌ به‌غداد ده‌ركه‌ون،ئه‌مه‌ش كاریگه‌رییه‌كی خراپی له‌سه‌ر یه‌كرێزی و ته‌بایی سیاسی و یه‌كگرتوویی كورد هه‌بووه‌ و زیانی به‌ پێگه‌ی سیاسی كورد گه‌یاندووه‌ ،هه‌ر ئه‌م ناكوكیانه‌ی نێوانیان وایكردووه‌ كورد هێزی دانوستاندن و فشاركردن له‌ به‌غداد له‌ ده‌ست بدات و به‌غداش به‌ دڵی خۆی مامه‌له‌ له‌گه‌ل هه‌رێمی كوردستان بكات به‌تایبه‌تی له‌مه‌سه‌له‌ی ناردنی بودجه‌ و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان،كه‌واته‌ ئه‌م ناكوكیه‌ سیاسیانه‌ی نێوان هه‌ردوو هێزی سیاسی كوردی كاریگه‌ری نه‌رینی له‌سه‌ر مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌ و زیانی گه‌وره‌ی په‌ پێگه‌ی سیاسی كورد له‌ به‌غداد داوه‌.
-ده‌ستێوه‌ردانی هێزه‌ سیاسیه‌كانی عێراق له‌ كاروباری ناوخۆیی كورد: به‌دیاركه‌وتنی كورد به‌ دوو هه‌لویستی سیاسی جیاواز له‌ به‌غداد ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌ی بۆ هێزه‌ سیاسیییه‌كانی عێراق ره‌خساند بۆ ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆی كورد،هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق هه‌موو رێگا و شێوازێكیان به‌كارهێناوه‌ بۆ لاوازكردنی كورد و لێك جوداكردنی كورد و زیاتركردنی جیاوازیه‌كانی نێوانیان،ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه‌ ئه‌وه‌یه‌ توانیویانه‌ ئه‌م جیاوازییه‌ سیاسییه‌ی نێوان هه‌ردوو هێزی سیاسی كوردی بۆ مه‌به‌سته‌ ژه‌هراوییه‌كانی خویان به‌كاربهێنێن،ئه‌م دابه‌شبوونه‌ سیاسیه‌ی كورد وای له‌ هێزه‌ شیعه‌ و سوننه‌كان كرد سوود له‌ ناكوكی و ململانیه‌كانی نێوانیان وه‌ربگرن و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كورد بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی خۆیان به‌كاربهێنن و رۆلێكی گه‌وره‌ش ببینن له‌ دیاریكردنی سه‌رۆك كۆمار كه‌ پشكی كورده‌.
-ناشرینكردنی وێنه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ كومه‌لگای نێوده‌وله‌تیدا:ئه‌م ناكوكیه‌ سیاسیانه‌ی نێوان هه‌ردوو هێزی سیاسی كوردی كاریگه‌رییه‌كی خراپی له‌سه‌ر وێنه‌ و پێگه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان به‌جێهێشتووه‌،هه‌ر ئه‌م دابه‌شبونه‌ ناوخۆییه‌ وایكردوه‌ هاوپه‌یمانانی هه‌رێم هه‌میشه‌ داوای یه‌كرێزی و ته‌بایی سیاسی له‌ كورد بكه‌ن بۆ پاراستنی سه‌قامگیری سیاسی هه‌رێمی كوردستان،به‌داخه‌وه‌ كارانه‌كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و دواخستنی پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دابه‌شبوونی سیاسی كورد له‌ به‌غداد متمانه‌ی كومه‌لگای نێوده‌وله‌تی به‌ هه‌رێم كه‌مكردووته‌وه‌،ئه‌م ناكوكیانه‌ی نێوانیان وێنه‌ی هه‌رێمی كوردستانی له‌كومه‌لگای نێوده‌له‌وتیدا به‌ هه‌رێمیكی دابه‌شبوو و به‌رده‌وام پڕ له‌ ملمڵانێ ناوخۆیی پێشان داوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریه‌كی به‌رچاوی له‌سه‌ر ئاینده‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌.